هەندرێن شێخ ڕاغب 12/02/2026 199 جار خوێنراوەتەوە

وەهمی ئیسرائیل!!

لە پشتیوانیەكی عەزیم بۆ گەلی كورد لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل لە گردبوونەوەیەكدا بە زمانی كوردی گۆرانی( لۆركێ لۆركێ)گوترایەوە, بەڕاستی ئەم پشتیوانیە عەزیمەی ئیسرائیل بۆ گەلی كورد مێژوییە!!.

دەوڵەتانی عەرەبی و تورك و فارس و ناوچەكە، زۆر بە زیرەكانەو بە بەرنامە ناوی كوردیان بەستۆتەوە بە ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لەروی دەرونی و سیاسی و دەستە جەمعی و ئامادەسازییەوە هەمیشە گەلەكانیان بۆ پەلاماردنی كورد لەسەر پێ بن و دەنگی پشتیوانی كورد لەناو خەڵكەكەیان سفر بكەنەوە. لەكاتێكدا زمان، دین، كولتور، كێشە، جوگرافیا، بیركردنەوە، هەموو شتێكی گەلی كوردو گەلی جوو لەیەكتر جیاوازە, هەر هیچ نەبێت كورد ئیسلامەو ئەوان موساین. لە خەیاڵی هەموو عەرەبێك و ئیسلامێك صەلاحەدینی ئەیوبی رەمزو كاریزمایەو رزگاركەری قودسە، بەڵام ئەوەندە زیرەكانە ناوی كوردیان بەستۆتەوە بە ئیسرائیل لەجیاتی ئەوەی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و موسوڵمانەكان سۆزیان بۆ كوردی نەوەی صەلاحەددین هەبێت، جنێوو نەفرەتی بۆ بنێرن و بە ئیسرائیلی دووەم وەسفی بكەن. بیرمە لەكاتی ریفراندۆم رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران كە باڵاترین گوتاری دەوڵەتەكەیە بە ئاشكرا گوتی: رێگا نادەین ئیسرائیلی دووەم دروست ببێت.

باشە بۆ ئێمە ئیسرائیلی دووەمین؟ پرسیارێكە وەڵامێكی دورو درێژی دەوێت.

هەر جوڵەو خەبات و تێكۆشانێكی كورد دەبەستنەوە بە ئیسرائیل لەهەر چوارپارچە، دەیانجار كۆماری ئیسلامی ئێران بزوتنەوەی كوردی لە رۆژهەڵات بە گرێدراوی ئیسرائیل وەسف كردووە، باشوری كوردستان بە ئیسرائیلی دووەم وەسف كردووە, ئێستاش بەردەوام رۆژئاوای كوردستان بە گرێدراوی ئیسرائیل دەزانن, باكوریش هەروا. لەكاتێكدا كورد خەباتی نەتەوەیی و سیاسی رەوای خۆی دەكات و هیچ سنورێكی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل نیە.

بەردەوامیش بە فەرمی كورد پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین و گەلەكەی و كێشەكەی دووپات كردۆتەوە.

تاوەكو ئێستا ئیسرائیل هیچی بۆ كورد نەكردوە، بە كردەوە لەسەر زەوی هیچی دیار نیە، ئەوەتا بەهۆی (رێككەوتنی پاریس) كیانی رۆژئاوای كوردستان لەبارچوو، تەنها پارێزگارێكی حەسەكەمان بۆ ماوەتەوە كە ئەگەر دوو ریش سپی كاتی خۆی چووبان بۆ لای بەشار ئەسەد هەر بەدیاری پۆستەكەی دەدایە كوردێك!!. كە هۆكارەكەی رێككەوتنی ئیسرائیل و سوریایە.

