زاگرۆس هیوا
19/03/2026
59 جار خوێنراوەتەوە
نمونەی جوتیارەکە ..دوو دوورگە، دوو پارادایم
نمونەی جوتیارەکە لەنێوان زاگرۆس هیواو ئەبووبەکر کاروانی دا
دوو دوورگە، دوو پارادایم
زاگرۆس هیوا-وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە
گفتوگۆیەک لەگەڵ کاک ئەبووبەکر کاروانی (بەشی دووەم و کۆتایی)
لەبەشی یەکەمدا هەوڵدرا لە سەر مەنزومەی مەعریفی و پارادایمی ڕێبەر ئۆجەلان، جیاوازی ئەم پارادایمە لە گەڵ پارادایمی باوی دەسەڵاتی ئەمڕۆی دونیا، میتۆدۆلۆژیای تێگەیشتن، جیبەجێکردن و ڕەخنەگرتن لەم پارادایمە باس و گفتوگۆ بکرێت، لەم بەشەدا، هەوڵدەدرێت وردبوونەوەیەکی زیاتر بکرێت لە سەر یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم پارادایمە کە وەک نەتەوەی دیموکرات پێناسە دەکرێت و جیاوازییەکانی لەگەڵ چەمکی نەتەوە-دەوڵەت ڕاڤە بکرێت.
ڕێبەر ئۆجەلان بە دیراسەکردن لە سەر مێژوو، سیاسەت، فەلسەفە، سۆسیۆلۆژیا، پێشکەوتنە زانستییەکان، تەکنۆلۆژیا، پەیوەندیەکۆمەڵایەتییەکان، هاوسەنگی هێزەکان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سەردەمێکی نۆێ بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد هاتۆتە ئاراوە، ڕێبەر ئاپۆ هەم ئەم سەردەمە و هەم جێگای کورد لەناو ئەم سەردەمەدا پێناسە دەکات، واتە ڕێبەر ئاپۆ شتێک لە دەرەوە بە سەر مێژوودا، بەسەر کۆمەڵگادا ناسەپێنێت، بەڵکو دیالێکتیکی مێژوو دەخوێنێتەوە و لە کاتی خۆیدا دەستێوەردان دەکات، ڕەنگە بە تەواوی لێک نەچن، بەڵام بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەسەلەکە با نموونەی جووتیارێکی کورد بهێنینەوە.
کاکی جووتیار هۆشیارییەکی لە سەر وەرزەکانی ساڵ (بڵێن مێژوو) هەیە، بە گوێرەی خۆی هۆشیارییەک و خوێندەوەیەکی مێژوویی هەیە، بڵێین وەرز، کاتێک کە سەردەمێک یان وەرزێک هاتە ئاراوە، جووتیار ئەم وەرزە پێناسە دەکات و بەگوێرەی خۆی دەستێوەردان دەکات بۆ گەیشتن بە بەرهەمێکی تایبەت، بۆ نموونە جووتیارەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو وەرزەی هاتووە بەهارە، هەربۆیە دەست دەکات بە دەستێوەردان، واتە چاندنی نەمام و یان هەر تۆیەکی دی کە بزانێت لەم ورزەدا گونجاوە، لێرەدا جووتیارەکە بە زۆر بەهار ناهێنێت، بەڵکو خۆی لەگەڵ بەهاردا دەگونجێنیت، ئەگەر درەنگ بمێنێت، ناچارە تا وەرزێکی دی هاتنی بەهار هەر لە درگای ئەم و ئەو بدات بۆ نانێک، ڕێبەر ئۆجەلانیش، وەک کوڕە جووتیارێکی کورد، بە شیکردنەوەی هەمەلایەنەی مێژووی ١٢٠٠٠ ساڵەی مرۆڤایەتی و کورد و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەیی، ئەم سەردەمە مێژوییە وەک سەردەمی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی پێناسە دەکات و تیۆریزەی دەکات.
لایەنە فەلسەفەی و سیاسی و سۆسیۆلۆژییەکانی شیدەکاتەوە، بە گوێرەی ئەم شیکردنەوانە دەستێوەردان لەم سەردەمەدا دەکات و هەر نەمامێک کە بزانێت بۆ گەلی کورد و بۆ مرۆڤایەتی گونجاوە دەیچێنێت، دەتوانین هەندێک لەم نەمامانە بەم شێوەیە پێناسە بکاین: ئاشتیی، ئازادی مرۆڤ، ئازادی کۆمەڵگا، ئازادی ژن، تاکی ئازاد و کۆمینی دیموکراتیکی، یەکێتی نەتەوەیی، سیاسەتی دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک، یەکێتیی دیموکراتیک گەلی کورد، برایەتی گەلان، خۆپاراستن، ،هۆشیاری ژینگەیی، نەورۆز، هاوڵاتی ئازاد و هتد. هەریەک لەم نەمامانە بە خوێنی سەدان و هەزاران شەهید ئاودراون، زۆر زستانی سەختی زوڵم و چەوسانەوەیان تێپەڕ کردووە.
هەریەکە و چەمکێکین، ڕەمزێکن کە سەرەتا تەنیا لە لایەن چەند کەسێکەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە ڕەنجی نوێنەرەکان ئەو چەمکە چەکەرە دەکات و مەزن دەبێت و دەبێتە ماڵی هەموو کەسێک، بۆ نموونە یەکەم جار مەزڵوم دۆغان زۆر لێکۆڵینەوەی لە سەر واتای مێژوویی نەورۆز کرد، سەر لەنوێ پێناسەی کرد، بۆ ئەوەی کە نەورۆز بکاتە ڕەمزی “بەرخودان” لە ڕۆژی نەورۆزدا لە دژی ئەشکەنجە نامرۆڤانەکانی زیندانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دواتر زەکیە ئەڵکان، ڕۆناهی و بێریڤان و ڕەهشان لەسەر هەمان نەریت و ڕێباز چالاکی گیانبازییان کرد، لە سایەی ئەم شەهیدانەوە، دوای زیاتر لە چل ساڵ نەوروز لە بۆنەیەکی گەشت و سەیران و یاپراخ و کفتە و سفرەی “حەفت سین”ەوە بووە بە بۆنەیەکی تێکۆشانی نەتەوەیی و سیاسی بۆ بەرخوەدان و ئێستا بە ملیۆنان کەس لە هەر چواربەشی کوردستان و لە چوار لای دونیا بە شێوەیەکی سیاسی و نەتەوەیی پیرۆزی دەکەن.
کەس دەتوانێت بڵێت کە ئەم پیرۆزباییانە ٤٠ ساڵ لەمەو پێش هەبوون؟! یان کاتێک کە سەرەتا ساکینە جانسز بەشداری پەکەکە بوو، ڕەنگە زۆر کەس واتایەکی ئەوتۆی نەدەدا بە بەشداری ژن، زۆر تانە و تەشەریان لێدابێتیش، بەڵام بە پێداگری و خەبات و تێکۆشان کەسایەتی ساکینە جانسز بوو بە نەمامی ئازادی ژن و ئێستا بە هەزاران شەڕڤان و گەریلا لە سەر ئەو ڕێبازە تێکۆشان دەکەن و بە ملیۆنان ژنی کورد وەک سیمبولی خۆیان سەیری دەکەن.
