خالید قادر 12/02/2026 146 جار خوێنراوەتەوە

تەراتێنی میت راگرن؛ تەڵەکە لە بن دەرگایە!

باشووری کوردستان، لەبەردەم گۆڕانکاری و پیلانگێڕییەکی گەورەدایە، دەکرێت بە هەردوو دیوی مەترسییەکی گەورە، یاخود دەرفەتێکی مێژوویی رەنگبداتەوە.

لەلایەک، لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ کەناڵی CNN TURK، زەنگێکی مەترسیدارن و نابێت بە سادەیی لێیان بڕوانرێت. فیدان بە روونی پێمان دەڵێت: دوای سووریا دەستمان بۆ عێراق بەتاڵ دەبێت، پێویستە حکومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی سووریا وەربگرێت و تەواوی خاکی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمە پەیامێکی دوژمنکارانەی راستەوخۆیە، بۆ تەواوی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا، بە دڵنیاییەوە (بە قسەکانی کونسڵەکەی هەولێر پینە و پەڕۆ ناکرێت)، هەروەها هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر ئایندەی قەوارەی هەرێم، چونکە ئاشکرایە ئەو پیلانگێڕییەی لە روژئاواوە دەستی پێکردووە، ئامانج لێی ئەوەیە لە باشوور کۆتایی پێ بهێنرێت.

کەواتە ئێستا هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی چارەنووسسازدایە. گەورەترین هەڕەشەش بۆ سەر ئەم قەوارەیە، پێش ئەوەی دەرەکی بێت، ئەم پەرتەوازییەی ناوخۆ و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتووی نەتەوەییە؛ چونکە جەستەی سیاسیی باشوور بەدەست دابەشبوونێکی قووڵەوە دەناڵێنێت. ماڵی کورد بە جۆرێک تووشی لێکترازان بووە، کەس دان بە کەسدا نانێت! پەرلەمان پەکخراوە و حکومەتی نوێ پێکنەهێندراوە، هێزی پێشمەرگە یەکنەخراوە، پۆستەکانی بەغدا یەکلانەکراوەتەوە، ئەوەی هەیە، دوو دەسەڵات و دوو گیرفان، دوو زۆنی جیاواز لەناو یەک قەوارەدا کار دەکات. ئەم پاشاگەردانییە لە کاتێکدایە، قەیرانی دارایی و کێشەی مووچە (کەس نازانێت لە ساڵێکدا چەند مانگی دەدرێت)، ژیانی خەڵکی تەواو بێزار و تاقەتپڕوکێن کردووە.

لەلایەکی ترەوە، مەترسیی شانە نوستووەکانی داعش و داعش‌فکرەکان و ئەوانەی بە ئاشکرا کلکەقوتێ بۆ داگیرکەر دەکەن و ئەجێندای بێگانە دژی گەلی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بە رۆژی رووناک دەبینرێن، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاشکرا دەنووسن و بەسەر میللەتەکەی خۆیاندا دەڕشێنەوە. هەموو ئەوانە و زیاتریش، زەمینەیەکی مەترسیداریان بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو دروست کردووە. ئەم دۆخە وای کردووە لە ئەگەری هەر پیلانگێڕییەکدا، مەترسییەکانی سەر باشوور زیاتر دەربکەون و زامەکانی زۆر بەسوێتر بن.
خاڵی مەترسیداری هەرە گەورەش، بوونی سوپای تورکیا و لێشاوێک لە میتە لە هەرێمی کوردستان. بە پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتێکی کەناڵی BBC، کە چەند مانگێک پێش ئێستا بڵاوکرایەوە، سوپای تورکیا زیاتر لە سەد بنکە و بارەگای سەربازی هەمیشەیی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە.

