×

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 03/02/2024 142 جار خوێنراوەتەوە

دوای لەناوبردنی سەدام و بن لادن و قاسم سولێمانی، نۆرەی کێیە؟

دوای ئەوەی جۆرج دەبلیو بوش، بە کۆتایی مەرگی سەدام حسێن و هەندێک لە دارودەستەکەی و کوڕەکانی، بەرەو کۆتایی دەسەڵاتەکەی رۆشت و پڕۆسەی ئازادی عیراقی کردە دەستکەوت، ئێستا ئەم فۆرمە لە لەناوبردنی نەیارە ئەمریکییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ئەمریکادا بۆتە مۆدێل.

هەردوو ئیدارەی کۆماریی و دیموکراتەکان، لە کۆتایی ئیدارەکانیاندا، شۆکێکی گەورەی جیهانی دەکەن بۆئەوەی سەرەنجی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ خۆیان و جوڵەکانیان رابکێشن، هەندێکجاریش ئەم جوڵانە دەکەوێتە کۆتایی ویلایەتی سەرۆکەکانەوە بۆئەوەی ویلایەتی دووەمیشیان ببەنەوە، یان پێگەو شکۆیەکی گەورە ببەخشنە ئەمریکا و هێشتنەوەی ناوبانگی خۆیان لە مێژووی زلهێزێکی وەک ئەمریکادا. ئەگەر بنواڕینە باراک ئۆباما، ئەم سەرۆکە بۆ ماوەی 8 ساڵ دەسەڵاتی گرتە دەست و هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی (2008 و 2012)ی ئەمریکای بردەوە، ئۆباما لە 2 ــ 5 ــ 2011 راگەیاند کە: لە هێرشێکی زەمینی و ئاسمانیدا توانیویانە (ئوسامە بن لادن) بکوژن، ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی هەم بۆ پێگەی ئۆباما و هەم بۆ پێگەی جیهانی ئەمریکا لێکەوتەوە و قاعیدەش پشتڕاستیکردەوە کە لەو هێرشەدا بن لادن کوژراوە، ئەو پڕۆسەیە خاڵێکی گرنگ بوو بۆ خودی ئۆباما تاکو ویلایەتی دووەمیش لە 2012دا بباتەوە.

بە ئێستاشەوە ئۆباما خۆشەویستی ئەمریکییەکانە. تەنانەت ساڵی2016 ، کە ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەردوو بەرەی کۆماری و دیموکراتی راگەیەنرا، باراک ئۆباما نەیتوانی بۆ جاری سێیەم خۆی کاندید بکات ئەوەش بەپێی مادەی 22ی دەستووری ئەمریکا کە هەر سەرۆکێک تەنها دووجار دەتوانێت خۆی کاندید بکات، هەرچەندە تەواوی میدیاکانی ئەمریکا پێیانوابوو ئەگەر باراک ئۆباما لەبری هیلاری کلینتن لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپدا بچوایەتە هەڵبژاردنەوە، ئەوا گەڕی سێیەمیشی دەبردەوە، بەڵام دواجار بازی چانسەکە لەسەر شانی دۆناڵد ترەمپ نیشتەوە. ترەمپیش وەک هەریەکێک لە جۆرج دەبلیو بوش و باراک ئۆباما، لەسەروبەندی دەسەڵاتەکەیدا، هەمان سیناریۆی کوشتنی کارەکتەرە نەیارەکانی تاقیکردەوە بەو هیوایەی کە بتوانێت بۆ گەڕێکی دیکە لە پۆستەکیدا بمێنێتەوە، تەنانەت دەگوترێت ترەمپ تەقلیدی ئۆبامای کردووە لە کوشتنی سەرکردەی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، ئەو نەیارانەی ئەمریکا کە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ کوژران (ئەبوبەکر بەغدادی) گەورە تیرۆریستی داعش بوو لە گوندی (باریشا)ی ناوچەی ئیدلیب کە لەژێر دەسەڵاتی گروپەچەکدارەکانی تورکیادا بوو لە رێکەوتی 27 ــ 10 ــ 2019 ، هەروەها کوژرانی هەردوو کەسایەتی دیاری ناوچەکە ئەبوو مەهدی موهەندیس و قاسمی سولێمانی لە بەغدا لە رێکەوتی 3 ــ 1 ــ 2020 بوو.

ئەوەی جێگەی تێڕوانینە، سەرەڕای ئەو دوو هەنگاوە گەورەیە! کە ترەمپ دوو دیارترین کارەکتەری نەیاری ئەمریکای لە سایەی دەسەڵاتەکەیدا لەناو برد، بەڵام نەیتوانی ویلایەتی دووەم بباتەوە و ئەوەبوو جۆ بایدن ترەمپی لە دەسەڵات دوورخستەوە. دوای چوارساڵ لە ماڵئاوایی ترەمپ، لە ئێستادا چاودێران لەسەر ئەو بڕوایەن کە هێشتا دۆناڵد ترەمپ بەرهەمی ئەو دوو کردە سەربازییەی نەچنییوەتەوە و لە مانگی 11ی ئەمساڵدا (2024) کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، بەرهەمی ئەو دوو رووداوە دەچنێتەوە و جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرۆکی ئەمریکا. کەواتە: جۆبایدن کە پێشتر ململانێکەی لە دۆناڵد ترەمپ بردۆتەوە، پێویستە چی بکات تاکو هەڵبژاردن نەدۆڕێنێتەوە بە ترەمپ؟

ئایا جۆبایدنیش وەک هەر یەکێک لە جۆرج دەبلیو بوش و باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ، سیناریۆی هەیە بۆ کوشتنی کەسێکی دژە ئەمریکایی تاکو دەنگدەری ئەمریکیی دەنگی پێبدەنەوە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەی کەواتە جۆبایدن لە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوودا و بەتایبەتتر لە هێرشەکانی ئەمشەودا (3 ــ 2 ــ 2024) کە 85 شوێنی گروپە نزیکەکانی ئێرانی کردە ئامانج، بەدوای کێدا گەڕاوە بیکوژێت؟ روونتریشە بڵێم: دوای لەناوبردنی سەدام و بن لادن و ئەبو مەهدی و قاسم سولێمانی، نۆرەی کێیە بکەوێتەبەر زەبری هێرشەکانی ئەمریکا بەبڕیارەکانی جۆبایدن؟

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو وتارەکانی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

سەرەکی