خالید قادر 09/02/2026 369 جار خوێنراوەتەوە

کاژەکەی حەماس، مشعل وەک نموونە

کاتێک لە لێدوانە چەواشەکارییەکانی سەرکردەکانی حەماس لەسەر کورد ورد دەبیتەوە، بە نموونە قسەکانی دوێنێی (خالد مشعل) لە دۆحە،  بە ئاسانی دەبینیت شۆڤێنیزمی عەرەبی و ئەو خەونە پووچەی ناویان ناوە (أمة عربية واحدة)، نە گۆڕاوە و نە دەگۆڕێت. سەرکردەکانی حەماس کە خۆیان بوونەتە مەقاشێکی بێ ئیرادە، لە بازاڕی سیاسیی ئێران و قەتەردا و وەک بووکەشووشە یارییان پێ دەکرێت، ئێستا دێن و دەرس و وەعزی نیشتمانپەروەریمان بەسەردا دەخوێنن!
لای (خالید مشعل) و هاوفکرەکانی، هەر نەتەوەیەک جگە لە عەرەب داوای مافی مرۆیی و نەتەوەیی خۆی بکات، دەستبەجێ مۆری دەستی (ئیسرائیل)ی لێ دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان باش دەزانن نیوەی وڵاتانی عەرەبی لە ژێرەوە دەستیان لەناو دەستی ئیسرائیلدایە و بۆ مانەوەیان سوژدە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەبەن.
ئەگەر ئێوە ئەوەندە خەمی خاکی سووریاتانە، بۆچی لە ئاست داگیرکارییەکانی تورکیا و تەراتێنی سوپاکەی لە شارەکانی سووریادا لاڵ بوون و زمانتان بڕاوە؟ بۆچی کاتێک (ئەحمەد شەرع) بە فیت و پیلانی (میت) و (ئەردۆگان) بەشێکی گەورەی سووریا دەخاتە ژێر پارێزبەندیی ئەمنیی ئیسرائیلەوە، دەنگتان نایەت؟ خێرە کاتێک لەبەردەرگای تڕەمپ بۆ چوونە ناو (ڕێککەوتنی ئیبراهیمی) دەپاڕێنەوە تا لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە، بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟
کاتێک گروپە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی سووریا بەوپەڕی دڕندەییەوە خەڵکی سڤیلی کورد کۆمەڵکوژ دەکەن و تاوانی جەنگی ئەنجام دەدەن، بۆچی لێدوانێک نادەن؟ کوشتن و تاڵانی، راو و رووتی کوردان لە شارەکانی وەک (عەفرین، سەرێ کانی، گرێ سپی، حەلەب) چ جیاوازییەکی لەگەڵ تاوانەکانی غەززە هەیە؟ راستییەکە ئەوەیە کە کێشەی ئێوە ئیسرائیل یان پاراستنی خاک نییە، بەڵکو ئەو عەقڵییەتە بۆگەن و شۆڤێنییەیە کە چاوی بە بینینی نەتەوەیەکی تر لە تەنیشت هەڵنایەت.
ئێوە و دوژمنانی کورد لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە: سڕینەوەی ناسنامەی کورد. ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت، نە دەستی ئیسرائیلە و نە پیلانی دەرەکی، بەڵکو ئەنجامی ئەو سیاسەتە چڵپاواوییەیە کە ئێوە و هاوئاوازەکانتان ساڵانێکە پەیڕەوی دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی لەسەر خوێنی نەتەوەکانی تر، کورسییە لەرزۆکەکانتان بپارێزن و رەوایەتیی زیاتر بە شۆڤێنیەتی خۆتان بدەن.

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

سەرەکی