ساڵانێکی زۆرە بە بیانووی شەڕکردن لەگەڵ گەریلاکانی (پەکەکە) بە قوڵایی ٢٥ بۆ ٤٠ کم خاڵی سنووری بەزاندووە. جیاواز لەو رێککەوتننامە ئەمنییانەی (تورکیا و عێراق) لە ساڵی ١٩٨٣وە، بەناوی بەزاندنی سنوور لەنێوانیان کراوە، (لە ئێستاشدا عێراق رەتی دەکاتەوە رێککەوتننامەی سنووری لەگەڵ تورکیا نوێ کردبێتەوە)، تورکیا ئێستا قەوارەیەکی سەربازیی جێگیر و هەمیشەیی دروست کردووە، له‌ بادینانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و به‌ درێژایی ناوچه‌ ستراتیژییه‌کانی برادۆست و سیده‌کان تێپه‌ڕ ده‌بێت و تا دامێنه‌کانی قه‌ندیل درێژ ده‌بێته‌وه‌.

ئەم داگیرکارییە نایاساییە، ئامانجی دروستکردنی هەژموونێکی سەربازییە، کە سەروەریی خاکی هەرێم و عێراق بە تەواوی بنکۆڵ دەکات و لە ئەگەری هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکی نەخوازراودا بەرووی هەرێمی کوردستاندا بتەقێتەوە.

مەترسییەکەش تەنها لە بوونی جەندرمە و تانک و فڕۆکەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەزگای سیخوڕیی تورکیا (میت) تۆڕێکی فراوانی لە ناو شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا چنیوە. لە پارێزگای دهۆکەوە تا هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک، تەڵەی لە بن دەرگای ئەو هەرێمە داناوە. (میت) لەژێر ناوی کۆمپانیای بازرگانی، چالاکی پەروەردەیی و هونەری و رێکخراوەیی، پارتی سیاسی وەک بەشێک لە تورکمانەکان، میدیای سێبەر، تۆڕێکی بەکرێگیراوی ناو سۆشیال میدیا، تەنانەت لە رێگەی دوکانی شیرینی و چێشتخانەکانی خۆشیاندا، گەرایەکی مەترسیداریان لە کوردستان داناوە. بەو هۆیەشەوە لە رێگەی درۆن و سیخوڕەکانیانەوە، تا ئێستا چەندین تاوانی گەورە و کاری تیرۆریستییان لەناو شارو شارۆچکەکان ئەنجام داوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بە فراوانی کار بۆ داگیرکردنی عەقڵی کۆمەڵگەی ئێمە و دروستکردنی فشار لەسەر کایە سیاسی و ئابوورییەکان و فەرهەنگییەکانی دەکەن.

بەڵام سەرباری هەموو ئەو مەترسییانە، هێشتا ئەمە تەنها دیوێکی دۆخەکەیە؛ چونکە روژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی حەتمیدایە. پێگەی گەلی کوردیش لەم سەردەمەدا، زۆر جیاوازە لە سەد ساڵی رابردوو. تورکیاش چیتر ئەو دێوەزمەیە نییە، چەرخی سیاسی ناوچەکە تەنها بە ئارەزووی ئەو بگەڕێت.

هەرێمی کوردستان ئەگەر ئیرادەی هەبێت، دەتوانێت زۆر هاوکێشە پێچەوانە بکاتەوە؛ بەتایبەت ئەگەر دەست بەو یەکێتییە نەتەوەییەوە بگرێت، کە دوای هێرشەکانی سەر روژئاوا، تەواوی شەقامی کوردی تەنییەوە. دەکرێت ئەو پلانانەی بۆ لەناوبردنی هەرێم دادەنرێن، بکرێنە بۆمبێک و بە رووی داگیرکەراندا بتەقێنرێنەوە، بەو مەرجەی هەرێم بەرەو وەرچەرخانێکی خێرا هەنگاو بنێت.

ئەم وەرچەرخانە بەر لە هەر شتێک، پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیە؛ چونکە پەرلەمان تەنها دامەزراوەی یاسایی باڵایە کە دەتوانێت لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا شەرعییەت بداتە گوتاری کورد لەو بەشەی کوردستاندا. هاوکات یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی گوتارێکی ئەمنیی هاوبەش، تەنها رێگەیە بۆ بڕینی دەستی (میت) و سوپای تورکیا، (نموونەی ناڕەزایەتییەکانی پێشتری شیلادزێ دەریخست ئەگەر بویسترێت هەر خەڵک بە بەردباران ئەو بنکە سەربازییانە دەر دەکات)، بەدواداچوون و لێپرسینەوەو کۆتاییهێنان بەو کلکەقوتێیە ناوخۆییەی کە بۆ داگیرکەران دەکرێت، هەروەها گرنگە کار بۆ بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ ناوەند (بەغداد) بکرێت، تاوەکو هاوشێوەکانی (حەلبووسی)

