خالید قادر
01/02/2026
60 جار خوێنراوەتەوە
راسیزم یان گەوجاندن، چۆن تەماشای بەکرێگیراوەکان بکەین؟
ئایا ئەو شەپۆلە نارەزایەتییە فراوانەی کوردان، دژ بە دەستدرێژیی ئەو تاقمە بەکرێگیراوەی (شەرع) بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راسیزمە؟ یان مافێکی شەرعیی هەموو گەلێکە کە پشتگیری لە نیشتمان و نەتەوەکەی خۆی بکات و نەکەوێتە سەنگەری گوتار و پیلانی دوژمنانەوە و نەبێتە بەکرێگیراو؟ ئایا ئەم یەکجەستەیی و یەکێتییە نەتەوەییەی ئێستا لە شەقامی کوردییەوە دەبینرێت دژ بە بەکارهێنانی (بە وتەی خۆیان:
فتوحات و ئەنفال) بۆ سەر خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، نەتەوەپەرستییە یان ئەرکێکی تەواو ئەخلاقیی، نیشتمانی و نەتەوەییە؟
جارێ سەرەتا مەسەلەی (رۆژئاوا کوردستان) تەنها پەیوەست نییە بە هێزەکانی هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە، کە لە ئێستادا ئەوان بە خوێنی دەیان هەزار شەهید، رابەرایەتیی خەبات و بەرخودانی ئەو بەشەی کوردستان دەکەن، بەڵکو لە بنەڕەتدا دۆزێکی نەتەوەییە، لە بەشێکی گرنگی کوردستان کە داوای سادەترین مافەکانی خۆبەڕێوەبەری خۆی دەکات. دۆزەکە پەیوەندیی بە هیچ پارتێکی سیاسی و دەستە و گروپێکی تایبەتەوە نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی هاوکێشەیەکی سیاسیی ناوچەکەیە، کە کوردیش وەک کارەکتەرێکی ناوچەکە، لەسەر خاک و زێدی خۆی، داوای مافەکانی تێدا دەکات، لەبەرامبەریشدا دوژمنان بە هەموو هێزێک هەوڵی سڕینەوەی دەدەن.
لە خەبات و بەرخودانی گەلاندا، مێژوو لەسەر هیچ کەسێک و گروپێک راناوەستێت، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەک لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا هەیە، کە ئەوەی هەبێت هەر ئەو دەبێت. بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە، تەنها ئیرادەو هێزی خۆت بڕیار لە مانەوەت دەدات.
بۆ ئێستای ئێمەی کوردیش، گرنگترین روداو دۆخی رۆژئاوای کوردستانە، چونکە سەرباری ئەوەی زیاتر لە نیو سەدەیە ئەو بەشەی کوردستان بە گوتارێکی توندی شۆفێنیزمی عەرەبی، هەوڵی سڕینەوەی شوناس و کوردبوونی دەدرێت. تەعریبێکی فراوان، ناوگۆڕین، لێکدابڕانی شارە کوردییەکان و چەسپاندنی زمان، هونەر، کولتوور و پەروەردەی عەرەبی؛ تەنانەت سادەترین ماف کە رەگەزنامەی وڵاتەکە بوو، بە کوردان نەدەدرا.
بۆ نموونە تا ئێستاش کەسێکی وەک ژەنەراڵ (مەزڵوم عەبدی) کە دیارترین کارەکتەری سیاسی و سەربازی ناوچەکەیە، رەگەزنامە و پاسپۆرتی نییە.
بەڵام لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی، لە ساڵی (2012)وە، دەرفەتێک بۆ ئەو بەشەی کوردستان هاتە پێش، کە بۆ یەکەم جار لە شاری (کۆبانێ)وە، راپەڕین و هەڵمەتی رزگاری دەستیپێکرد (سەرباری ئاستەنگی لێکدابڕانی شارەکان)، هەر زوو تەواوی شارە کوردییەکانی گرتەوە، ئەو راپەڕینەی کە بە (شۆڕشی 19ی تەمموز)دەناسرێت. بەمەش لەو کاتەوە ئیدارەیەکی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەبرێت، کە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین شێوازەکانی بەڕێوەبردنی دیموکراتی لە ناوچەکە دادەنرێت.
لە ئێستاشدا ئەم ئیدارەیە، پیلانگێڕییەکی گەورەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی لەسەرە، ئامانجیان سڕینەوە و داگیرکردنیەتی؛ بۆیە لە لایەن تورکیا و سوریاوە بە پاڵپشتیی سعودیە، قەتەر و وڵاتانی تری عەرەبی و بێدەنگی و خیانەتی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، بە توندترین شێوە هێرشیان دەکرێتە سەر. هەر لە سەربڕین، کەزی بڕین و دیلگرتنی کچانی کورد کە دەڵێن: (جوانترین دیارین بۆ موجاهیدەکانمان)، دزی و تاڵانی، تا سەدان تاوانی گەورەی جەنگ و ئاوارەبوونی زیاتر لە 250 هەزار کەس.
