هونەر تۆفیق
28/02/2026
238 جار خوێنراوەتەوە
جەنگی پاشامات
بەگوێرەی دابەشکردنی چواگۆشەکانی شەترنج ، گەمەکە لەسەرەتادا بە قڕکردنی سەرباز و چەکەکانی تری بەردەستی پادشا دەستپێدەکات ، ئەوجا شا تەسلیم ( مات) دەکرێت.
واتە لە جەنگی کلاسیکدا پاشا دەمێنێتەوە بۆ ئیمزاکردنی تەسلیمبوون.
بەڵام لەم شەترنجە تازانەی ئەمریکا_ ئیسرائیلیدا ، ڕاستەخۆ پاشا بەئامانج دەگرن.
ئەم مۆدێلە لە فەنزویلادا سەرکەوتووبوو ، بەڵام ئایا لەئێرانیشدا بەهەمان شێوەیە ؟
ئەمریکاییەکان بەپشت بەستن بە ناڕەزایی خەڵکی ئێران دەیانەوێت لەجەنگێکی کورتدا ( بۆردمانی ئاسمانی) دەوڵەتەکە بڕوخێنن ..
دەستەڵاتی ئێرانیش پێچەوانەی ئەوان ، بەپشتن بەستن بەدرێژکردنەوەی ماوەی جەنگەکە پلانەکەیان لێ تێکبدەن ..
لەجەنگی دوانزە ڕۆژەی پێشوودا بڕیاری دەستپێکردن و ڕاگرتنی جەنگەکە لەدەست ئەمریکاییەکاندابوو ، بەڵام لەم خولەیاندا بەگوێرەی لێدوانی ئێرانیەکان دەڵێن : دەستپێکی لەدەستی ئێوەدایە ، بەڵام بڕیاری ڕاگرتنی لەدەست ئێمەدایە !!
دەستپێکی ئەمجارەیان جیاوازە لە خولی هەشت مانگی ڕابردوو.
وەڵامدانەوەی ئێران جگە لە ئیسرائیل لە وڵاتانی کەنداویشدا ، پێشهاتێکی جیاوازە . چونکە هەموو لێکدانەوەکان لەو ئاستەبوون کە ئێرانیەکان نایانەوێت بە لێدانی میرنشینەکانی کەنداو ( قەتەر ، بەحرەین ، ئیمارات ، کوەیت ) سعودیەکان بهێننە ناو جەنگەکەوە.
بەڵام ئێران لە سەعاتەکانی یەکەمدا هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتانە.
واتە گەورەکردن و فراوان کردنی جەنگەکە کەلە درێژەدا دەشێت وەعدی داخستنی گەرووی هورمزیشی بەدوادابێت.
کەدەکاتە بە ئیقلیمی کردنی جەنگەکە . ئەوەش دەکاتە جەنگی هەمووان لەدژی ئێران و ئێران لەدژی هەمووان .
کەواتە ئێران وەک داهێنەری مێژوویی گەمەی شەترنج دەیەوێت بەهەمان شێواز و بنەما سەرەکیەکانیەوە لەشەترنجەکەدا بەردەوام بێت و ئەمریکاش دەیەوێت بەشێوازی خۆی بنەما سەرەکی و یاساییەکانی شەترنجەکە داڕێژێتەوە کە دەکاتە گەمەیەکی ترسناک لەناوچەکەدا کەبەدبەختیەکانی هەمووان دەگرێتەوە ..
|