هێلین تۆفیق 26/01/2026 1692 جار خوێنراوەتەوە

ونبووني جوانیی سروشتیی گۆڕانی جوانییەکان بۆ کاڵایەکی هاوشێوە و دوبارە لەسەردەمی سۆشیاڵ میدیادا؟

لە سەرەتای مێژووەوە، جوانی وەک چەمکێکی پیرۆز و دەگمەن سەیر کراوە؛ سیحرێک کە لە جیاوازییەکانی مرۆڤدا خۆی دەبینییەوە. بەڵام لە ژێر سێبەری قورسی "سەردەمی سۆشیاڵ میدیا"دا، مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی جۆرە سڕینەوەیەکی ناسنامەیی بووەتەوە کە دەکرێت ناوی بنێین "جینۆسایدی جیاوازییەکان".

ئەمڕۆ جوانی چیتر گوزارشت نییە لەو تیشکە ناوەکییەی کە لە ڕوخساردا دەدرێتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پڕۆسەیەکی ئەندازیاریی سارد. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە تێیدا "ڕەسەنایەتی" بووەتە عەیبە و "کۆپیکردن" بووەتە پێوەر.

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن "پۆشاکە دیجیتاڵییەکان" و تەکنەلۆژیا، مرۆڤیان لە بوونەوەرێکی ناوازەوە گۆڕی بۆ کاڵایەکی "ستانداردکراو" کە وەک پارچە یەدەگی ئۆتۆمبێل، لە هەموو شوێنێک بە یەک شێوە بەرهەم دەهێنرێتەوە.

‎ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەی کە لە ڕێگەی "ڕووپۆشە زیرەکەکان" و بەرنامەکانی دەستکاریی وێنەوە هاتووە، وایکردووە تێگەیشتنی ئێمە بۆ "ڕاستی" تێکبچێت. کاتێک مرۆڤەکان لە پشتی شاشەکانەوە دەستکاریی پێکهاتەی دەموچاوی خۆیان دەکەن، ئەوان تەنها وێنەیەک چاک ناکەن، بەڵکو بە نائاگایی خەریکی کوشتنی ئەو تایبەتمەندییانەن کە وەک مرۆڤ پێیان دەناسرێنەوە.

جاران دەکرا لە ڕێگەی سیمای دەموچاوەوە بزانیت ئەم کەسە خەڵکی کام ناوچەی جیهانە (ڕۆژهەڵاتی، ئەوروپی، ئەفریقی)، بەڵام ئەمڕۆ "جوانییە پیشەسازییەکە" هەموو ئەو سنوورانەی سڕیوەتەوە.

هەمووان خاوەنی هەمان لووتی کورتکراوە، هەمان چاوی ڕاکێشراو و هەمان ڕوومەتی دیاریکراون. ئەمە پێی دەوترێت "سیمای جیهانی"، کە تێیدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان کچێکی تاران، پاریس، یان
‎هەولێردا نامێنێت.

ئەگەر سەیری ملیۆنان وێنە بکەیت لە سۆشیاڵ میدیادا، دەبینیت مرۆڤەکان وەک ئەوەی لە مەشقێکی سەربازیدا بن، بە هەمان گۆشە و هەمان شێوازی دەربڕینی دەموچاو وێنە دەگرن.

ئەمە "کوشتنی ساتی خۆرسکە"؛ جوانییەکە لە "هەست"ەوە گۆڕاوە بۆ "پۆزێکی ئەندازەیی".

‎* بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی نەشتەرگەریی جوانکاری لە ساڵی 2024، ڕێژەی نەشتەرگەرییەکانی دەموچاو لە ناو گەنجانی خوار تەمەن 25 ساڵ بە ڕێژەی 30% زیادی کردووە، ئەمەش تەنها بە مەبەستی گەیشتن بەو وێنە دیجیتاڵییانەی کە لە سۆشیاڵ میدیادا دەیبینن.

