خالید قادر
06/02/2026
86 جار خوێنراوەتەوە
لە پشتی پەردە چی دەگوزەرێت: لە دوورگەی ئێبستنەوە بۆ باخە داخراوەکانی لای خۆمان
جیهان کەوتووەتە ناو تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی پڕ لە نائەخلاقی، کە تێیدا مرۆڤ تەنها وەک ژمارە و کاڵا دەبینرێت. دۆسیەی (جێفری ئێبستن) و ئەو دوورگە پڕ لە شەرمەزارییەی کە ڕووی ئەم سیستەمەی هەڵماڵی، تەنها رووداوێکی دابڕاو نەبوو، بەڵکو پەردە لادان بوو لەسەر کۆی سیستەمێکی سەرمایەداری، کە تێیدا نوخبەی سیاسی و سەرمایەدارە گەورەکان، لە پشت پەردەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلان دەدەن؛ لە کاتێکدا خۆیان لەناو قوڕاوی چەپەڵترین تاوانەکاندایە.
ئەم دووڕووییە لوتکەی سیاسیی جیهانی گرتووەتەوە؛ لەسەر سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی مافی مرۆڤ و (منداڵپارێز) و کەرامەتی منداڵ دەکەن، بەڵام لە شەودا لەناو دوورگە و باڕە تایبەتەکانیاندا خەریکی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤن. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە مافی مرۆڤ لە بازاڕی سیاسەتدا تەنها درۆیەکی گەورە و ماسکێکە بۆ داپۆشینی ڕوخساری ئەو دەسەڵاتە سێبەرەی کە لە پشت بڕیارەکانەوە وەستاوە.
ئەو دەسەڵاتەی کە بۆرسەی جیهانی بەڕێوە دەبات و یاری بە نرخی زێڕ، زیو و بیتکۆین دەکات، تەنها بۆ ئەوەی سەرمایەی وڵاتانی تر و خەڵکی سادە هەڵبمژێت، هەمان ئەو هێزەیە کە بڕیار دەدات کێ بمێنێت و کێ لەناو بچێت؛ کێ بەرپرسیارێتی وەربگرێت و کێش ئەگەر (کەشکەلانی فەلەک)یش بێنێتە خوار، وەلابنرێت! ئەم سیستەمە بە هەزاران شێواز خۆی دەردەخات، تەونەکانی نەک هەر بۆ سەرکردە سیاسییەکان، بیرەنەوت، کۆمپانیا و بازرگانانی وڵاتان شۆڕ کردووەتەوە، بەڵکو هاتووەتە ناو ژیانی هەموو مرۆڤەکانی سەر ئەم زەمینەوە. روونە کە تەکنەلۆژیا لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتە گەورەیەی بە مرۆڤایەتی کردووە، باشترین و خێراترین رێگای بۆ ئەم سیستەمە دۆزیوەتەوە تا بە ئاسانترین شێوە تەڵە و رایەڵەکانی بگەیەنێتە ناو مۆبایل و ژیانی هەموو تاکێکەوە.
لێرەدا دەبێت بڵێین: ئەم دوورگەیە تەنها رووی سەرکردە ناودارەکانی جیهان و بازرگانە گەورەکانی ئەمریکا و ئەوروپای دەرنەخست، بەڵکو لە دیوێکدا پێی گوتین کە تەنانەت بەرگی کەعبەی پیرۆزیش (لە لایەن بازرگانێکی ژنی سعودیە)، تیرۆر و گروپە چەکدارە جیهادییەکان، ئەوانەی لە پڕێکدا دەبنە کوڕێک، یان بازی دەسەڵاتیان لەسەر شان دەنیشێت، ئامرازی ئەو سیستەمەن.
دەبینین کەسێکی وەک (جۆڵانی) کە دوێنێ وەک تیرۆریستێکی گەورە و داواکراو وێنا دەکرا، ئەمڕۆ دەکرێتە سەرۆک و کارەکتەرێکی سیاسی. بن لادن لەوێوە دێ؛ تاقمەکانی وەک تاڵیبان و داعش تەنها مەقاشێکی دەستی ئەم دەسەڵاتە سێبەرەن؛ کاتێک پێویست بن بۆ وێرانکردنی ناوچەیەک دروست دەکرێن و کاتێک کاتیان بەسەر چوو، وەک کارتێکی سووتاو فڕێ دەدرێن.
ئەم هەموو نائەخلاقییە سیاسییە لە کۆتاییدا دەگاتەوە سەر دۆخی ئێستای گەلی کورد، بەتایبەت لە (رۆژئاوای کوردستان) کورد جارێکی تر بووەوە بە قوربانی هەمان ئەو سیستەمەی، کە (تۆم باراک)ەکان بەڕێوەی دەبەن؛ ئەو سەرمایەدارە بێ مۆڕاڵانەی ئامادەن پشت بکەنە هەموو بەها مرۆییەکان، تەنها لەپێناو بەرژەوەندییە داراییەکانیاندا مامەڵە بە هەموو شتێکەوە بکەن.