دەتوانین بۆ برایەتی گەلانیش نموونەی هەڤالانی تورک حەقی قەرار، کەمال پیر و سڕی سورەیا ئۆندەر بهێنینەوە، کە میراتی تێکۆشانی ئەوان بوو بە هەوێنی HDP و یان “عەزیزی عەرەب” (خەڵکی ڕەققە، لە ساڵی ١٩٨٣ شەهید بووە) کە میراتی تێکۆشانی ئەو بوو بە هەوێنی HSD.
ئەگەر بە نموونەی جووتیارەکە بەردەوام بین، ڕەنگە ئەم کاکە بەڕێزەمان بیەوێت بەبێ خوێندنەوەی زمانی سروشت، بە گوێرەی ئارەزوو و خواستی خۆی هەوڵی ڕوواندنی بەرهەمێک بدات، بۆ نموونە بە پشتبەستن بە ئاوی باران برنجی بەرئاو بچێنێت، لە کاتێکدا ئەرزەکە و وەرزەکە بۆ گەنم و جۆ گونجاوترە، هەر بۆیە هەرچەندەش هەوڵ بدات، ئەنجامگیر نابێت.
ڕەنگە هێزێک، لایەنێک، سەرکردەیەک بەبێ خوێندەوەی دیالێکتیکی مێژوویی هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێک بدات، بەڵام ئەگەر ئەم سیستەمە بەگوێرەی دۆخی ژیۆپۆلیتک و سیۆسیۆلۆژیک و دیمۆگرافیای کورد نەبێت، ئەنجامگیر نابێت.
بۆ نموونە، کورد لە سەردەمی خۆیدا نەیتوانی دەوڵەتێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات، دوای ئەوە کە دەرفەتەکە لە دەست چوو ئەوە سەد ساڵە کورد بۆ ڕوواندنی دەوڵەتێک لە سەر خاکی کوردستان هەوڵ دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرفەتەکە لەدەست دەرچوو و ئێستا هەلومەرجەکە گەنجاو نییە، وێڕای هەموو گیانبازی و خوێنی پاکی بە ملیۆنان شەهید تا ئێستا سەری نەگرتووە، دەچینە بەر درگای خەڵکی و داوایان لێدەکەین کە دەوڵەتێکمان بدەنێ، ئەوانیش یان دڵنەواییمان دەدەنەوە و دەستێک بە سەرماندا دەهێنن و بە گیرفانی خاڵی ئۆغرمان دەکەن، یان سەرکوتمان دەکەن و کۆمەڵکوژییەکمان بەسەردا دەسەپێنن.
ئایا ناچارین لەمەبەدا هەر بەردەوام بین؟ ئایا ڕێگایەکی دی نییە؟ ئەی ئەگەر ئیدی سەردەمی دەوڵەت تێپەڕ بووبێت چی بکەین؟! ئەوا چارەنووسی سووریا و ئێران و ڤەنزوێلا دیارە! ئایا سزاواری ئەوەین کە بیکەین بە گرێیەکی دەروونی هەتاهەتایی بۆ خۆمان؟ لە جیاتی ئەوەی کە کورد لەسەر ئەم دەوڵەتبوونە پێداگری بکات، ڕێبەر ئاپۆ پڕۆگرام و ستراتیژێکی جیاوازتر لە پێناو گەیشتن بە جۆرێکی دی لە قەوارە و ستاتۆ، جۆرێکی دی لە چارەسەری پێشنیار دەکات، کە لەگەڵ شەرت و مەرجی هەنووکەیی و تایبەتمەندی مێژوویی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد گونجاوە، ئەوەیش کۆمەڵگای دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیکیە.
کە باس دێتە سەر دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەتی کوردی پێویستە ئاماژە بە حەقیقەتێکی مێژوویی بکەین، لە کوردستاندا تەنیا سێ سەرکردە و ڕێبەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان بەشێوەیەکی فەرمی و نووسراوەیی خستووەتە ناو پرۆگرامی خەبات و تێکۆشانی خۆیانەوە و لە پێناویدا تێکۆشانیان کردووە، ئەم سێ ڕێبەر و سەرکردەیەش شێخ مەحموود بەرزنجی، پێشەوا قازی محەمەد و عەبدوڵا ئۆجەلانن.
سەیری حزب و ڕێکخراوە دیارەکانی تر لە کوردستاندا بکەین، کەسیان لە پەیڕەو و پرۆگرامی حزبی خۆیاندا باسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ناکەن، یان لانیکەم کاریان بۆ نەکردووە، کاتێک کە ڕێبەر ئۆجەلان باسی کوردستانی سەربەخۆی بۆ هەر چواربەشی کوردستانی دەکرد و لە پێناویدا تێکۆشانی دەکرد، ئەو کاتەش هەر ئامانجی ڕەخنەکان بوو، دەگوترا؛ کە ئەمە شتێکی خەیاڵییە و لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت، ئێستاش کە باسی کۆمەڵگای دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک دەکات، دیسان هەر دەڵێین کە ئەمەش شتێکی گریمانەیی و خەیاڵییە و لەگەڵ واقیعی کوردستاندا ناگونجێت، کێشەی ئەم ڕەخنەگرانە لەگەڵ ڕێبەر ئۆجەلان ئەوە نییە، کە بیرۆکەی جیاوازی هەیە، کێشەکەیان ئەوەیە کە ڕێبەر ئۆجەلان وجوودی هەیە، کێشەکە کێشەی هەبوونە، لە خۆیدا ئامانجی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلانیش چارەسەرکردنی کێشەی هەبوونە.
ڕاستە، ڕێبەر ئۆجەلان بەردەوام لە ناو لێگەڕیندایە و لەسەر بنەمای ڕەخنە و خۆڕەخنەیی گۆڕانکاری لە هزر و پارادایمی خۆیدا کردووە، ڕێبەر ئۆجەلان پێوایە ئەو کاتەی کە دەستی بە تێکۆشان کرد، هەرچەندە لە بواری هێز و ئیرادە و ڕێکخستندا سەربەخۆ بوو، بەڵام لە هەندێک بواردا لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی ئارایی (سۆڤیەت) دا بوو و هەندێک لە ستراتیژ و تاکتیکەکان لە ژێر ئەم کاریگەرییەدا داڕێژرابوون.
یەکێک لە کاریگەرییەکان ئەوە بوو کە دەوڵەت-نەتەوە وەک تاکە ئامراز دەبینرا بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی.، بەڵام زیاتر قاڵبوونەوەی فکری و فەلسەفی و لەهەمکاتیشدا کەڵەکەبوونی ئەزموونی سیاسی و کرداری ڕێبەر ئۆجەلانی گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە دەوڵەت-نەتەوە تاکە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی نییە، چونکە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە لەلایەن گەلان و ئازادیخوازانەوە دانەنراوە، هەموو چوارچێوە و ناوەڕۆک و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە لایەن چینی سەردەستەوە داڕێژراوە.
