عبدالرحمان ئازاد حسن 20/02/2026 93 جار خوێنراوەتەوە

مرۆڤایەتی لەنێوان شارستانیەتە ڕۆژئاواییەکان وە شارستانیەتی ئیسلام

ئەوەی وتراوە و تەنانەت گەر بۆ جارێکیش بێ بەر گوێمان کەوتوە و بیستومانە کە ملیۆنان ساڵ لەمەو بەر مرۆڤ لە ڕۆژگارێکی زۆر سەخت و دژواردا ژیاوە لەچاو ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا،قۆناغەکانی پێش مێژوو کە پێیان دەوترێت قۆناغی ڕاو و شکاری یاخود قۆناغی کۆچەری یاخود قۆناغی خۆبژێوی پشت بەست بە سروشت کە تێیدا سروشت سەرچاوەی سەرەکی ژیانکردن بوە،وە لە نێو باوەشی سروشتدا لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون وە خۆراک و پۆشاک و هەمو پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان لە ئاژەڵ و دارو درەختەکان بەردەست خستوە..

هاتنی شارستانیەت: شارستانیەت ئەو قۆناغەیە کە یارمەتی گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی داوە،وە مرۆڤ لەم قۆناغەدا گەشتە ژیانێکی ڕێکخراو لەڕوی مادی و فکری و ئەخلاقی و قانونی هتد…

هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە شارستانیەت وەکو ڕوحە لە جەستەدا وە خزمەتێکی گەورە و سەرەکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردوە چونکە لەپێشتردا کە ئاماژەی پێ کراوە دیار بوە کە ژیانی پێش شارستانیەت چۆن بوە،ژیانێکی پڕ پشێوی و ئاڵۆزی کە هەمو شتێکی تیا کراوە بۆ ئامرازە سادەکانی بژێوی ڕۆژانە.
بەپێی تێپەڕبوونی سەردەمەکان وە زۆر گەشەسەندنی ئەم فاکتەرە مرۆڤایەتی بەگشتی شایەتی داوە لەسەر کاریگەری و ململانێی نێوان شارستانیەتەکان،وە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی(ئەوروپا-ئەمریکا)و شارستانیەتی ئیسلام بە دو لە ناکۆکترین شارستانیەت لەگەڵ یەکتردا دا دەنرێن بۆیە بە پێویستم زانیوە کە بەراوردێکی نێوان هەردو شارستانیەت بکەم بە وردی.

لە گرنگترین جیاوازی نێوان هەردوو شارستانیەتەکە سەرچاوەکانیانە کە شارستانیەتی ئیسلامی سەرچاوە و ئیلهامی لە قورئانەوە وەردەگرێت،کە جەخت دەکاتەوە لە پاراستنی مرۆڤ لە ڕووی ڕوح و جەستەوە وە چالسازیکردن لەسەر زەوی پاڵپشت بە مەمهەجێکی ئەخلاقی کە سەرچاوەکەی قورئان و فەرمودەکانی پەیامبەری خودایە(د.خ) هاوشانی ئەوەش کارکردنە بۆ قیامەت واتا هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان هەردو دونیادا،بە پێچەوانەوە شارستانیەتی ڕۆژئاوا سەرچاوە و ئیلهامی خۆی لە ئەقڵ و لۆژیک و فەلسەفەی ماددیەوە وەردەگرێت لەگەڵ جەختکردنەوە لە کاروباری دونیایی و تاکگەرایی کە زۆر جار بەهۆی حەڵاڵکردنی زۆرینەی ئەو حەرامکراوانەی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا هاتوون وە شەرع پێدانیان وەکو حەڵاڵ سەرنج ڕاکێش دەردەکەوێت.

وە لە ڕووی ئامانجەوە ئاینی ئیسلام ئامانجێتی کە هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان هەردو دونیادا وە لەسەر زەویدا مرۆڤایەتی ئەوەی خودا دایهێناوە بۆ ئامانجی چاکسازی بەکاری بهێنێ و مرۆڤایەتی دور بکەوێتەوە لە فەسادکاری،لە بەرامبەردا شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەڕووی ئامانجەوە جەخت دەکاتە سەر پاداشتی ماددی و پەرەپێدانی توانای ئابوری بەشێوەیەکی سەرەکی بەهەر ڕێگایەک بێ.
وە یەکێکی کە لە جیاوازیەکانیان لەڕوی مەرکەزەوەیە کە مەرکەزی سەرەکی لە شارستانیەتی ئیسلامدا خودایە بەڵام مەرکەزی سەرەکی لە شارستانیەتی ڕۆژئاواییدا خودی مرۆڤە.

وەیەکێکی کە لە جیاوازیەکانیان بریتیە لە بەها ئەخلاقیەکان کە ئەم بنەمایە لە ئاینی ئیسلامدا جێگیر و چەسپاوە، بەڵام لە شارستانیەتی ڕۆژئاواییدا ئەم بنەمایە بەپێی گەشەسەندنی کۆمەڵگا گۆڕدراوە.

وە یەکێکی دیکە لە جیاوازیەکان بوونی بەرپرسیارێتی هاوبەشە لە شارستانیەتی ئیسلامدا بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگا، بەڵام لە شارستانیەتی ڕۆژئاواییدا جەخت خراوەتە سەر توانای ئابوری تاک وە ئازادی تەواوی پێ دراوە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگا بەهەر جۆرێک بیەوێت.

عیبرەت لە شارستانیەتی ئیسلامی بەدیهێنانی ئیسڵاحی سەرتاسەریە لەسەرزەوی پشت بەس بە دەقی قورئان و فەرمودەی پەیامبەران وە بەدیهێنانی بەزەی و برایەتی و دادپەروەری لەنێوان مرۆڤەکان،بەڵام شارستانیەتی ڕۆمانی ئامانجی بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتیە لەڕێگای سەرمایەی زەبەلاح و ئابوری زلهێز پشت بەست بە تاکی سەرمایەدار و ماددە و تەکنلۆژیا.

لەڕوی پێکانی ئامانجەوە، ئامانجی شارستانیەتی ئیسلام کە وەک لە پێشەوەدا ئاماژەی پێ کراوە لەڕابردوودا توانیویەتی بەشێوەیەکی باش ئامانجەکانی بەدی بهێنێ و دادپەروەری سەرتاسەری لەسەر بنەمای حوکمی قورئانی بەدی بهێنێ لەسەرتاسەری زەوی سەردەمی پێغەمبەران بە نمونە هەروەها عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و سەڵاحەددینی ئەیوبی ڕەزای خودایان لێبێ.

بەڵام لە ئەمڕۆدا بەرەو لاوازی تەواو چوە بەهۆی بەلاڕێدابردنی و ئیستیغلالکردنی بۆ فەساد نانەوە لەسەر زەوی و ستەمکردن لە گەلانی لاواز لەلایەن وڵاتە ئیسلامیەکان کە دورن لە هەمو بەهایەکی جوانی ئیسلام.

بەڵام سەبارەت بە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی کە ئامانجی بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد لە هەموو ڕویەکەوە پشتبەست بە ئابوریەکی بەهێز لە ئەمڕۆدا بەهۆی دەوڵەمەندی وڵاتانی پەیڕەوکاری ئەم شارستانیەتە وڵاتە ئەوروپاییەکان و ئەمریکا بەتایبەت توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی..

سەرەکی