فارس نەورۆڵی 30/04/2026 446 جار خوێنراوەتەوە

شەیتان لە مردوو دەگەڕێتەوە کەچی گەمژە و ئایدۆلۆجیست وازی لێ ناهێنێ. غەزال و فاروق بەنموونە!

وتەیەک هەیە دەڵێ: «مادام مەرگ هەیە، ئەویتر گەمژەییە». مەرگ ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤ ناتوانێ خۆی لێ بشارێتەوە، بۆیە مەرگ لە ئاینەکان و لە فەلسەفەشدا شکۆی خۆی هەیە. کاتێک مرۆڤ دەمرێت، دابڕانێک لەنێوان ئەو و ژیانی دنیادا ڕوودەدات و ئیتر هەموو پەیوەندیەکی دەبچڕێت بەژیانەوە. بۆیە لە ئاین و فەلسەفەشدا پەیامێکی هاوبەش هەیە بۆ ڕێزگرتن لە مردو ئەم ڕێزگرتنە تەنها پەیوەندی بە باوەڕەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئەخلاق و ڕۆحی کۆمەڵگەشەوە هەیە.

کۆمەڵگا جیاوازەکان، هەر کۆمەڵگەیەک بە جۆرێک ڕێزی مردوو دەگرێت، نەک تەنها بەهۆی ئەوەی مردوون و ژیانیان کۆتایی پێهاتووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشێک بوون لە دروستکردنی ئەم ژیان و کولتوورەی کە ئێمەی تێدایە. بۆیە ڕێزگرتن لە مردوان، ڕێزگرتنە لە ژیان و پابەند بوونە بە ئاین و ئەخلاقەوە.

لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا وتەیەک هەبوو: «مردوو مرد، شەیتان لێ دەگەڕێتەوە»، واتە ئیتر بۆ مرۆڤ نییە قسەی نەشیاو لەسەر مردوو بکات. چونکە بە پێی ئاینەکان، مردوو دەڕواتە بەردەم خودا و پاداشت و سزا لای خودایە کەسیش ناتوانێ بە ناوی خوداوە بەڵێنی بەهەشت و جەهەنەم بەکەس بدات . مرۆڤەکان لە ئایندا دەبێت نزای خێر بۆ مردوان بکەن، کە خودا لە گوناحیان ببورێت.کەچی ئێستا هەموشت پێچەوانە بوەتەوە و نەفرەت جێگای ڕێزی گرتوەتەوە . ئەوانەش لەبری چاکە نەفرەت لەسەر زمانیانە، 
تەنها دوو جۆر لە مرۆڤن کەواز لە مردوو ناهێنن و قسەی نەشیاوی بەرامبەر دەکەن: جۆرێکی نەخۆش و جۆرێکی ئایدۆلۆجیست. چونکە ئەم دوو تایپە فریشتەیەکی شەیتانن و شەیتانێکی فریشتەن.

لە و ماوەیەدا  شاهیدی مەرگی غەزال و فاروق بووین. بەداخەوە، ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بینیمان، قسەی زۆر نەشیاو بوو کە بەرامبەر ئەو دوو مرۆڤە کران . ئەمە لە هیچ ئاین و کۆمەڵگە و فەلسەفەیەکدا جێگای نابێتەوە. هەرگیز کۆمەڵگەی کوردی ئەم ڕەفتارەی بەرامبەر مردوو نەبووە، تەنانەت ئەگەر دوژمنیشی بووبێت.

ئەمە پەروەردەیەکی درێژکراوەی ئەو شەڕە زیهنییەیە کە دژی کۆمەڵگەی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی کولتوور و ڕەسەنایەتی کورد هەڵوە شێنێت  و کاریگەری خۆیشی دروست کردووە. ئەگەرنا، ئەوانەی لەو ماوەیەدا ئەو هەموو سوکایەتی و بوختانەیان بەرامبەر فاروق و غەزال کرد،  هەڵگرانی نەخۆشی گەمژەیی و ئایدۆلۆجین.

 بۆیە دەبو ئەگەر حیساب بۆ مردووەکان ناکەن، با حیساب بۆ ئەوە بکەن کە ئەم مردووانە منداڵ، هاوسەر، خوشک، برا و کەسوکاریان هەیە، و ڕۆحی هەموویان بریندار دەکەن.

من دواقسەم بۆ ئەو گەمژە و ئایدۆلۆجیستانە ئەو وتەیەیە کە دەڵێت: «لە شوێنێکدا کە خەڵک لە گێژاوی ڕق و دووبەرەکی نوقم بن، تۆ وەک مەسیح دڵەکەت، نەک خاچەکەت، بەرز بکەرەوە و بڵێ: خودا خۆشەویستییە.

سەرەکی