‎ ئاماژە بەوە دەدەن کە80%ی کچان لە تەمەنی 17 ساڵیدا هەست بە شەرمەزاری دەکەن بەرامبەر جەستەی سروشتی خۆیان، دوای ئەوەی ڕۆژانە تەنها 30 خولەک سەیری وێنەی مۆدێلەکانی ئینستاگرام دەکەن.

‎بۆنموونە مرۆڤەکان دەچنە دوورترین شوێنەکانی جیهان، نەک بۆ  ئەوەی چێژ لە سروشت وەربگرن، بەڵکو بۆ ئەوەی وێنەیەکی "هاوشێوەی" ئەو وێنەیە بگرن کە لە سۆشیاڵ میدیادا بینراوە. ئەمە وایکردووە سروشت و مێژوو ببنە تەنها "پاشبنەمایەک" بۆ نمایشکردنی ئەو دەموچاوە دەستکردانە.

‎جوانیی سروشتی وەک پەنجەمۆر وایە؛ تەنها یەک دانەی لێ هەیە. کاتێک ئێمە پەنا دەبەینە بەر "کۆپیکردنی" سیمای کەسانی تر یان بەکارهێنانی "پۆشاکە تەکنەلۆژییەکان"، لە ڕاستیدا ئێمە خەریکی خۆکوشتنی مەعنەوین. جوانیی ڕاستەقینە لەو نیشانەی تەمەنەدایە کە لەسەر دەموچاو دەردەکەوێت، لەو لووتە دایە کە ڕەنگە کەمێک خوار بێت بەڵام ناسنامەی خێزانەکەتی پێوەیە، لەو پێکەنینە دایە کە ڕەنگە ددانەکانت تێیدا ڕێک نەبن بەڵام پڕە لە ژیان.

‎لە جیهانێکدا کە هەمووان خەریکی "بەرهەمهێنانی وێنەن"، با ئێمە خەریکی "ژیان" بین. با ڕێگە نەدەین سۆشیاڵ میدیا و کۆمپانیاکانی جوانکاری پێمان بڵێن جوانی چییە. ڕەسەنایەتی گەورەترین یاخیبوونە لەم سەردەمەدا. کاتێک دەوێریت "خۆت بیت" بە هەموو ناتەواوییەکانتەوە، تۆ لە هەموو ئەو مۆدێلە "کۆپییانە" جوانترت کە شاشەکان پڕیان کردووەتەوە.

چونکە لە کۆتاییدا، جوانییەک کە لە کارگەدا دروست بکرێت، تەمەنی کورتە، بەڵام جوانییەک کە لە ڕەسەنایەتییەوە سەرچاوە بگرێت، هەمیشەییە.

‎لە كۆتایدا دەتوانین بڵێین سۆشیاڵ میدیا  ، توانیویەتی جوانی سروشتی بكوژێت . كاتێك كە هەموو مرۆڤەكان دەبنە كۆپیەكی  یەكتر جوانی مانا  ڕاستەقینەكەی خۆی لە دەست دەدات.

‎پێویستە مرۆڤی لەم سەردەمە لەوە تێبگات کە ئەو وێنانەی لە شاشەکاندا دەیبینێت، تەنها پڕۆژەیەکی بازرگانی و تەکنیکییە. بۆ ڕزگاربوون لەم زیندانی هاوشێوەبوونە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ قبوڵکردنی خۆمان وەک ئەوەی هەین. جوانیی ڕاستەقینە لەو نیشانە سروشتییانەدایە کە مێژووی ژیانمانن، نەک لەو فلتەرانەی کە دەموچاومان دەکەنە کاڵایەکی دوبارە و بێ ڕۆح. وەک چۆن هارۆڵد لاسویل هۆشداری دا لەوەی میدیا دەتوانێت مێشک داگیر بکات، ئەرکی ئێمەیە کە بەرگری لە مێشک و ڕەسەنایەتیی خۆمان بکەین.

* خوێندكاری بەشی ڕاگەیاندن ~ زانكۆی هەڵەبجە

سەرەکی