دەوڵەت-نەتەوە ڕێکخسنتی چینی سەردەستە و ئامرازێکە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵات، لە سەر بنەمای چەوساندنەوەی گەلان و ژنان، هەر بۆیە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی کەوتە ناو لێگەڕینی نوێ، کە چۆن قەوارە و ستاتۆیەکی دیموکراتیک لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە وەک مۆدێلی چارسەری پێشکەش بکات، ئەم لێگەڕینە لە ١٩٩٣وە دەستی پێکرد و گەیشتە ئەمڕۆ کە وەک بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” فۆرمەڵە کراوە.
پێویستە ئەوە بزانین کە نەتەوە-دەوڵەت بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە، فۆرمێکی دەسەڵاتدارییە، بە درێژایی مێژوو زۆر شێوازی جۆراوجۆری دەسەڵاتداری دەرکەوتوون و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری بەسەریاندا هاتووە و لە سەردەمی جیاوازدا فۆرمی جیاوازیان لەخۆوە گرتووە، سەردەمانێک هێزی دەسەڵات خۆی وەک خودای سەر ئەرز پێناسە دەکرد.
دوای چەند هەزارساڵ ئەمە بوو بە خودا-پاشا، پاش چەن سەد ساڵێکی دی خۆی تەنیا وەک پاشا یان وەک ئیمپراتۆر پێناسە دەکرد، ماوەیەک خۆی وەک خەلیفە یان وەک قەشە و کەنیسە پێناسە دەکرد، ئێستاش خۆی وەک نەتەوە-دەوڵەت پێناسە دەکات، دەوڵەت-نەتەوە دوایین فۆرمی دەسەڵاتە کە دزەی کردووە ناو هەموو کایەکانی ژیان، سبەی ئەمە دەگۆڕدرێت و هێزی دەسەڵات پێناسەیەکی نوێ بۆ خۆی درووست دەکات، ڕەنگە ببێتە دەسەڵاتی کۆمپانیاکان، یان دەسەڵاتی ژیری دەستکرد، بەڵام گەوهەری هەموویان یەکە و ئەوە کەسەی کە ئەمڕۆ سەرۆککوماری بەهێزترین دەوڵەتی دونیایە، ئێستا خۆی بە ئاوێتەیەکی هەموو ئەم دەسەڵاتانە دەزانێت، جارێک دەڵێت من پادشام، جارێک دەڵێت من سەرۆککۆمارم، جارێک دەڵێت تەنانەت ڕێبەری ئایینی فڵان وڵات پێویستە من دەستنیشانی بکەم.
لە دونیا ئەمڕۆدا باسی هەبوونی ١٩٥ دەوڵەت دەکرێت، ئەمانە خۆیان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و یەکپارچەیی نیشتمانی پێناسە دەکەن، پێویستە ئەوە بزانین کە هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تەنیا چیرۆکێکە و بەس، دەوڵەتی سەربەخۆ، سەروەری نیشتمانی و شتی لەم شێوەیە، لە ڕاستیدا بوونی نییە، تەنیا یەک دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی هەیە، دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی دی دونیا هەموویان لقێکی ئەو دەوڵەتە ناوەندییەن، هیچ هێزێک ناتوانێت بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی ناوەندی دەوڵەتۆکێک بۆ خۆی دابمەزرێنێت، ئەگەریش دایمەزراند، یان گوێڕایەڵی دەوڵەتی ناوەندی نەبوو، ئەوا بە شێوازی جیاواز دەیڕۆخێنن، دەیخنکێنن.
دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموویان لە لایەن ئینگلیز و فەرەنساوە دامەزرێنراون، تاپووەکەیان لە گیرفانی ئەم وڵاتانەدایە، ئێستا دەبینین کە ئەمریکا بووە بە دەوڵەتی ناوەندی جیهان، داوای ئەو تاپووانە دەکات و دەیەوێت لە گیرفانی ئینگلیز و فەرەنسا دەردیانبهێنێت و ئەو سیستەمە دەوڵەتییەی کە لە سەر بنەمای پەیمانی سایکس-پیکۆ دامەزرابوو دەیرۆخێنێت، ڕووداوەکانی جیهان و بەسەرهاتی ڤەنزوێلا و عێراق و سووریا و ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕاستییە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەخاتە بەرچاومان.
هەروەها کاتێک کە لە مێژووی دەوڵەت-نەتەوە دەکۆڵینەوە و شەن و کەوی دەکەین دەبینین کە زۆربەیان جینۆسایدێکیان لە کارنامەدا هەیە، دەوڵەت–نەتەوە لە سەر جینوساید دامەزراوە، بە دیموکراسی دانەمەزراوە، بۆ نموونە دەوڵەتی ناوەندی ئەمڕۆی جیهان کە ئەمریکایە لە سەر گۆڕی ئەو سوورپێستانە دایمەزراوە، کە جینۆسایدکران و ئەوەی لێیان ماوەتەوە وەک کەرەستەی مۆزەخانە سەیریان دەکرێت، ئەگینا خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا، ئینگلیزی زمان نەبوون.
هەروها وڵاتانی ئەمریکای لاتین ئێستا هەموو بە ئیسپانی قسە دەکەن، بۆ؟! چونکە هەموو خەڵکە ڕەسەنەکەی لەلایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە کۆمەڵکوژکران، دەوڵەتی تورکیاش لەسەر مەزاری کورد و ئەرمەن و ڕۆم و ئاشووری و ئێزدی دامەزراوە، خەڵکی تورکیا ئێستا هەموو بە تورکییەک قسە دەکەن کە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش نەبوو، هیتلەر کاتێک کە کۆمەڵکوژی یەهوودییەکان دەکات، ئیلهام لە مستەفا کەمال ئاتاتورکەوە وەردەگرێت، ئەمە بە بەڵگەی مێژوویی هەموو سەلمێنراون، چیرۆکی ڕووسیا و ژاپۆن و فەرەنسا و پورتوگال و بەریتانیا و هۆڵەند و هند و پاکستان و هتد زۆر جیاواز نییە.
هەربۆیە ناتوانین لە ناو دەوڵەتدا لە دیموکراسی بگەڕێین، دەوڵەت جێگای دەسەڵاتپارێزییە، نەک دیموکراسی، دیموکراسی لە هەناوی کۆمەڵگایە، کۆمەڵگاکان بە درێژایی مێژوو بە پشتبەستن بە دیموکراسی خۆیانیان بەڕێوەبردووە، ڕەنگە بە شێوەی ئەمڕۆ سندووقی دەنگدان نەبووبێت، بەڵام هەمیشە جۆرێک لە بڕیار و کاری هاوبەش و هەرەوەزی هەبووە. دیموکراسیش هەر ئەوەیە، داینامۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنی مێژووش ناکۆکی نێوان سیستەمی دیموکراسی کۆمەڵگا-کۆمینە لە گەڵ دەسەڵاتداری و دەوڵەت.