ئایا کاتێک جیهان چاوی داخستووە، کوردان بێنە وەڵام و پشتگیری لە بەشێک لە جەستەی خۆیان بکەن، تاوان و راسیزم و نەتەوەپەرستییە یان ترۆپکی ئەخلاقە؟ زۆر بە سانایی وەڵامەکە لەو خۆشبەختیەیەدا دەبینین، کە بۆ یەکەمجارە کورد هەمووی بەیەکدەنگ، وەک یەک جەستە رژاوەتە سەر شەقامەکان و پشتگیری بەرخودانی رۆژئاوا دەکات. وەک گەلێکی تینووی ئازادی و سەربەخۆیی هاوار بۆ مافەکانی دەکات و، نەفرەت لە بێدەنگی و سپڵەیی ئەمریکا و هاوپەیمانان و بەکرێگیراوان دەکات.
خۆپیشاندانەکانی ئێستا هەموو چین و توێژەکانی بەخۆیەوە گرتووە، هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانی تێدا دەبینرێت؛ بە تایبەتیش دەیان مامۆستا و زانای ئایینیی پایەبەرز، وەک ئەرکێکی ئایینی لە بڵندگۆکانیانەوە پشتیوانیی گەلەکەی خۆیان دەکەن. بە دەیان و سەدان هەزار موسڵمان دوای نوێژەکانیان، هەر بە دەستنوێژەوە، دێنە سەر شەقام و نەفرەت لە هێرشی سەر خوشک و برایانیان لە رۆژئاوا دەکەن. گەنجانی ئەو نیشتمانە کە داینەمۆی ئەو قۆناغەن، دڵیان دەکوڵێت و شەقامیان پڕکردووە لە هەستی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانی، پۆل پۆل خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانی بەرگری.
زانکۆ و قوتابخانەکان چەند رۆژە وەک شەرڤانێک لە سەنگەری نەتەوەکەی خۆیانن؛ کەچی لەو لاوە کۆمەڵێک دەمشڕ و بەکرێگیراو دەبینیت، کە لە ژێر پەردەی ئاییندا خۆیان مەڵاس داوە، وەک نموونەی (فەیسەڵ قاسم)ی شۆفێنی بەو رابوونە نیشتیمانییەدا دەڕشێنەوە، کە روحی ئەو میللەتەی یەک خستووە.
پشتیان لە گەل و شەرڤانە سەربەرزەکانمان کردووەو وەک ئەوەی لە ئاسمان هاتبنە خوار توومەت و کافربوون بە خەڵک دەبەخشن.
للێرەدا مەسەلە ئەوە نییە ئەوانە تەنها چەند کەسێکی کەم بن و بە ناوی ڕای جیاوازەوە گوێیان نەدرێتێ، یان وەک هەندێک دەڵێن هەر شایانی وەڵامدانەوە نین؛ بەڵکو پرسیارێکی تر هەیە:
بزانین لە فەرهەنگی سیاسیی وڵاتاندا چۆن تەماشای بەکرێگیراوەکان و ئەوانەی خزمەت بە دوژمنانی میللەت دەکەن، کراوە.
ئەمەش نەک وەک چاویلکەیەکی تەسکی نەتەوەیی، بەڵکو تەنها وەک تێگەیشتنێک لە چەند نموونەیەکی کەم بۆ ئێستا سوود بگەیەنێت. لەتەواوی ئەو سەرزەمینە و لە تێگەیشتنی پەروەردەی هەموو نەتەوەکاندا، نیشتمان تەنها خاک نییە، بەڵکو کەرامەت و ناسنامەی ئەو تاکەیە لەسەر شوێنپێی باوباپیرانی گەورە دەبێت؛ نیشتمان وەک دایکی دووەم وایە رۆڵەکانی لە ئامێز دەگرێت. هەر بۆیە، گەورەترین تاوان مرۆڤێک بەرامبەر بە خۆی و نەوەکانی ئەنجامی بدات،
خیانەت و بەکرێگیراوییە دژی میللەت و نیشتمانی خۆی.
مێژووی مرۆڤایەتی دەیسەلمێنێت ئەو گەلانەی بەرامبەر خائینەکان نەرم بوون، تووشی هەڵدێر و داڕمان هاتوون، بەڵام ئەوانەی توند بوون، توانیویانە شکۆی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن. بۆ نموونە:
لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک یابان، لەوسەر بۆ ئەوسەری وڵاتەکە بگەڕێیت، زۆر ئەستەمە کەسێک بدۆزیتەوە کار دژی نەتەوەکەی بکات، چونکە لای ئەوان گەورەترین رسوایی، پشتکردنە لە گەل. خیانەت لای یابانییەکان پەڵەیەکی هێندە رەشە، پێیان وایە بە مردنیش پاک نابێتەوە.