نەبنە بەشێک لە پیلانە ئەمنییەکانی ئەنقەرە.
چارەسەری راستەقینە لە ئاشتکردنەوەی خەڵکدایە؛ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی بێکاری و نەبوونی مووچە، کە ژیانی هاووڵاتیانی تاقەتپڕوکێن کردووە، لە راستییشدا دەرکەوت، سەرباری ئەو گرفتانە، هێشتا ئەم نەوەیە و خەڵکی سادەی شەقام، زیاتر دڵیان لای نەتەوە و نیشتمانەکەیانە، وەک لە بەرپرسەکان.

لەم دۆخەدا تەنها روو لە میللەت کردن، سازش و یەکترقبووڵکردن، دەتوانێت ئەم تەڵەیە هەڵوەشێنێتەوە، کە لە بن دەرگای ماڵەکەماندا نراوەتەوە.

راستە تورکیا وڵاتێکی گرنگە و سێیەم هێزی سەربازی ناتۆیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو وڵاتە ئەوەندە بەهێزە کە نەتوانرێت روبەڕووی ببینەوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونکە دەوڵەتی تورکیا پایەکانی لەرزۆکە. دەزگای میت لە ئاستی پلانی دژە-سیخوڕیدا فشۆڵترین دەزگایە؛ نموونەی رووداوەکەی ساڵی ٢٠١٧ کاتێک دوو ئەفسەری باڵای میت (ئایدن گونێل و ئەرهان پەکچەتین) لە ژێر چاودێری راستەوخۆی (هاکان فیدان) و تۆڕێکی فراوانی سیخوڕییەوە، ویستیان سەرکردەیەکی باڵای (پەکەکە) دەستگیر بکەن، بەڵام پلانەکە بەسەر خۆیاندا قڵپ بووەوە و (پەکەکە) هەردوو ئەفسەرەکەی دەستگیر کرد. لە رووی ئابوورییەوە، تورکیا هێندە داڕماوە، بەرگەی گەمارۆیەکی شەش مانگیی هاوشێوەی ئێران ناگرێت. وڵاتێک کە لەسەر مێژوو و کولتوورێکی دزراوی میللەتانی وەک (کورد و چەرکەس و لاز و ئەرمەن) دامەزراوە، تەنها لە رێگای گوتارێکی شۆفێنی نەتەوەی تورک و بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێکی گەوجاندن بەرێوەدەچێت، بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی ناوچەیی، یان هەژموونێکی نەتەوەیی گەلانی داگیرکراو، بەسە بۆ ئەوەی روحییەتە شۆفێنییەکەی هەڵبووەشێتەوە. هەر بۆیە سەیر نییە ئەو یەکێتییە نەتەوەییەی ماوەی ڕابردوو کوردستانی گرتەوە، لە ئێستاوە پایەکانی ئەو دەوڵەتەی هەژاندبێت.

لێرەوە مەترسیی راستەقینە تەنها لە تەڵەی دوژمندا نییە، بەڵکو لە پەرتەوازیی و یەک نەبوونی خۆماندایە. کاتی ئەوە هاتووە بەرژەوەندییە حزبییەکان بکرێنە قوربانی نیشتمان؛ چونکە بە دڵنیاییەوە کورد خۆی دەتوانێت پارێزەری مانەوەی خۆی بێت و رێگە نەدات خاکی کوردستان جارێکی تر ببێتەوە بە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی پیلانە چەپەڵەکانی داگیرکەران. پاراستنی قەوارەی هەرێم تەنها کاری حیزبەکانی دەسەڵات نییە، بەڵکو پاراستنی ئەمانەتی ئەو نەوەیەیە، کە پڕ بە گەرووی هاوار دەکات: کوردستان یەک جەستە و یەک وڵاتە.

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

هەموو وتارەکانی خالید قادر

سەرەکی