ناکۆکی چینایەتی تەنیا بەشێکە لەم ناکۆکییە سەرەکییە، دەوڵەت کاتێک دیموکراتیکزە دەبێت کە کۆمەڵگای لە دژی دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە تێکۆشانی دیموکراتیک بکات، ئەو تۆزە دیموکراسی و حقووقەش کە لە ناو هەندێک لە دەوڵەتاندا هەیە، نەک لەبەر لوتف و دڵڕەحمبوونی دەسەڵاتدار و دەوڵەتمەدارەکان، بەڵکو لە سایەی تێکۆشانی کۆمەڵگادا هاتووەتە ئاراوە، تێکۆشانی کۆمەڵگا سنوورێکی بۆ دەسەڵاتی ئەوان داناوە، لغاویانی کردووە و تا ڕادەیەک هاوسەنگی هێزی گەڕاندووەتەوە، ناچاریان کردووە دەستور و یاسا دابنێن.
هەموو سیمبولەکانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتیک لە هەناوی کۆمەڵگاوە دەرکەوتوون نەک لە ناو دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەوە، دەوڵەت هەمیشە هەوڵیداوە ئەم سیمبولانە پاکتاو بکات.
نووسەری بەڕێز پێی وایە کە دیموکراسی لە دەوڵەت-نەتەوەدایە و دەڵێت: “دەوڵەت-نەتەوە ئەو چوارچێوە دامەزراوەیی و سیاسی و مێژووییە بووە دیموکراسی تیایدا گەشەی کردووە و پیادە کراوە، لە مێژووی هاوچەرخدا لە دەرەوەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بیرکردنەوە لە دیموکراسی و ئەگەری پیادەکردنی لە وەهمێک زیاتر هیچیتر نییە،” ئەمە لە کاتێکدایە گەورەترین وەهم ئەوەیە کە دیموکراسی لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا گریمانەی بۆ بکرێت.
مێژووی دەوڵەت و مێژووی دیموکراسی لێک جیاوازن، مرۆڤ بەبێ دەوڵەت دەتوانێت بژیت، بەڵام بەبێ دیموکراسی و بەبێ کۆمەڵگا ناتوانێت بژیت، چونکە دیموکراسی و بڕیار و کاری پێکەوەیی مرۆڤەکان خودی شێوازی هاتنە بوونی کۆمەڵگایە، ٩٨٪ـی کۆی مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی بەبێ دەوڵەت تێپەڕ بووە، سیستەمی دەسەڵاتدار لە جیهاندا، لە هەموو شوێنێکدا، لە ڕێگەی دەزگاکانی وەک پەروەردە و میدیاوە وەهمێکی وەهای درووست کردووە، کە گوایە بەر لەوەی دەوڵەت-نەتەوە بێتە کایەوە، لە نێوان گەلان، قەبیلەکان، عەشیرەتەکان، خێڵەکان شەڕ هەبووە و یەکترییان قەتڵوعام کردووە، لەکاتێکدا ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە، گەلان زۆربەی کات بە ئاشتی پێکەوە ژیاون، ئەوەی کە لێیانی تێکداوە، دوژمنایەتی لە نێوان گەلاندا و تەنانەت لە ناوخۆی یەک گەلی دیاریکراویشدا درووست کردووە و دامەزراوەی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆسەپێنی دەوڵەتە.
شەڕی یەکەم و دووەم و سێهەم جیهانی و بۆمبی ئەتۆم و کوژرانی بە دەیان ملیۆن کەس بەرهەمی دەسەڵاتی دەوڵەتەکانە، با بێینە سەر باشووری کوردستان، ئارەزووی بوون بە دەوڵەت و ئارەزووی دەستبەسەردا گرتنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، کۆمەڵگای باشووری کوردستانی تا چ ڕادەیەک لە سەر فڵان ڕەنگ و فڵان زۆن دابەش کردووە؟! با لە نەوەدەکان گەڕێین، ئایا ئێستا هەموو ڕۆژێک ڕەهەندەکانی ئەم دابەشبوونە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییەوە بگرە تا دان و دەخڵ و دەرمانی دەواجینەکان نابینین؟ ئەی باشە ئەم کۆمەڵگایە کە ئاوا بە سەر جۆمگەکان و جەمسەرەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدا دابەشکراوە، بۆ لەسەر بابەتی رۆژئاوا هەموویان بە هەموو ڕەنگەکانەوە یەکدەگرن و یەکدەنگن؟! بۆ ئەو هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە لە باشووردا بۆ بابەتی ڕۆژئاوا هەیە، لە پێناو خودی باشوردا نییە؟! هۆکاری سۆسیۆلۆژی و مێژویی ئەم هەڵوێستە چییە؟!
بۆ ئەوەی گەوهەری دەوڵەت-نەتەوە بە باشی بناسین، پێویستە سەیری دوورگەکەی جێفری ئێپستین بکەین، دوورگەکەی جێفری ئێپستین تاقیگەی دەوڵەت-نەتەوەیە لە سەردەمی مۆدێرندا، پوختە و کورتکراوەی دەوڵەت-نەتەوە دوورگەکەی جێفری ئێپستینە، ئەم دوورگەیە نیشان دەدات کە سەرۆک و دەسەڵاتداری دەوڵەت-نەتەوەکان پێویستە چ جۆرە کەسایەتی و ئەخلاقێکیان هەبێت، زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان، بە یەهوودی و مەسیحی و موسڵمان و کافرییەوە، یان بوون بە میوانی دوورگەکەی جێفری ئێپستین و دەستدرێژییان کردە سەر کچانی منداڵ، یان کەرەستەی ماددی و مەعنەوییان بۆ ئەو دوورگەیە ناردووە (وەک ناردنی فەرشی کەعبە لە لایەن دەسەڵاتدارانی خەلیجەوە، ناردنی منداڵی کچ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە) و یان بۆ خۆیان دوورگەیەکی لەو شێوەیان هەیە، یان وەک مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین گوتی باخێکیان هەیە، هەر کەسێک کە بیەوێت لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە تێبگات، ئەگەر کاتی خوێندنەوەی پەرتووکی نەبوو، تەنیا لە سەر دوورگەی ئێپستین تێڕامان بکات بەسیەتی، هەموو شتێکی بۆ ڕوون دەبێتەوە، پارادایمی دوورگەی ئێپستین ئەمەیە: کۆیلەکردنی مرۆڤ، کۆیلەکردن و دەستدرێژی کردنە سەر ژن، خاپورکردنی ژینگە.
لەم دونیایەدا دوورگەیەکی دی هەیە کە ڕێک پێچەوانە و دژی دوورگەکەی ئێپستینە، لە پارادایمدا، لە سیاسەتدا، لە ئەخلاقدا پێچەوانەیە، ئەو دوورگەیەش دوورگەی ئیمراڵییە و خاوەنی ئەو پارادایمەش ڕێبەر ئۆجەلانە، کێ ڕێبەر ئۆجەلانی دەستگیر کرد و بردی بۆ ئەم دوورگەیە؟! بێگومان خاوەن پشکەکانی دوورگەکەی جێفری ئێپستین، واتە دەسەڵاتدارنی دەرەجە یەکی ئەوکاتەی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا.