لە کۆریای باشووریش، ئەو کەسانەی لە کاتی داگیرکاریی یاباندا هاوکاریی بێگانەیان کرد، تا ئێستاش نەوەکانیان بە (چینیڵپا) دەناسرێن؛ ئەمە وەک لەکەیەکی رەش بە نێوچەوانیانەوە ماوەتەوە و وای کردووە کەس زات نەکات بەرژەوەندیی گشتی بفرۆشێت، چونکە دەزانێت نەوەکانیشی باجی ئەو سووکایەتییە دەدەن.
لە مێژووی وڵاتی (چین)دا، خیانەت تەنها تاوان نییە، بەڵکو وەک کوشتنی دایک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەر بۆیە زۆرجار سزای (رسواکردنی ئەبەدی)یان بەسەردا دەسەپێنرێت. بۆ نموونە: خیانەتکارێکی وەک (چین هوی) کە پەیکەرییان بۆ دورست کردووە، تێیدا ملی شۆرکردووەو بە چۆکداهاتووە، سەدان ساڵە خەڵکی چین کاتێک بەلایدا تێدەپەڕن، تف لە پەیکەرەکەشی دەکەن و پێڵاو دەخەنە سەر روخساری.
لە وڵاتی نەرویج، تا ئێستاش گەورەترین جنێوو سووکایەتی ئەوەیە بە کەسێک بڵێیت (کویزڵینگ) مەبەستییان کەسێکە بەناوی (ڤیدکون کویزڵینگ) کەلە جەنگی جیهانی دووەم هاوکاری نازییەکانی کرد.
لە فەرەنسای رۆشنگەرییدا، دوای سێ ساڵ لە ناشتنی (مۆرابۆ) کاتێک بەڵگەی خیانەتەکەی دۆزرایەوە، خەڵک تەرمەکەیان لە مەزاری ناوداران (پانتێۆن) دەرهێنا و رسوایان کرد، چونکە لای ئەوان خیانەت پشتکردن لە میللەتی خۆت، بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابێت.
لە فەرهەنگی (روسی)دا، خیانەت لە نیشتمان وەک گەورەترین گوناحی سەر زەوی دەبینرێت. لە سەردەمی ستالیندا، تەنها خائین سزا نەدەدرا، بەڵکو تەواوی ئەو ژینگەیەی خیانەتەکەی تێدا چەکەرەی کردبوو پاک دەکرایەوە، تا قێزەونییەکی ئەبەدی بەرامبەر هاوکاریکردنی بێگانە لە ناخی گەلدا دروست بێت.
لای ڤێتنامییەکان، بەکرێگیراو و ئەوانەی بە دوژمندا هەڵدەڵێن، وەک کرمێک دەبینرا کە دارەکە لە ناوەوە دەخوات. بۆیە دوای سەرکەوتن، نەک هەر خائینەکانیان سزا دەدا، بەڵکو وەک خۆیان دەڵێن (تۆوەکەشیان) لە رەگەوە دەردەهێنا؛ چونکە پێیان وابوو تۆوی خیانەت ئەگەر نەفەوتێنرێت، دەبێتە مەترسی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بێدەنگی بەرامبەر خائین و بەکرێگیراو، جۆرێکە لە هاوبەشیکردن لە تاوانەکەدا.
نەفرەتکردن لەوانەی دژی میللەتی خۆیانن، تەنها رەقێکی سادە نییە، بەڵکو بەرگرییەکی پیرۆزە بۆ پاراستنی جەستەی نەتەوە و رێزگرتنە لە خوێنی شەهیدان.
داگیرکەران دێن و دەڕۆن، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە شکۆی نەتەوە و رسوایی ئەبەدییە بۆ ئەوانەی پشتیان لە خاک و خوێنی خۆیان کرد؛ چونکە مێژوو دەڵێت: ئەو کەسەی وەفای بۆ میللەتی خۆی نەبێت، لای بێگانەش تەنها وەک ئامرازێکی بێڕێز و بەکارهاتوو دەبینرێت.
لە کۆتاییدا پرسیارێک دەمێنێتەوە کە گرنگە وەڵامی بدەینەوە: ئایا بۆچی تا ئێستاش لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەو جۆرە (بەکرێگیراوانە) دەتوانن بە ئاشکرا قسە بکەن و کاریگەرییان هەبێت؟ ئایا کێشەکە لە نەبوونی یاسایەکی توندە، یان لە لاوازیی پەروەردەی نەتەوەیی ئێمەدایە
|