دانا حامید
12/05/2026
1206 جار خوێنراوەتەوە
دواى کشانەوەى ئیمارات لە ئۆپیک و ئۆپیک پلەس چارەنووسى ئەو دوو ریکخراوە و دۆخى بازاڕى وزە بەکوێ دەکات
ئیمارات بڕیاریدا لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بکشێتەوە بڕیارەکەى لە سەرەتاى مانگى ئایارەوە خستەبوارى جێبەجێکردنەوە. ئیمارات رایگەیاند: "ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بە سیاسەتی بەرهەمهێنان و تواناکانی وڵاتەکە دراوە و لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دیدگەی ئابووریی درێژخایەنی ئیمارات دەگونجێت."
ئیمارات ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە کەنداوی عەرەبی و تەنگەی هورمز، کە کاریگەرییان لەسەر رەوتی دابینکردنی وزە هەبووە، دەیانەوێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر وەڵامی پێداویستییە بەپەلەکانی بازاڕ بدەنەوە.
ئیمارات و ئەندامێتى لە ئۆپیک:
ئیمارات لە ساڵی 1967ـەوە ئەندامی ئۆپێکە، "دوای کشانەوە، ئیمارات بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمهێنان بە شێوەی قۆناغ و بەرپرسانە، بە جۆرێک کە لەگەڵ خواست و بارودۆخی بازاڕدا بگونجێت."
ئیمارات ستایشی هەوڵەکانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسی کرد و رایگەیاند، وڵاتەکانیان قوربانیی زۆری بۆ بەرژەوەندیی گشتی داوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سەرنج بخەنە سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پابەندییەکانیان بەرامبەر وەبەرهێنەران و کڕیارەکانیان.
دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە پابەندیی ئەوان بۆ سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان ناگۆڕێت و بەردەوام دەبن لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت، غازو وزە نوێبووەوەکاندا."
وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەتە بە نەوت، لەلایەن وڵاتانی ئێران، ڤەنزوێلا، عێراق، سعودیە و کوێت، بە ئامانجی سنووردارکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت و یارمەتیدان بە گرانترکردنی، دامەزرا.
ئەندامەکانی ئۆپێک پێکهاتووە لە هەریەکە لە (سعودیە، قەتەر، ئێران، کوێت، عێراق، ئیمارات، جەزائیر، ئەنگۆلا، لیبیا. نەیجیریا، ئیکوادۆر و ڤەنزوێلا).
ئۆپێک پڵەس لە 23 ئەندام پێکدێت؛ 13یان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ن و 10یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن. هەریەک لە سعودیە و رووسیاش سەرکردە و بڕیاردەری دیفاکتۆی گرووپەکەن.
ئەم بڕیارەی ئیمارات دوای نزیکەی 60 ساڵ ئەندامێتی لە ئۆپێک، لەگەڵ کشانەوەی لە هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس کە لە ساڵی 2016 دامەزرا، لە کاتێکى هەستیارى ئابووریی دێت. بازاڕى نەوت بەهۆی گرژییەکانی دەوروبەری گەرووی هورمزەوە، تووشى پچڕان و شڵەژان بووەتەوە. کاریگەرى ئەم بڕیارە لەبازاڕى وزەى جیهانى:
بەڕاى ئابووریناسان لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، کشانەوەی بەرهەمهێنەرێکی گەورە لە هاوپەیمانی ئۆپێک دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی نرخ بەهۆی چاوەڕوانییەکانی زیادبوونی بەرهەمهێنان و
دابینکردنی بەرفراوان. بەڵام دۆخی ئێستا جیاوازە، چونکە دابینکردنی زیادە وەک هۆکارێکی سەقامگیرکەر لە بازاڕدا سەیر دەکرێت.
ئیمارات دەرفەتێکی ناوازەی لەبەردەمدایە، چونکە دەتوانێت لە سیستەمی پشکەکان دەربچێت لە کاتێکدا مەرج نییە زیادبوونی بەرهەمهێنان فشارێکی توند بۆ دابەزین بخاتە سەر نرخەکان.
ئەگەر گەرووی هورمز بکرێتەوە، ئەبوزەبی دەتوانێت بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەبێ سنووردارکردن زیاد بکات، ئەمەش دەتوانێت پرسیار لەنێو ئەو ئەندامانەی کە ماونەتەوە لەسەر توانای بەردەوامبوون لە پابەندبوون بە پشکەکان دروست بکات.
ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی:
پەیوەندیی ئیمارات لەگەڵ ئۆپێک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1967، ئەوکاتەی میرنشینی ئەبوزەبی پەیوەندی بەو ڕێکخراوە کرد، پێش پێکهێنانی ئیمارات لە ساڵی 1971، بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس. لەو کاتەوە ئیمارات بەشێک بووە لە بلۆکی کەنداو لەناو ئۆپیکدا، شانبەشانی سعودیە و کوەیت، گروپێک کە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە داڕشتنی سیاسەتی بەرهەمهێناندا.
ئیمارات لە ڕیزبەندی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهاندایە. بەگوێرەی داتاکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئاستی جیهانیدا پلەی حەوتەمی جیهانی لە ئاستی بەرهەمهێنانی شلە نەوتییەکان و لە چوارچێوەی ئۆپێک لە دوای سعودیە و عێراق پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
ئیمارات و ئۆپێک پلەس:
ئیمارات لە سەرەتای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەشداری لە ڕێککەوتنەکانی ئۆپێک پلەس کردووە، لەگەڵ دەستکاریکردنی وەرزی لە ئاستی بەرهەمهێناندا. ئیدارەی زانیاری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە سەقفی بەرهەمهێنانی ئیمارات لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە نزیکەی ٣.٢٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٣.٠٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.
ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانە بۆ هاوسەنگکردنی بەڕێوەبردنی دابینکردن لەناو هاوپەیمانیدا لەگەڵ تواناکانی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام، لەنێو هەڵاوسانی بەردەوامی بازاڕدا.
ئیمارات وڵاتێکی سەرەکی هەناردەکاری نەوتی خاوە. بەپێی شیکارییەکی ئیدارەی زانیاری وزە، تێکڕای هەناردەکردنی نزیکەی ٢.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٢.
بڕیارێک لە کاتێکى هەستیاردا:
ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس، قۆناغێکی نوێی نادڵنیایی لە بازاڕەکانی وزەدا دروستکردووە. ئەمە تەنها بەهۆی بەرهەمی ئەبوزەبی نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەشەوە که بڕیارەکه له کاتێکی زۆر هه ستیاردا دێت، لەنێوان بەردەوامی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز بەهۆی شەڕی ئێرانەوه.
ئەو بڕیارە تەنیا ڕۆیشتنی وڵاتێک نییە لە دوو ڕێکخراوی نەوتی. پرسیارێکی فراوانتر لەبارەی توانای داهاتووی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس بۆ بەڕێوەبردنی دابینکردن و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و پاراستنی وێنەی یەکگرتوویی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گرنگترین خاڵە بەهێزەکانیان دەوروژێنێت.
|