عومەر عەلی محمد 14/02/2026 29 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژئاوای کوردوستان و پرسیار لە هەڵوێستی ئیسلامیەکان

ئەوەی ئێستا لە کوردستانی ڕۆژئاوادا دەگوزەرێت، بە وەرچەرخانێکی مێژوویی دادەنرێت لە مێژووی خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد بۆ ئێستا و ئایندە، چونکە ئەم ڕووداوە بوە هۆی  ئەوەی کە هەموو هێزەکان وەک خۆیان بناسرێن و کۆتایی بە ئەو دەمامکانە بهێنرێت کە ماوەیەکی زۆرە خۆیان لە ژێریدا حەشار داوە ،لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگە لەم کاتەدا بوترێت هەڵوێستی هێزەی ئیسلامیەکانە، چ لە ناوە و چ لە دەرەوە بەرامبەر بە دۆزی ڕەوای کورد و مافی چارەی خۆ,نووسین و ئازادی بیروڕاو زمان و مافە کولتووری و سیاسیەکان، بە شێوەیەکی گشتی. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە ئەم ڕووداوەی دواییدا تایبەت بە کوردانی ڕۆژئاوا و هێرشەکانی دیمەشق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی زەویە ئازادکراوەکان لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە و کۆتایی هێنان بە ئیدارەی خۆسەری،لەگەڵ ئەم ڕوداوەدا ڕوبەڕو دەبینەوە لەگەڵ گوتارێکی ئیسلامی  دیمەشق و هاوئاوازەکانیان، کە دەیانەوێت داوای مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بۆ خۆبەڕێوەبردن و فیدراڵی و کۆنفیدراڵی بە هەوڵێکی جودا خوازی و تێکدانی یەک پارچەیی خاکی سووریا و خواستێکی ئیسرائیلیانە بۆ تێکدانی یەک ڕیزی گەلی سووریا و میللەتانی موسڵمان لە ناوچەکەدا لە قەڵەم بدەن ،کە ئەمیش لە لێدوانەکەی خالید ماشعەلی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسانی باڵای تورکیاو زۆر سەرکردەو بانگخوازی ئیسلامی و کەناڵەکانی وەک جەزیرەو ئەل عەرەبیەو سەرانی پایەبەرزی وڵاتانی وەک قەتەر سعودیەوە ئەردەن و.....هتد،بە ڕوونی دەرکەوت.

لێرەوە زۆر پێویستە بە گرنگیەوە گوتاری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەربارەی ئەم بابە هەڵوەستەی لە سەر بکرێت، چونکە ئەو هێزەی کە ئێستا لە دیمەشق فەرمانڕەوایی دەکات پاشخانێکی ئیسلامی هەیە و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتیش لەژێر کاریگەری ئەم گوتارەدان کە تیایدا هەمان گوتاری پان عەرەبیزمی بەعسی سەردەمی ئەسەدە، بەڵام بە گوتارێکی ئیسلامی موتوربە کراوە. واتە ئەم گوتارە گوزارشت لە جەهەری گوتاری ئیسلامی قورئانی ناکات ،کە گەلانی مسوڵمان بە برا ناو دەبات و دەبێت هەمووان یەکسان بن لە مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا، بەڵکو ئەمانە ئیسلام دەخەنە خزمەت گوتاری شۆڤێنیزمی عەرەبی و نایەوێت کوردیش هاوشێوەی عەرەب وەک دانی شانە سەیر بکرێن و خاوەنی هەمان ماف بن لە هەمو ڕوویەکەوە.

لەبەر ئەوە تێگەیشتن لەم دیدە شۆڤێنیە ڕووکەش کراوە بە ئیسلام، دەبووایە هاندەرێک بووایە بۆ ئەوەی کە ئیسلامییەکانی کوردستانیش بە هۆشیاری و تێگەیشتنی قووڵەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو گوتارەدا بکردایە، لە جیاتی کەوتنە ژێر کاریگەرییەکی ساویلکانە .بەڵکو پێویست بوو،کاردانەوەیەکی نیشتمانی  و نەتەوەییان هەبووایە، بە شێوەیەک کە ئەوان چۆن ماف بە خۆیان دەدەن بە دەر لە هەموو ڕاستییەکی مێژوویی و دەقەکانی قورئان و فەرموودەو مافە سروشتییە خواکردەکان، چەواشەکاری دروست بکەن. دەبوو بیانوتایە پێویستە ئێمەش ڕاستگۆیانە بۆ بەرگری لە مافەکانی گەلێکی موسڵمانی ستەم لێکرا و هەموو ڕێگەیەک بگرین و ڕاستییەکان بۆ خەڵکی خۆمان و دەرەوە ئاشکرا بکەین، کە ئەوەی ئەمڕۆ لە دیمەشق و تاران و بەغدا و ئەنقەرە دەیکەن بەرامبەر بە گەلی کورد، نە هەڵقوڵاوی جەوهەری ئیسلامە، نە دیموکراسییە نە ئازادی مافی گەلانە بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین.
ئیسلامییەکانی کوردستان دەبووایە لە ئێستاوە بە خوداچوونەوەیەکی شێلگیرانەیان هەبوایە لە مەڕ هەڵوێستەکانی ڕابردوویان لە بەرامبەر هێزە سیاسیە ئیسلامییەکان و بانگخوازەکان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش ئەو چوار پایتەختەی کە ئێستا لە هەر یەکێکیاندا  هێزێکی ئیسلامی دەسەڵاتدارە ، پێیان بڵێن  لە کاتێکدا ئێوە خۆتان بە هەڵگری پەیامی ئیسلامی دەزانن و ڕۆژانە لە ڕێگەی میدیا و ناوەندە سیاسییەکان و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆر پێگەی تریش پشتیوانی لە کێشەی گەلی فەڵەستین لە غەززە دەکەن، بەڵام ئەی بۆ بەرامبەر ئەو هەموو ستەم و نادادی و پێشێلکردنانەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەندێک جاریش دەگاتە ئاستی جینۆساید و کوشتن و ڕاگوێزان و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی کەبەرامبەر بە گەلی موسوڵمانی کورد دەکرێت، ئایا بۆچی ئێوە بێ هەڵوێستن ،یان بۆچی خۆتان ئەوکارە دەکەن ئایە ئەمە وەک کورد دەڵێت بانێک و دوو هەوا نیە،؟ ئیسلامییەکان دەبووایە پێشەنگی هەڵگری دروشمی ناڕەزایی بوونایە دژی ئەو نادادی و ستەمکاریەی کە لە گەلەکەیان دەکرێت، چونکە ئەمە گەورەترین جیهادە کە بە ڕووی دەسەڵاتێکی ستەم کاردا بوەستیتەوە و نەهێڵی ستەم بکات.

دەبوایە ئیسلامییەکان وەک نیشتمان و نەتەوە پێشەنگی ئەو خەباتە نوێیە بوونایە کە لە ئێستادا بە خەباتێکی مەدەنی بەرفراوان  لە سەر ئاستی جیهاندا دەکرێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وەستانەوە دژ بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد,بە تایبەتیش  لەو پایتەختانەی کە بانگەشەی ئیسلامی بوون و موسڵمان بوون دەکەن. بە هیوای ئەوەی ئیسلامیەکان لە ئاستێکی باڵادا ئەم کارە بکەن، پێداچوونەوە بە گوتاری تەقلیدی خۆیاندا بکەن و بە گیانێکی نوێوە سیاسەت بخەنە خزمەت ڕزگارکردنی گەلی کورد لە دەست دوژمنان و داگیرکەران .

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

هەموو وتارەکانی عومەر عەلی محمد

سەرەکی