پشتکردنی ئەمریکا لە رۆژئاوا وەک نموونەیەک، نیشانەی ئەوەیە کە لە دورگەکانی دەسەڵاتدارانی جیهاندا هیچ جێگەیەک بۆ وەفا و رەوشت نییە؛ تەنها ئەوەی بوونی هەیە، پاراستنی بەرژەوەندی ئەو نوخبەیەیە کە لە دوورگەکانی وەک ئێبستندایە. بە دیوێکی ترەوە، ئەم سیستەمە جیهانییە تەنها لە کایە گەورەکاندا ناوەستێت، بەڵکو وەک ڤایرۆسێک دێتە ناو دەزگا سیاسی و دارایی و بازاڕە ناوخۆییەکانیش و دەست دەخاتە ناو گیرفانی خەڵکی سادەوە؛ لای خۆماشمان کەم نین ئەو بڕۆکەرانەی بازاری فۆرێکس، کە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن وەک شازادەی خەونەکان بە خەڵک دەناسران، بەناوی بیزکۆین و بیتکۆین و پێشبینی نرخی زێر و زیوو، ئەو یاری و قومار و دراوە ئەلکترۆنییانەوە، بەهەزاران دەفتەر دۆلاری ئەو میللەتەیان هەڵمژی، بە سەدان کەس ئیفلاسیان کرد و هەموو ژیانیان دۆڕاند، بێ ئەوەی بزانن کێ لە پشت شاشەکانەوە خەریکی تاڵانکردنیانە.
ئەم گەندەڵییە تەنها لە ئەمریکا و ئەوروپا نییە، بەڵکو مۆدێلی بەشێک لە (باخ و ڤێلاکان)ی لای خۆشمان، وێنەیەکی بچووککراوەی هەمان ئەو دوورگانەیە.
راستە کوردستان هەمیشە وڵاتی باخ و مێرگ بووە؛ زۆرن ئەو کەسانەی بە رەنجی شانی خۆیان و بۆ حەوانەوەی خێزانەکانیان و خزمەتکردنی ژینگە، باخی تایبەت و بەرهەمهێنیان دروست کردووە. ئەم باخانە شوێنی کەسانی سادە و کۆبوونەوەی خێزانیی پاکن.
بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات: کەسانێکی دەستبژێر و خاوەن دەسەڵات، لە پەنای ئەم کەسە باشانەدا، مۆدێلی (باخیان) گۆڕی بۆ شوێنی کۆبوونەوە داخراوەکانی هەوەس و بەرژەوەندی تایبەت؛ شوێنێک بۆ مامەڵەی سیاسی نائەخلاقی و رێککەوتنی ژێربەژێر، کە تێیدا هەرچی قاچاخی نەوت، جگەرە، کحول و هەوڵی دەمکوتکردن هەیە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت و هەر لەوێشدا کەرامەتی گەل دەکرێتە قوربانی.
بۆیە سەیر نییە زۆربەی بڕیار و رێکەوتنەکان، کاندیدکردن و پۆست دابەشکردنەکان، لە کۆبونەوەی باخە تایبەتەکاندا بڕیاریان لێبدرێت.
لە کۆتاییدا، ئاشکرابوونی ئەم راستییانە پێمان دەڵێت، کە جیهان تەنها لە رێگەی دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە پشت پەردەی هەر بڕیارێکی سیاسی و ئابووریدا، بەرژەوەندیی تاقمێک هەیە کە مرۆڤایەتییان تەنها وەک ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆیان دەوێت. چ لە دوورگەیەکی دوورەدەستی وەک هی ئێبستن بێت، یان لەناو باخە داخراوەکانی لای خۆمان، جەوهەری ئەم سیستەمە هەر یەکە:
قوربانیکردنی بەهاکان لە پێناو سەرمایەدا.
بۆیە تاکە رێگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەونە جاڵجاڵۆکەییە، هۆشیاریی بەکۆمەڵ و گەڕانەوەیە بۆ مۆڕاڵێکی مرۆیی کە رێگە نادات کەرامەتی تاک و نەتەوەکان ببێتە بەشێک لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی نوخبە چەپەڵەکان.
هەڵەیە ئەم تاوانە بە روانگەی ئایدۆلۆژی سەیربكەین كە تاوان دەكاتە كێشەیەكی ئەخلاقی تاکەکەس، لەكاتێكدا بەتەواوی كێشەیەكە لەناو سیستەمەدایە كە تاوان بەشێوەی جۆراوجۆرە بەرهەم دێهێنێتەوە.
بۆیە تا ئاوەکە لە سەرچاوەوە لێڵ بێت، هیچ شتێك باش نابێت. هەتا ئەو سیستەمە هەر وەك خۆی بێت، ئیپستیننێك دەڕواتو ئیپستینێكی خراپتر دێت. قوربانیانی ئیپستینەكانی خۆرهەڵات بەدبەختترن لەوانەی رۆژوئاوا، كاتێ كە دوورن لە ئازادی میدیاییو دادگایەك تا رەوایەتی كەیسەكان بخاتە سەروی دەسەڵاتەوە
|