ئەمانە کێین؟! سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا “کلینتۆن”، شازادەی بەریتانیا “ئاندرو” و سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیل، گرنگە بزانین کە ڕێبەر ئۆجەلان بە گەلەکۆمەی ئەم کەسانە ڕفێنرا، وەک بارمتەیەک ڕادەستی تورکیا کرا و ئەوە ٢٧ ساڵە زیندانی و گۆشەگیر کراوە، بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان ئاشکرای دەکەن کە لە هەمان ساڵدا بە سەدان کچی منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕفێندراون و ڕادەستی دوورگەکەی جێفری ئێپستین کراون، ڕێبەر ئۆجەلان لەبەرامبەر ئەم زۆڵمە چۆن بەرخوەدانی کرد و چۆن دوورگەی ئیمراڵی کردە قەڵایەکی بەرخوەدان لەبەرامبەر دوورگەی ئێپستین؟ ئەو بەرلە هەموو شتێک بەرخوەدانێکی فکری و فەلسەفی کرد، پارادایم و مەنزوومەیەکی مەعریفی درووست کرد، ڕێک پێچەوانەی پارادایمەکەی دوورگەی ئێپستین، وەک خۆی دەڵێت: “فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، وەک فۆرمەلەیەکی سیحراوی” لەم دوورگەیەدا داڕشت، دوورگەی ئیمراڵی کردە شوێنی داهێنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و کۆمەڵگای دیموکراتیک دژ بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.
شۆڕشی کوردستان شەڕ و ململانێی نێوان پارادایمی دوورگەی ئێپستین و پارادایمی دوورگەی ئیمراڵییە، شەڕ و ململانێ نێوان قوتابیانی دوورگەی ئێپستین و قوتابیانی دوورگەی ئیمراڵییە، لەڕۆژئاوای کوردستان هەڵگرانی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە دژی هەڵگرانی فەلسەفەی دەستدرێژی و کۆیلایەتی ئیپستین لە ناو شەڕ و بەرخوەداندان، شەڕ و بەرخوەدانی شەهید زیاد حەلەب و شەهید دەنیز چیا پێویستە لەم چوارچێوەیەدا واتادار بکرێت، واتاکەشی هەر ئەوەیە، “زیاد حەلەب” و “شەهید دەنیز” قوتابی دوورگەی ئیمراڵیین، ئەوانەی دژبەریش قوتابی دوورگەی ئێپستینن، چەتەی سەر بە تیرۆریستێکن بە ناو جۆلانی.
جۆلانی کێیە؟ ئەو کەسەیە کە ترامپی هاوڕێی دێرینی ئێپستین جل و بەرگی جیهادی لەبەر داکەند، تاقم و بۆینباخی کردە بەر و هێنایە سەر دەسەڵات، لە بەر چاوی هەموو دونیاوە، لە کارنامەی جۆلانیدا بە سەدان ڕووداوی ئێپستینئاسای کوشتن و دەستدرێژی هەیە، لە شنگالەوە بگرە تا حەلەب، لە موسڵەوە بگرە تا ئیدلب، ئەو کەسەی کە شەهید دەنیز چیای لە نهۆمی چوارەمی بینایەک لە حەلەب فڕی دایە خوارەوە، ئەو کەسەی کە کەزی کچە شەرڤانێکی شەهیدی لە بازاردا دەفرۆشت، هەموویان سەر بە فەلسەفە و بیر و باوەڕ و سیاسەت و کرداری دوورگەی ئێپستینن، شۆڕشی کەزی کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” پەرەیسەند و بەرخۆدانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی بوو لە دژی چەتەکانی سەر بە دوورگەی ئێپستین.
شەڕ و ململانێ نێوان دوورگەی ئێپستین و دوورگەی ئیمراڵی کاریگەری لەسەر هەموو جیهانیش دادەنێت، لەلایەکەوە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” سنوورەکانی کوردستان تێدەپەڕێنێت و لە هەموو دوونیادا بڵاو دەبێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دیمەنی فەزاحەتی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵکرن بە کچان سنووری دوورگەی ئێپستین تێدەپەڕێنێت و لە هەموو دونیادا بڵاو دەبێتەوە.
ڕەخنە و تێڕوانین و بیر و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە گەوهەری دەوڵەت-نەتەوە لەلایەن هەندێک کەسەوە بە ئەنقەست وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو لە دژی قەوارەیەکی کوردییە، لە دژی ستاتۆیەکی کوردییە، تەنانەت هەوڵدەرێت وەک دوورکەوتنەوە لە نەتەوایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت،گوایە ڕێبەر ئاپۆ دەستی لە نەتەوایەتی و کوردبوون بەرداوە.
با شیکردنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ چەمکی دەوڵەت-نەتەوە لە ناو کورددا بکەین، کورد لە بەر ئەوەی کە لەلایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە و لە سەر ناوی نەتەوەیەکی دیاریکراو بەردەوام چەوسێنراوەتەوە، ئەو قەناعەتەی لا درووست بووە، کە ئەگەر ئەویش خاوەن دەوڵەت بێت، کەس ناتوانێت ئیدی زوڵمی لێبکات، ئەم قەناعەتە قابیلی تێگەیشتنە، چونکە تاکە مۆدێل و قەوارەی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتداری کە لەبەر چاو بووە تەنیا مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەیە.
داخوازکردنی دەوڵەت لە بنەڕەتدا داخوازکردنی قەوارە و ستاتۆیەکی گەرەنتیکراوە کە ماف و ئازادییەکانی تیادا دەستەبەر بکرێت و زوڵم و چەوسانەوە نەمێنێت، بەڵام کە لە نزیکەوە سەیری دەوڵەت-نەتەوەکان دەکەین دەبینین کە ڕاستە، دەوڵەتێک لە سەر ناوی نەتەوەیەک دامەزراوە، بەڵام ئەو دەوڵەتە بەر لە هەموو شتێک زوڵم لەو نەتەوەیە دەکات، کە لە سەر ناوەکەی دامەزراوە.
دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و سووریا و عێراق بە درێژایی مێژوو چ زوڵمێکیان لە نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب کردووە هەموو لەبەر چاوە، ئەو دەوڵەت نەتەوەی کە ناوی ئێرانی و فارسی لەسەرە دوو مانگ لەمەوپێش لە دوو شەودا ٣٢هەزار فارسی نەکوشت؟! ڕێبەر ئۆجەلان کە ئەم کێشە گەوهەرییەی دەوڵەت-نەتەوە و قەیرانە هەنووکەیەکەی دەبینێت، جۆرێکی دی لە قەوارە و ستاتۆ بۆ چارەسەری پێشکەش دەکات، کە کورد خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت، هەموو مافەکانی دەستەبەر کرابێتن، بەڵام لە نەخۆشییەکانی دەوڵەت-نەتەوە وەک نەتەوەپەرستی، ڕەگەزپەستی، ئایینپەرستی دوور بن، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان و ئایینەکان بە بنەما بگیردرێت.
