خالید قادر
26/01/2026
634 جار خوێنراوەتەوە
با شکۆی خۆپێشاندانەکان بە وێنەی دەستکرد نەشێوێنین
خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی سەرجەم شارەکانی باشووری کوردستان، هێندە قەرەباڵغ و پڕ لە جۆش و خرۆشن، کە وەک سەروەری و شانازییەکی گەورە لە مێژووی گەلەکەماندا دەمێننەوە. ئەم ئاپۆرا جەماوەرییانە، وێنای یەکێتیی نەتەوەیی گەلەکەمان و یەکجەستەیی نیشتمانەکەمان دەکات، کە پێویستی بە هیچ مۆنتاژ و زیادەڕەوییەک نییە.
بەڵام بەداخەوە، بڵاوکردنەوەی هەندێک وێنەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زیانێکی گەورە بە ڕەسەنایەتیی ئەم خەباتە دەگەیەنێت.
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بەهای ئەو ماندووبوونە ڕاستەقینەیەی خەڵک کەم دەکاتەوە و زیانێکی گەورە بەو یەکدەنگییە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی گومان لە ڕاستی و دروستیی تەواوی دیمەنەکان بکرێت، چونکە تەنانەت سادەترین کەس و فۆتۆگرافەریش دەتوانن تێبینیی دەستکردبوونی ئەو وێنانە بکەن.
کاتێک وێنەی ناڕاست بڵاو دەبێتەوە، دەرفەت دەدرێتە دوژمنان کە گەورەیی ئەو خۆپێشاندانانە بە ساختە و هەڵبەستراو ناو ببەن، هەروەها میدیا جیهانییەکان گومان لە ڕاستی و قەبارەی ڕاستەقینەی خۆپێشاندانەکان دەکەن.
ئەو دیمەنە ڕاستەقینانەی کە لەناو مەیدان و شەقامەکانەوە دەگیرێن، هێندە بەهێز و کاریگەرن کە دڵی دوژمنانی گەلەکەمانی تەقاندووە و پێویستیان بە هیچ دەستکارییەکی تەکنیکی نییە.
تکایە با هەموومان تەنیا وێنە و ڤیدیۆ ڕاستەقینەکان بڵاو بکەینەوە و ڕێگە نەدەین تەکنەلۆژیا شکۆی ئەم مێژووە بشێوێنێت، تاوەکو ڕاستی و سادەیی ئەم دەنگە ناڕەزایەتییە وەک شانازییەکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە.
|