سێ پارێزگای لە سوریا وەرگرت و نقەی نەما, ئەگەر ئیسرائیل لە پشتی كوردە رۆژ هەیە لەوە تەنگانەتر بۆ كورد ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە؟ بۆ ئیسرائیل ناتوانێت چەكی زۆر پێشكەوتوو دابین بكات؟

ناتوانێت كۆمەكی گەورەی دارایی بكات؟ ناتوانێت ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەمریكاو ئەوروپا بهەژێنێت؟ كوا یەك كردەوەی ئیسرائیلم پێ بڵێن بۆ كورد؟. ئینجا لەباشوری كوردستان لەكاتی داگیركردنەوەی كەركوك و شەنگال و ناوچە كوردستانیەكان چی كرد؟ كوا رۆژێك یەك پشتیوانی بە كردەوەی ئیسرائیلم پێ بڵێن بۆ كوردی باشور؟ بۆ رۆژهەڵات؟ ئەگەر چەند پارچە چەك و فیشەك و یەك دوو لێدوانی هاوسۆزییە ئەوا هەر یەك دوو دوكانداری چەك فرۆشی لە هەولێر بەتەنیا دەتوانن دوو هێندەی ئیسرائیل چەك بۆ كورد دابین بكەن؟ من نازانم لەروی سەربازی، جوگرافی، ئابوری، دبلۆماسی، مەیدانی، نەتەوەیی، سیاسی... ئیسرائیل چی بۆ كورد كردووە؟ حەزەكەم بزانم.

بەڵام ئەو راستیەش ئەزانم، كورد هیچ كات پشتیوانی ئیسرائیل نەبووە، تەنانەت كورد هەیە لێرەوە چۆتە فەلەستین و لەوێ كوژراوە، لەروی زمان، كولتور، فەرهەنگ، سیاسی، دینی، هەموو لایەنەكان كورد زۆر دژی ئیسرائیل بووە. تەنانەت كورد جنێوی دنیای هەیە لەسەر گەلی جوو, راشكاوانە ئێمەش هیچمان بۆ نەكردون. بەڵام ئەمڕۆ ئەوان هێزن، دەوڵەتن، پشتیوانی گەورەیان هەیە، ئێمەش چاومان لە هاوكاری ئەوانە، بۆ ئەوەی ئێمەش لەدەست هەژمونی تەعریب و داعش و تیرۆریستان و توركە دڕندەكان و فارسە مەزهەبیەكان پارێزراوبین و بەهاكانمان بپارێزین، كە دەكرێت لەروی بەهاكانەوە پێكەوە كار بكەین.

بابەتێكی تر هەیە دەمەوێت بزانم سەركردایەتی سیاسی كورد بۆچی ئەوەندە خۆی دەپارێزێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل؟ دەوڵەت نەما نەچێتە ناو رێككەوتنی ئیبراهیمی و باڵیۆزخانەو كونسڵخانەی ئیسرائیل لە وڵاتەكانیان نەكەنەوە. كورد پێویستە روون و راشكاو لەسەر ئەم گوتارە كاری جددی بكات. بەتایبەت پێویستە كورد دوو گوتارو دوو بەرنامەو دوو سیاسەتی راشكاوی هەبێت، یەكێكیان بۆ دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەوەی تریان بۆ كۆمەڵگەی ئیسرائیل. ناكرێت ئێمە لە هەردووكیان بێبەشین و بەناوی هەردووكیان باجی قورس دەدەین. ناكرێت تۆمەتی دنیامان بۆ دروست بكرێت بەناوی ئیسرائیل كەچی كاری لەسەر نەكەین بەتایبەت دەزگا فەرمیەكان و نوێنەرانی كورد لەناو دەوڵەتانی ناوچەكەو هێزە سیاسیەكان.

بە بۆچونی من ئیسرائیل تەنها كار بۆ خۆی دەكات، هیچی بۆ كورد نەكردووە، ئەگەر لە پشتی پەردەش شتێكی هەیە هیچ نیەو لە سەر زەمین و خاكی كوردستان بچوكترین سودی نەبووە.

هەموو وتارەکانی هەندرێن شێخ ڕاغب

سەرەکی