د: پشتیوان فەرەج
30/01/2026
95 جار خوێنراوەتەوە
ئایا هەسەدە کەوت, خۆی گونجاند يان هەڵدەستێتەوە؟
کورد بە تەنها دەجەنگن جیهان پشتی لێ کردن, پڕۆژەکەی کورد دژی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان بوو بۆیە گەلەکۆمەکی لێکرا. بەلام هێشتا لەسەر پێ ی خۆی وەستاوە.
پڕۆژە و ئەزمونەکەی کورد سەرکەوتوو بوو بەڵام لەسوریا هەتا ئێستا تەنها خاڵە لاوازەکانى بۆمان خستۆتە ڕوو.
هێزەکانی سوریا دیموکرات شکستیان نەهێنا لەبەرئەوەی لاواز بوون, بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان ڕاستگۆبوون لە گەڵ خۆیان بەڵام ئەوە سیستەمەکەی جیهان و دەوڵەتسەنتەری بوو کە ڕاستگۆنەبوون شکستیان هێنا. کوردەکان سەقامگیری و ئاسایشیان دابینکرد لەشوێنێک نە ئاسایش نە سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە. ئەوان مەترسیدارترین دەوڵەتی جیهادی سەدەی ٢١ یان تێکشکاند. ئەوان پاسەوانی زیندانی سەدان هەزار شەڕکەری جیهادیان کرد.ئەوان بە ملیۆنان خەڵکیان بەڕێوەدەبرد و بەسەرچاوەیەکی زۆر کەمەوە حکومڕانیەکی سەرکەوتویان نیشانی جیهان دا. ئەمە شکست نیە ئەمە نمایشێک و پەیامێک بوو بۆ جیهان کە سەرەڕای بەجێهێشتنیان ئەوان دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن.
ئەوەى لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا شکستی هێنا شەرعیەتی کورد نەبوو بەڵکو ئەو وەهمە بوو کە سەرکەوتن لەبواری جەنگ و سەربازیدا بەتەنها بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە سەرکەوتن و دەستکەوتی سیاسی. داتاکان زۆر دڵڕەقانەن: گروپە نادەوڵەتیەکان یان بکەرە نادەوڵەتیەکان تەنها ئەو کاتە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن کە پاترۆنەکانیان یان خاوەنەکانیان ئامادە بن ڕووبەڕووی دەوڵەت و حکومەتى ئەو وڵاتە ببنەوە کە تیایدا دەجەنگن. بەڵام بەداخەوە پاترۆنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادە نەبوو ئەوەیان بۆ بکات. ئەمریکا کوردی وەک کەرەستەیەک بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی داعش و دواتر گەڕایەوە سەرهەڵوێستی هەمیشەیی خۆی, بەڕێوەبردنی شەڕو ململانێ نەوەک خاوەندارێتی کردن و دۆزینەوەی چارەسەر.
سەڕەڕای ئەمەش هێشتا ئەمە مانای ئەوە نیە پڕۆژەکەی کورد سەری نەگرتوە بەڵکو تەنها خاڵە لاوازەکانی بۆمان خستە ڕوو.
دیمەشق وەک دەوڵەت ڕەفتاری کرد. حکومەتى کاتی ئێستای سوریا پێویستی بەوە نەبوو تۆڵەبکاتەوە یان ئایدۆلۆژیانە ڕەفتار بکات. ئەو تەنها چاوەڕێ ی کرد. ئەو دەوڵەت و حکومەتە مەرکەزیانەی کە لەدوای جەنگی ناوخۆ دێنە ئاراوە هەمیشە هەوڵدەدەن دەسەڵاتی مەرکەزی خۆیان بسەپێنن ئەو کاتەی کە فشارە دەرەکیەکانیان لەسەر نامێنێ. ئەدەبیاتی زانستە سیاسیەکانی تایبەت بە دوبارە سەپاندنەوەى دەسەڵاتی مەرکەز لە قۆناغی دوای جەنگدا هەمیشە و دوبارە ئەم نەمتەمان بۆ نیشان دەدات. هەر لە سریلانکاوە تا چێچنیا و سوریاش کاری بەم هاوکێشەیە کرد. ئەمە واقیعێکە دەبێت شیکاری بۆ بکەین بەجۆرێک خۆمان لە لایەنگیری کردن دووربخەینەوە.
ئەوەی گرنگە ئەزمونەکەی کورد سەری گرت و سەرکەوتوو بوو. لەژێر ئیدارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات خەلافەتی و ئەفسانەى دەوڵەتی ئیسلامی بۆ هەتایە لە گۆڕنرا و تێکشکا. بەشداری ژنان لە حکومڕانیدا لە هەرێمەکەدا بەرزبوویەوە. دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی زیاتر بوو بەبەراورد بە ناوچەکانی دەوڵەتی مەرکەزی سوریا کە پشتگیری و هاوکاری وڵاتانی دەرەکی و هەرێمایەتی هەبوو, پڕۆژەکەی کورد بوون سەڕەڕای ئەم سەرچاوە کەمانەی کە هەیان بوو سەرکەوتووتر بوو. ئەمانە دەستکەوتی مەزنن تەنها دروشم نین. هێزەکانی سوریای دیموکرات سەلماندیان کە دەسەڵاتێکی خۆسەری نا-ئیسلامی پشت ئەستوور بە حکومڕانی و ئاسایشی ناوخۆ دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکەوتوو بێت. هەرلەبەر ئەمە بوو ئەم پڕۆژەیەی کورد لەلایەن هەموو دەسەڵاتە ئۆتۆکراتەکانی وڵاتانی ناوچەکەوە گەلەکۆمەکی لێکراو و هەوڵی لەناوبردنیان دا چونکە مایەی هەڕەشەو لەناوچوونی دەسەڵاتە ئۆتۆکراتەکان بوو.
