د. سارا محسین قادر 14/02/2026 111 جار خوێنراوەتەوە

شەرعییەتی ئەمنی لە سەرووی سنووری دەوڵەتەکانەوەیە

ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD)، لە کۆنگرەی ئاساییشی میونشن بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وەرچەرخانێکی دیپلۆماسیی گرنگە؛ چونکە ئەم کۆڕە ئەمنییە زیاتر لەسەر هاوکێشەی هێز و واقیعی مەیدان (Realpolitik) کار دەکات نەک تەنها پڕۆتۆکۆلی فەرمیی دەوڵەتان.

بانگهێشتکردنی عەبدی، سەرەڕای ئەوەی نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی دانپێدانراو ناکات، دانپێدانانە بە ڕاستییەکی مەیدانی: ئەو و هێزەکەی کلیلەکانی ئاساییشی ناوچەیەکی فراوانیان بەدەستەوەیە.

لە ماوەی ڕابردوو، بەرگریەکی سەخت لەسنوری رۆژئاوا و دۆسیەی زیندانیانی داعش، پاراستنی سنوور و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆریزم، و هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا، هەموویان وایکردووە عەبدی ببێتە سەرکردەیەکی ئەمنی کە ئەستمە و مەحاڵە پەراويز بخرێت.  بەڵکو ئەم بەشداریکردنە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی وێنەی ئەو لە “فەرماندەیەکی مەیدانی” بۆ “کەسایەتییەکی سیاسی-ئەمنی بەهێز ” کە توانای دانوستانی نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی قەیرانی هەیە.

لە ڕووی هەرێمایەتییەوە، ئامادەبوونی عەبدی لە میونشن پەیامێکی ڕوونە: هاوکێشەی ئاساییشی ناوچەکە ناتوانرێت بەبێ هێزێک کە بە شێوەیەکی دیفاکتۆ کۆنتڕۆڵ و سەقامگیری دابین دەکات چارەسەر بکرێت. لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ گۆشەگیرکردنی هەسەدە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بوون، بانگهێشتکردنەکە نیشانەی ئەوەیە کە بەرژەوەندیی ئەمنیی ڕۆژئاوا لەسەر زەوی بە سەر پڕۆپاگەندەی سیاسییەکاندا زاڵترە.

لە ئاستێکی ستراتیژییدا، ئەم هەنگاوە باس لە گۆڕینی پێناسەی “شەرعییەت” دەکات. لە سەدەی ٢١دا شەرعییەت تەنها بە ناسنامەی دەوڵەتداری و کورسیی نەتەوەیەکگرتووەکان دیاری ناکرێت؛ بەڵکو بە توانای کۆنتڕۆڵکردن، دابینکردنی ئاساییش، و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانیش پێناسە دەکرێت. ئەگەر هێزێک بتوانێت سەقامگیری دروست بکات و هەڕەشەی تیرۆریزم کەم بکات، ئەوا لە میزانی هەژمارکردنی ئەمنیی نێودەوڵەتیدا شوێنێکی تایبەتی دەبێت.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە دیپلۆماسییە بەرپرسیارێتییەکی گەورەش دەهێنێت. ئەگەر هەسەدە بیەوێت لە قۆناغی “هێزی چەکدار”ەوە بگوازرێتەوە بۆ بەشێکی دامەزراوەیی لە سیستەمێکی سیاسیی جێگیر، دەبێت توانای خۆی لە بەرێوەبردنی مەدەنی، مافە مرۆڤایەتییەکان، و دروستکردنی چارچێوەیەکی شفاف بۆ دانوستانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بسەلمێنێت.

لە کۆتاییدا، میونشن ٢٠٢٦ تەنها سەحنەیەکی وتاربێژی نییە؛ مەیدانێکە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ دەتوانێت لە ژیان و مردنی ناوچەیەکدا کاریگەری هەبێت. ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی لەم مەیدانەدا نیشانەی ئەوەیە کە شەرعییەتی ئەمنی لە جیهانی ئێستادا بە سەرووی سنووری دەوڵەتەکانەوە دەچێت، و ئەوەی دەتوانێت ئاساییش دابین بکات، شوێنی خۆی لە مێزەکانی بڕیار دانراوەکان(مێزە دبلۆماسییەکان) دەدۆزێتەوە واتە
دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆ و دانوستانە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکان لەبارەی ناوچەکە بەبێ ئەو نادرێن.

هەموو وتارەکانی د. سارا محسین قادر

سەرەکی