نووسەر ئەم بۆچوونەی ڕێبەر ئۆجەلان وەک شتێکی خەیاڵی و وەهمی و گریمانەکراو و ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بە گروپێکی پەراوێزی دیاریکراو وێنا دەکات و پێی وایە کە ئەم فەلسەفەیە نامۆیە بە نەتەوەی کورد، لە ڕۆژئاوای کوردستان شکستی هێناوە و ئەوەی کە رۆژئاوای ڕزگار کرد کوردایەتییەکی ترە، کە دەوڵەت-نەتەوە بە بنەما دەگرێت، الحق و الانصاف!!!
ئەگەر فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلان وەهم و پەراوێزخراو و گریمانەکراوە، ئەی بۆ لێدوان و هەنگاوەکانی دەبنە مانشێتی هەواڵەکان لە سەرتاسەری جیهان؟ ئایا ئەمە نیشانەی پەراوێزبوونە یان ناوەندبوون؟! با نووسەر لە خۆی بپرسێت تا ئێستا لە سەر ئەم شتەی کە پێدەڵێت “خەیاڵ و وەهم و گریمانە”، بۆ خۆی چەند گوتاری نووسیوە و چەن وتار و لیدوانی داوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی کردووە؟ لە چەند تیڤیدا قسەی لەسەر کردووە؟ بۆ پێویست دەکات مرۆڤێک لە سەر شتێکی وەهم و گریمانەکراو هێندە قسە بکات و بنووسێت؟
ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ئەدەبیاتەی کە خودی نووسەر قسەی پێدەکات، زۆربەی ئەو دەستەواژانەی کە بۆ بابەتی نەتەوەیی بەکاری دەهێنیت، بەرهەمی هەمان ئەو ڕێباز و ئایدیۆلۆژیایەن کە ئەو بە “خەیاڵ، وەهم و گریمانە” ناوی دەبات، ئایا بەر لە دەرکەوتنی ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە کێ باسی قەوارەیەک بە ناوی “ڕۆژئاوای” دەکرد؟ تەنانەت کاتێک کە بۆ یەکەم جار باسی “باکوور”، “باشوور”، “ڕۆژهەڵات” و “ڕۆژئاوا” دەکرا، زۆر کەس گاڵتەی پێدەهات، دژایەتی دەکرد، دەیگوت ئێوە شێتن، بە وەهم و گریمانە ناوی دەبرد.
ئێستا هەموو بوون بە واقیع و بوونەتە چەقی ئەدەبیاتی سیاسی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان، ئەو کاتەی کە هێشتا هیچ ناونیشانێک لە ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە نەبوو، ئەدەبیاتی سیاسی حزبەکان پڕ بوو لە “کوردستانی سووریا”، “کوردستانی تورکیا”، “کوردستانی ئێران” و “کوردستانی عێراق”، زۆربەی حزبەکان یان پاشگر و داشێکی عێراقی و ئێرانی و تورکی و سوورییان پێوە بوو، یان لە سەر ئەم داش و پاشگرە شەڕیان بوو، ئەوەی کە “ڕۆژئاوا” و “ڕۆژهەڵات” و “باشوور” و “باکووری” وەک چەمک، وەک واقیعی سیاسی خستە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و جیهان، خەبات و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکەیە، بەڵام لای نووسەر ئەم تێکۆشانە هێشتا وهمە! تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی ئەوە دەسەلمێنێت، کە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا گوتاری نەتەوایەتی کوردی لە هەر چواربەشی کوردستان لە پەیوەندی و دۆستایەتی یان لە دوژمنایەتی و دژایەتی لەگەڵ ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکەدا گەشەی کردووە. ئەو نەتەوایەتییەی کە بەڕێز نووسەر مەبەستییەتی ئەگەر تەنیا شتێکی لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد زیاد کردبێت “مووچە”یە و “تەیف سامی”.
با پرسێکی پێچەوانە بکەین، دوژمنانی کورد لەم ٥٠ ساڵەی دواییدا تا ئێستا زۆرترین کۆبوونەوە، پەیمان و رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و گەلەکۆمەیان لە دژی کێ کردووە؟ کێ زیاتر لە هەمووان بووە بە چەقی گفتوگۆکان و ئامانجی هاوبەشی پەلامارەکانی ئەم دوژمنانە؟ ئەم هەموو دەوڵەتە، کە هەموو واقیعی داسەپاوی سەر ئەرزن، بۆ بێن لە دژی شتێکی وەهم و خەیاڵ و گریمانەکراو و پەراوێزخراو رێککەوتن بکەن؟ ڕێککەوتنی ئەدەنا، ڕێککەوتنی ئاستانا، ڕێککەوتنی سووچی، لەم دواییانەش ڕێککەوتنی پاریس.
با زۆر دوور نەڕۆین، هەر بە زووانی شیرینی کوردی لەم فواد حسێنەی خۆمان بپرسین، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، تا ئێستا لە گەڵ هاکان فیدان چەند ڕێککەوتنی و لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی پەیمانی جەزایری لە دژی ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە واژۆ کردووە؟! ئەگەر تۆزێک بە ویژدانەوە وڵام بداتەوە مسۆگەر دەڵێت “بە دەیان”.
ڕاستە، خۆپشاندانەکانی باشووری کورستان و هەست و هەڵوێست و بیری نەتەوایەتی دەوری چارەنووسساز و مێژوویی گێڕا لە پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، بەڵام نە بەو شێوەیە کە نووسەر فۆرمەلەی دەکات کە گوایە “ئایدیۆلۆژیای گریمانەیی” ڕۆژئاوا شکستی هێنا و کوردایەتییەکی دی ڕزگاری کردووە، بەڵام خەڵک وا ناڵێت، حەقێقەتەکە باشتر دەبینێت.
خەڵک دەڵێت: ڕۆژئاوا هەموو کوردی زیندوو کردەوە و یەکی خست، با بپرسین مەگەر هەمان هەست و هەڵوێست و بیری نەتەوایەتی و کوردبوون لە ١٦ـی ئۆکتۆبەر لە ناو گەلی باشووری کوردستاندا نەبوو؟! بێگومان هەبوو و زۆریش بە هێز بوو، ئەی بۆ لە دژی هێرشکردنی حەشدی شەعبی لە سەر کەرکووک و خانەقین و شنگال، گەلی باشووری کوردستان سەفەربەری ڕانەگەیاند و گەنجان بە خۆبەخشانە نەچووەنە بەرەکانی شەڕ؟! ئایا ئامادە نەبوو قوربانی بدات؟! بێگومان ئامادە بوو.
ئایا ئەو کاتەش کەسی وەک شەهید ئەحمەد کەرکووکی و مورید گیان نەبوون؟! بێگومان هەبوون بە دەیان و سەدان هەزار هەبوون و ئامادەی هەموو جۆرە فیداکارییەک بوون، ئەی بۆ نەکەوتنە جوڵە؟! خۆ ئەو کوردایەتییە زۆرینە و ناوەندییەی کە نووسەر باسی دەکات، پێشەنگایەتی هەموو شتێکی دەکرد، ئەی بۆ شەقام نەجوڵا!؟ نە لە باشوور و نە لە بەشەکانی دی کوردستان؟! چونکە لەناو ئەو کوردایەتییە ناوەندی و زۆرینە و ناوەندییەی کە نووسەر باسی دەکات کەس نەبوو بڵێ “نا”.