ئەمەش تەنها چیرۆکی سوریا نیە.
لەهەرێمەکەدا کورد بەهەماش شێوە دژایەتی ڕژێمی ئایەتوڵاکان دەکەن. بەبێ پشتگیری دەرەکی و بەبێ هێزی ئاسمانی و بەبێ پاترۆن و لەبارودۆخێکی زۆر سەختتر لە سوریادا ئەوان خەبات بۆ مانەوە دەکەن. بەبەردەوامی ناوچە کوردیەکانی ئێران ناوەندى خۆپیشاندانەکان و ناڕةزایەتی دەربڕین و بەڕەنگاربونەوەى سەربازین بەتایبەتی لەدوای ساڵێ ٢٠٢٢ ەوە. بەپێ ی داتاکان قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بەبەردەوامی زیاتر لە هەرێمە کوردیەکاندا بوون بەبەراورد بەناوچەکانی دیکەی ئێران.
بەهەمان شێوەی هێزەکانی هەسەدە, کورد لە ئێران شەرعیەتی ناوخۆییان هەیە و دیسیپلین و ڕێکخراون و لەڕووی ئایدۆلۆژیەوە میانڕەون. بەڵام بەهەمان شێوەی هەسەدە وەها مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە ئەوان دیسپۆسەبڵن. واتە بۆ یەکجار و بۆ یەک مەبەست بەکاردێن و ئیتر پشتیان بەردەدرێت.
سەرەداوەکان ڕوونن, بزوتنەوە کوردیەکان تا ئەو کاتە پشتگیری دەکرێن کە بۆ لەناوبردنی جیهادیەکان و نەیارانی زلهێزەکان بەکاریان دێنن و بەسودن, هەر ئەو چرکە ساتەی کە داوای سەربەخۆیی و مافی سیاسی دەکەن ئیتر پشتیان لێ دەکرێت.
بەداخەوە ئەمەیە شکستی ئەخلاقی ڕۆژئاوا و ئەوروپا و ئەمریکا. ئەمە خیانەت نیە بەڵکو ترسنۆکی ستراتیژیە و لەبەرگی سیاسەتی حەکیمانەدا پێمان دەفرۆشن.
بەداخەوە واشنتۆن و ئەوروپا ئەوە چەندەهەمین جارە ئەوە ڕەت دەکەنەوە کورد ئەجێنسی سیاسی هەبێت. هەڵوێستی ئەوروپا و ئەمریکا هەمیشە لەبەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە بووە و ئەو وانەیەمان پێ دەڵێت کە ئەگەر تۆزێک سەبر و تەحەمول بکەن ئەوا ئەوروپا و ئەمریکا هەمیشە پشتی کورد بەردەدا و بەتەنها جێیان دەهێڵێت لەپێناو مانەوەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە.
بەڵام گەلی کورد هەر دەمێننەوە لەبەر یەک هۆکار ئەویش ئەوەیە کە کورد ناسنامیەکی پرۆکسی نیە و پیاوی کەس نیە و کەس خاوەندارێتیان لێ ناکات. کورد گەلێکە بێ دەوڵەتە و هەر دەمێننەوە سەرەڕای ئەو ڕاستیە تاڵەی کە لە جیهانێکدا دەژین کە تەنها دەوڵەت سەنتەرە.
هەسەدە نەکەوت, بەڵکو خۆی گونجاند, دانوستانی کرد, توانی پێکهاتە سەرەکیەکانی خۆی بپارێزێت لەژێر فشاری جیهانی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا هەر مایەوە. کورد لە ئێرانیش هەر بەرخودان دەکەن سەرەڕای ئەوەی کە ڕژێمی ئێران ناڕەزایەتیەکان سەرکوت دەکات وەک سیاسەتی خۆی. ئەم بزوتنەوە کوردیانە نامرن. بەڵکو پڕۆژەیەکن بەتەواونەکراوەی دەمێننەوە.
یاریە جیۆپۆلەتیکیەکان تاڵن بەڵام ڕوونن. سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەتەدی بە پشتگوێخستنی خەباتی سیاسەتی کورد و ئیهمالکردنی پرسی کورد. سەقامگیری ئەو کاتە بەدی دێت کە گارەنتی و زەمانەتى ستراتیژی بدرێت بە کورد نەوەک تەنها وەک شەڕکەڕ بەکاریان بهێنن بۆ ئەجێندای تایبەت.
هەتا ئەو کاتەی دان بە مافە سیاسیەکانی کورددا نەنرێت کورد هەر بەردەوام دەبن لە پیشەکەی ڕابردویان- شەڕکردن بەتەنها, حکومڕانی خۆسەری و مۆدێڵی باشتر زۆر باشتر لە وڵاتانی ناوچەکە, باجێکی گەورەش لەپێناو یاریەکانی دیکەی زلهێزەکان.
ئەم بابەتەم لە دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی ئیسرایلیەوە وەڕگێڕاوە بۆ کوردی
|