دانا حامید 06/04/2026 84 جار خوێنراوەتەوە

ئایا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەبێتە تەڵە بۆ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا؟

ئەمریکا بیر لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت دەکاتەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران کە بە ئاستێکی زۆر پیتێنراوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزە پڕە لە تەحەدای مەیدانی و هەواڵگری و لۆجستیە، کە دەبێتە یەکێک لە قورسترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەردەم. 

سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن لە مانگی حوزەیرانی 2025  دا نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕاگەیاند، بەڵام کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو هەر ماوەتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی مەزەندە دەکات کە تاران خاوەنی نزیکەی 440 کیلۆگرامە کە بەڕێژەی تا 60% پیتێنراوە. 

پێدەچێت ئێران ئەم بڕەی دابەشکردبێتەوە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی گەورە کە بریتین لە فۆردو، ئیسفەهان و نەتەنز. هەروەها ئاماژەش هەیە کە بڕێکی زیادە لە شوێنە نهێنییەکانی دیکەدا بوونی هەیە بۆ ئاڵۆزکردنی هەر هەوڵێک بۆ دەستگەیشتن بەو شوێنانە. 

شارەزایانی سەربازی پێیان وایە کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکا پێویستی بە جێگیرکردنی نزیکەی هەزار سەربازی هێزی تایبەت لە ناو خاکی ئێراندا هەیە و ئەمەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکان. 

بەڵام ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، سەرەتا لە پێویستی سەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنی فراوان لە دەوری شوێنەکانی عەمبارکردن، بە لەبەرچاوگرتنی توانای مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو هێزانە هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە. 

تەحەدای مەیدانی زیاتر سەرهەڵدەدات، چونکە پێدەچێت یۆرانیۆمەکە لە قووڵایی ژێر زەویدا هەڵبگیرێت، لە ژێر چینەکانی بەرد و داروپەردووی لێدانەکانی پێشوودا، ئەمەش پێویستی بە هەڵکەندنی زەوی هەیە کە دەبێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت. ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی کە سەربازەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆدا بمێننەوە. 

هەروەها ڕاپۆرتەکان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری ئەوەی کە هەندێک لە دامەزراوەکانی هەڵگرتن بە بۆمب گیرابن، چونکە یەک تەقینەوە دەتوانێت بۆ هەمیشە تونێلەکان دابخات و مادەکە لەو شوێنەدا بنێژێت. جگە لەوەش، مەترسییەکانی پەیوەست بە زانیاری نادروست سەبارەت بە شوێنی ڕاستەقینەی هەڵگرتن هەیە. 
لەگەڵ گەیشتنیان بە کۆگاکە، هێزەکان ڕووبەڕووی تەحەدای تەکنیکی دیکە دەبنەوە، لەبەر زۆری کێشی ئەو ماددەیە، پێویستی بە ئامێری تایبەتی گواستنەوە هەیە. هەروەها دەبێت ڕێگری لە دزەکردنی ماددە تیشکدەر و ژەهراویەکان بکەن. 

پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەبێت لەگەڵ ئەگەری پیسبوونی تیشکدەر یان کیمیایی، یان لە کاتی گواستنەوە یان ئەگەر بڕیار بدرێت بۆ لەناوبردنی کۆگاکە لە شوێنی خۆیدا. ئەمەش پێویستی بە ئامادەکاری ورد و وەڵامدانەوەی هەماهەنگ هەیە. 

قۆناغی کشانەوەش رووبەڕووی تەحەدای لۆجستیکی بەرچاو دەبێتەوە. گواستنەوەی ئەم بارانە پێویستی بە فڕۆکەی گواستنەوەی قورس هەیە وەک C-17، ئەمەش پێویستی بە پاراستنی هێڵی ئاسمانی لە نزیکەوە یان دروستکردنی هێڵی کاتی هەیە، کە دەکرێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت بۆ دروستکردنی. 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانە، ئۆپەراسیۆنەکە- ئەگەر ئەنجام بدرێت- وا دیارە پێشبڕکێیەکە بەرامبەر بە کات لە ژینگەیەکی دوژمنکارانەدا، کە مەترسییەکانی شەڕکردن، لەڕووی تەکنیکی و هەواڵگری لەیەکتردا تێکەڵ دەبن. ئاڵۆزییەکانی زیاتر دەبن ئەگەر ئەو ماددانە لە چەند شوێنێکی ناو ئێراندا هەڵگیرابن. 

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا کە بۆ وڵاتانی ئەندام نێردراوە، ڕایگەیاندووە کە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران تا 13ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بە 9 هەزار و 874 کیلۆگرام مەزەندە کراوە. 

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لەنێویاندا واشنتن پۆست و وۆڵ ستریت جۆرناڵ، واشنتن لەبری کۆنترۆڵی سەربازیی گشتگیر کە تێچوویەکی زۆری مرۆیی و دارایی دەوێ، بیر لە بژاردەی "هێرشی ئامانجدار و خێرا" دەکاتەوە. 

دەکرێ ئەم هێرشانە زیاتر ناوچە کەناراوییەکان و دوورگەکان بگرنەوە، بەتایبەت دوورگەکانی ئەبو موسا، تونبی گەورە و بچووک. ئامانجی سەرەکیش لەناوبردنی ئەو چەکانەیە کە هەڕەشە لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکەن. 

لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەمریکا پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە. کەشتیی جەنگیی "تریپڵی" کە 3500 سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە، گەیشتووەتە ناوچەکە و گرووپێکی دیکەی مارێنزیش لە رێگەدان. 

هاوکات باس لەوە دەکرێت پێنتاگۆن پلانی هەیە 10 هەزار سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ ئەوەی "لێدانی کۆتایی" لەم شەڕە بوەشێنێت.

یەکێک لە بژاردەکانی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ، ناردنی هێزە تایبەتەکانە بۆ قووڵایی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو. 

جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم هۆشداری دەدات کە ئەمە "ئۆپەراسیۆنێکی برووسکەئاسا" نابێت، بەڵکو پێویستی بە کات، ئامێری قورس و دروستکردنی فڕگەی کاتییە بۆ گواستنەوەی مادە ئەتۆمییەکە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی سەربازە ئەمریکییەکان دروست دەکات. 

تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە نەداوە، چونکە بە کارێکی پڕ مەترسی بۆ سەر ژیانی سەربازانی وڵاتەکەی دادەنرێ، بەتایبەت کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون. 

جێبەجێکردنی ئەم پلانە وا لە ئەمریکا دەکات هێزەکانی لە ژێر تەقە و بۆردوومانی تووندی ئێراندا بگوازێتەوە، جگە لەوەی دەبێت بۆ چەند رۆژێک ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزێ تاوەکو پرۆسەی گەڕان و گواستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی دێت. 

پێش ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیان کردە سەر ئێران، وابڕوادەکرا ئەو وڵاتە خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60٪ بێت، لەگەڵ نزیکەی 200 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 20٪؛ کە ئەم مادەیە بە ئاسانی دەتوانرێ بپیتێندرێن بۆ ئاستی 90٪ کە تایبەتە بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

هەموو وتارەکانی دانا حامید

سەرەکی