کەسێک دەتوانێت بڵێت “نا” کە پشت بە کۆمەڵگا ببەستێت، نەتەوەپەرستی سەرەتایی لەبەرامبەر نەتەوەپەرستی ناوەندی ناتوانێت بڵیت “نا”، کۆپی لە بەرامبەر ئەسڵەوە ناتوانێت بڵێت نا، فەلسەفەی “نا” ناسنامە و داینامۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکیە، فەلسەفەی نەتەوەبوون و کوردبوونە.
ئەم فەلسەفەیە بووە بە عەقڵی ستراتیژی کورد، کورد بە دەیان ساڵە موتابەعەی ئەم فەلسەفەیە دەکات و لە ناخی خۆیدا هەست بە حەقیقەتەکەی دەکات، لە گەلەکۆمەی ١٥ـی شوباتدا بینوویەتی، لە شنگال و لە کۆبانێ بینیویەتی، لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” بینیوویەتی، هەربۆیە لە کاتی چارەنووسساز دا لەم عەقڵە بە خاوەن دەردەکەوێت، ئەگەر ئەو فەلسەفە و عەقڵەی کە لە پشت ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە بەرامبەر دوژمن نەیگوتبایە “نا”، یەک تاقە کەس نە لە باشوور و نە لە بەشەکانی دی کوردستان و هەندەران نەدەهاتە سەر شەقام، یەک کەس جۆڵەی نەدەکرد، ئەگەر هاتبایە سەر شەقامیش هەر زوو دەستگیر دەکرا، هەموو کەس بێ ئۆمێد دەبوو و دەشکا، بەڵام هەموو کەسێک هێزی لە ئەو “نا”یەوە وەرگرت.
هەموو کورد قووڵایی ستراتیژی خۆی لە ڕۆژئاوا و لە فەلسەفەی پشت خۆڕاگری ڕۆژئاوادا بینیەوە، بۆیە کاردانەوەیەکی وەها توندی نیشاندا، هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک ناتوانێت لەو ئاستەدا خۆپشاندانێکی وەها ملیۆنی ڕێکخستن بکات، ئەمە هێزی کۆمەڵگای دیموکراتیک کورد نیشان دەدات.
نموونەیەکی دی بۆ ناتەوانی دەوڵەت-نەتەوە لە پاراستنی نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگادا، لە پاراستنی خودی نەتەوەدا، لە بابەتی غەزە دەردەکەوێت، کورد هێشتا نەبووەتە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوە، بەڵام توانی بە پشتبەستن بە هێز و فەلسەفەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و بە خۆپشاندان لە هەموو کوردستان و چوار لای جیهان ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژئاوای کوردستان لە چارەنووسێک وەک چارەنووسی غەزە بپارێزێت.
عەرەب ٢٢ دەوڵەت-نەتەوەیان هەیە و هەژماریان حەوت بەرامبەری کوردە، نیوەی نەوت و پارەی هەموو دونیا لای ئەوانە، چ چەکی پێشکەوتوو هەبێت کڕیویانە، بەڵام نەیانتوانی ڕێگە لە خاپوورکردنی غەزە و کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی بگرن، هەموویان لە بەرامبەر ئیسرائیل دوش داماون، دەیان هەزار منداڵ کۆمەڵکوژکران، ئایا لە مەککە و مەدینە و شام و قاهیرە و دوبەی و ئەبوو زەبی و کوەیت و عەمان سەرهەڵدانێکی کاریگەر وەک خۆپشاندانەکانی سلێمانیمان بینی ؟ هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت-نەتەوە ڕۆحی ئازادیخوازی و دادپەروەری لە ناو کۆمەڵگادا کوشتووە، بەرژەوەندیخوازی و تاکپەرستی و دەسەڵاتپەرستی تا ئەو ڕادەیە پەرەی پێدراوە، کە کەس ئامادە نییە بچووکترین قوربانییەک لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا بدات، ئایا عەرەب بەرلەوەی ببن بە دەوڵەت-نەتەوە ئازاتر و ئازادتر نەبوون؟
نووسەری بەڕێز سەبارەت بە بیرۆکەی برایەتی گەلان تێڕوانینی خۆی لە چەند شوێندا هێناوەتە سەرزمان و پێشنیاری گۆڕینی ئەم بیرۆکەیە بۆ “برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەوەیی” کردووە، لێرەدا پێویست ناکات مرۆڤ وەک دۆگمایەک سەیری دەستەواژەکان بکات، بیرۆکەی برایەتی گەلان بە شێوازی جۆراوجۆر دەتوانرێت پێناسە بکردرێت، دەتوانرێت وەک “برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەویی”ش فۆرمەڵە بکرێت، لەمەبەدا هیچ کێشەیەک نییە، گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ ناوەڕۆکی ئەو دەستەواژانە پڕ بکاتەوە و لە کار و خەباتدا پێویستییەکانیان پێک بێنێت، هێنانی نموونەیەک لە باکووری کوردستانەوە دەتوانێت ئەم خاڵە زیاتر ڕوون بکاتەوە.
لە باکووری کوردستان هەندێک پارت و ڕێکخراو هەن کە درووشمەکانیان لە هەدەپە و دەم پارتی زۆر ڕادیکاڵترن، بۆ نموونە داوای فیدراڵی دەکەن، داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، تەنانەت لە هەندێک گوتار و سیمیناردا باسی سەربەخۆیی کوردستانیش دەکەن، هەر چی هەدەپەیە تەنیا داوای دیموکراسی دەکات و مافی پەروەردە بە زمانی دایک، دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر جیاواز هەڵوێست لەبەرامبەر ئەم دوو ئاراستەیە دەگرێت، بە هەزاران لە ئەندامانی هەدەپە دەخاتە زیندانەوە و بە ٢٠ ساڵ و ٣٠ ساڵ و ٣٠٠ ساڵ سزایان دەدات.
بەڵام کە دێتە سەر فیدراڵیخوازەکان و سەربەخۆخوازەکان، لە گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت، بۆ؟! چونکە دەزانێت ئەوانەی کە فیدراڵی و سەربەخۆییان دەوێت، دێن لێدوانێک دەدەن و کۆبوونەوەیەک دەکەن و دەچنەوە ماڵی خۆیان دادەنیشن و پاڵی لێدەدەنەوە، ئیدی بە تەمای خوا، بەڵام هەدەپە وا نییە، لە ماڵ دانانیشێت، رێپێوان و میتینگ و شتی هاوشێوە دەکات، خەڵک پەروەردە دەکات، بۆ دیموکراسی و بۆ مافی پەروەردە شەو و ڕۆژ کار دەکات، واتە چی دەڵێیت هەوڵ دەدات ناوەڕۆکەکەی داگرێت و لە ناو ژیاندا پێکی بێنێت، هەر بۆیە چەندە درووشمەکان نەرمیش بن، هەر دەیانگرن و زیندانییان دەکەن، لێرەدا مەبەست ئەوەی کە لە پێناو”برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەوەیی” پێویستە کار بکەین.
نووسەری بەڕێز لە پاشخانێکی ئایینییەوە دێت، بۆ برایەتی گەلان مرۆڤ دەتوانێت لە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد نموونە بهێنێتەوە، لە ئایینی ئیسلامدا چەمکی ئومەت هەیە، واتە هەر کەسێک لە هەر نەتەوەیەک بێت، ئەگەر بە ئیسلام ئیمانی هێنابێت، بەشێکە لە ئومەتی ئیسلام و هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ عەرەبێک نییە، ئایەتی پیرۆز هەیە دەڵێت: ” یا ایها الناس، انا خلقناکم من ژکر و انپی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا ان اکرمکم عند اللە اتقیکم ان اللە علیم خبیر”.
هەروەها پەیمان مەدینە هەیە، ئەم پەیمانە پەیمانی برایەتی و پێکەوەژیانە لە نێوان موسوڵمانی عەرەب و هەموو کەمە ئایینی و کەمە نەتەوەکانی دی، ئەم پەیمانە نزیکەی نیوەی ماددەکانی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان موسڵمانانن (مهاجرین و انصار) و و نیوەی زیاتری ماددەکانیش پەیوەستن بە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان موسڵمانانە لە گەڵ پێکهاتەکانی دی، واتە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد هێندە گرنگییان بە پێکەوە ژیان و برا و خوشکایەتی لە نێوان گەلان و ئایینەکان داوە.
چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک، برایەتی گەلان یان، برا و خۆشکایەتی گەلان، فۆرمێکی ئەبدەیتی هەمان چەمک و بۆچوونە بە گوێرەی گۆڕانکارییەکان و شەرت و مەرجی سەردەم. ئایەتی “ان اکرمکم عنداللە اتقیکم… ” باس لە کەرامەت و تەقوا دەکات، نەتەوەی دیموکراتیکش دەیەوێت کەرامەت و تەقوا بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە. کەرامەتی وەک کەرامەت و ئازادی ژن، کەرامەت و ئازادی مرۆڤ، کەرامەت و پاراستنی ژینگە. تەقوا و خۆپارێزی لە ستەمکردن لە مرۆڤ، ستەم کردن لە ژن و ستەم کردن لە ژینگە.
نەتەوەی دیموکراسی لەجیاتی ئەوەی کە خوێن و DNA و ڕەنگی پێست و چاو بە بنەما بگرێت، ئەم زیهنییەت بە بنەما دەگرێت، واتە ئەگەر کەسێک بڕوای بە ئازادی ژن و ئازادی کۆمەڵگە، ئازادی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە هەبێت، لە چ نەتەوەیەک دەبێت با بێت، دەتوانێت ببێت بە ئەندامێکی نەتەوەی دیموکراتیک و بە گوێرەی برایەتی گەلان هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت، کەسێک کە ئەم زیهنییەتەی نەبێت، نە وەک برا یان خۆشک، نە وەک کورد یان عەرەب و هتد، تەنانەت پێویستە وەک هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ژن و بۆ کۆی مرۆڤایەتی و بۆ ژینگە حیسابی بۆ بکرێت.
لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی ئاپوویی چ قوربانیدانێکی بۆ گەل و بۆ مرۆڤایەتی کردبێت، بە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی سەرشانی خۆی بەرامبەر بە مێژوو و گەل دەزانێت و منەت بە سەر هیچ کەس و لایەنێکدا ناکات و هەموو ئەندامانی، لە ڕێبەر ئۆجەلانەوە بگرە تا ئەو گەریلایەی کە دوێنێ بەشدار بووە، چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک و بەرژەوەندییەک و هیچ ژیانێکی تاکەکەسی نە لەم دونیا و نە لە قیامەتدا ناکەن، بە پێجەوانەوە وەک شەهید “خەیری دوورموش” دەیڵێت: بەردەوام “قەرزاری گەلن” و ڕەخنە لە خۆ دەگرن کە پێویست بوو زۆرتر خزمەتمان بکردایە، بەڵام ئەگەر هەوڵدانێکی بەلاڕێدابردن یان چەواشەکردنی دەسکەوتەکان هەبێت، پاریزگاریکردن لە دەسکەوتەکانیش ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە، لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە نووسەری بەڕێز بە ئەنقەست چەواشەکاری کردبێت، خەمخۆری و هەڵوێستی نەتەوەیی و ویژدانی بەڕێزیان لەبەر چاوە، بەتایبەت لە دوای بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شوبات یەکێک بوو لەو رۆشنبیرانەی کە زۆرترین هەوڵی هەبوو بۆ تێگەیشتن و بۆ هاوبەشی کردنی ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ ڕای گشتی کوردستان، ئەم نووسینەی ئێستا تەنیا هەوڵدانێکە بۆ وەڵامدانەوەی کۆی هێرش و چەواشەکاری رێکخراو بۆ نکۆڵی کردن لە رۆڵی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە کوردستاندا. چۆنکە نموونەی ئەمە زۆرن.
سەیری چیرۆک و گێڕانەوەی “فەرمییەکان” بۆ کۆبانێ و شنگال بکەین، نکۆڵی لە ڕۆڵی پەکەکە دەکرێت و کەس باسی شەهیدبوونی ١٢٠٠ گەریلا ناکات لە شەڕی ڕزگارکردنی کۆبانیدا، کەس باسی شەهید بوونی زیاتر لە ٢٠٠ گەریلا ناکات لە شەڕی پاراستنی ئێزدییەکاندا، ئەم عێراقەی کە ئەو سەردەمە بە فەرمی لە زمانی سەرۆکوەزیرانەوە سپاسی پەکەکەی کرد، لەبەر ئەوەی کە “نامووس و کەرامەتی مرۆڤایەتی پاراستووە”، و فەرماندەکانی سوپای عێراق لە گەریلا دەپاڕانەوە بۆ ئەوەی حەرەسی سەربازەکانیان بگرێت و تۆزێک ورەیان پێببەخشێت، ئێستا دەستی خستووەتە ناو دەستی هاکان فیدان و پەکەکەی قەدەغە کردووە، گوایە مەترسییە بۆ عێراق! لە سەردەمی راپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادیدا” هەندێک لایەن هەبوون شەن و کەوی هەموو ئەرشیف و پەرتووک و شیعر و هەڵبەستی کوردی ١٠٠ ساڵی ڕابردوویان دەکرد (پێم وانییە بە حەیاتیان هێندە پەرتووکیان خوێندبێتەوە) بەو هیوایەی بەڵکو لە شوێنێک ڕستەیەک بدۆزنەوە هاوشێوەی “ژن ژیان ئازادی” بێت و بتوانن بە پشتبەستن بەمە ئەم درووشمە لە ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بدزن، ئاساییە، مێژووی دەسەڵاتخوازی مێژووی دزینی چیرۆکەکان و گۆڕینی گێڕانەوەکانە.
|