دکتۆر کامەران محەمەد 13/05/2026 83 جار خوێنراوەتەوە

مێژوو وەک قومارخانە

چەند دڵخۆشکەر و سەرسوڕهێنەرە کە دەبینین لە سەدەی بیست و یەکدا، ئیمپراتۆرێتی مەزنی ئەمریکا گەورەترین موعجیزەی خۆیمان پێشان دەدات. جەنابی دۆناڵد ترەمپ، ئەو بازرگانە خواپێداوەی کە وا دەزانێت جیهان تەنها قومارخانەیەکی گەورەیە، چیرۆکێکی نوێمان بۆ دەگێڕێتەوە کە تەنانەت لە ئەفسانەکانی هەزار و یەک شەوەشدا نییە. ئەو پێمان دەڵێت کە ئەمریکا، ئەو هێزەی بە ئاماژەیەک دەتوانێت گۆی زەوی بهەژێنێت و بە مانگە دەستکردەکانی مێشوولەیەک بە شوشەی پەنجەرەی بورجی میلان لە تاران ببینێت، هێندە بێدەسەڵات و دەستەوسان بووە، نەیتوانیوە چەند سندوقێک چەک بگەیەنێتە دەست ڕاپەڕیوانی ئێران، تەنها لەبەر ئەوەی چەند کوردێکی شاخاوی لە ڕێگەکەدا وەک دز لێیان بردوون.

ئای لەم لۆژیکە جوانە! ئەمریکا لە هەولێر قەڵایەکی دروست کردووە بە ناوی قونسڵخانە کە لە ڕاستیدا ڕووبەرەکەی لە ڕووبەری هەرەمەکانی میسر گەورەترە. ئایا عەقڵ دەتوانێت بڕوا بەوە بهێنێت کە خاوەنی ئەو قەڵا گەورەیە، کە هەموو چرکەیەک ئاگاداری جریوەی چۆلەکەکانی ناوچەکەیە، پێویستی بە باربەری وڵاغ بێت بۆ گواستنەوەی چەک و دواتریش بێت و لەبەر دەم شاشەکاندا وەک پیرەژنێکی دۆڕژاو بۆ دزرانی چەکەکانی بکوڕوزێتەوە؟ ئەمە تەنها کاتێک ڕوو دەدات کە درۆ ببێتە ئایینی فەرمی و حەماقەت ببێتە میتۆدی دیپلۆماسی.

بەڵام وەرن سەیری ئەم پاداشتە مێژووییە بکەن کە ترەمپ پێشکەشی کوردی دەکات. گەلێک کە سەدەیەکە بووەتە تاقیگەی کیمیاباران و جینۆساید، نەتەوەیەک کە وەک قوربانییەکی هەمیشەیی لەسەر مێزی زلهێزەکان وەک کارتی کۆنکەن یاری و دەستاودەستی پێدەکرێت، ئێستا گەورەترین شەرەف کە پێی دەبڕێت ئەوەیە کە وەک دزێک ناوزەند بکرێت. بە ڕاست! چەند بێبەزەییە مێژوو کاتێک بازرگانێک دەینووسێتەوە. لای ترەمپ، کورد نە خاوەن هەقە و نە نەتەوە، بەڵکو تەنها کەلوپەلێکی گواستنەوە بووە و لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبووە. بێدەوڵەت بوونی کورد گەورەترین شەرمەزاریی جیهانی مۆدێرنە، بەڵام بۆ ئەمریکا تەنها کێشەیەکی تەکنیکییە لە گەیاندنی بارەکاندا.

بەڵام با میهرەبانیی خۆمان بۆ ترەمپ ڕانەگرین، وەرن سەیری ئەم پاڵەوانە بێدەنگانەی خۆمانیش بکەن. ئای لەو حیزبە کوردییانەی کە لە ناوخۆدا وەک شێری بێشە دەنەڕێنن، بەڵام کاتێک بازرگانێکی جیهانی تف لە شکۆی نەتەوەکەیان دەکات، وەک مریشکی کڕ سەر دەخەنە ناو باڵی بێدەنگی. ئەوان هێندە سەرقاڵی جەنگی زەوی و بودجە و پۆستن، کاتیان بۆ بەرگریکردن لە کەرامەتی مێژوویی نییە. کاتێک ئەوان ئامادەی بەخشینی جەستەی نیشتمان بن، تەنها بۆ ئەوەی برا و نەیارە ناوخۆییەکەیان بشکێنن، ئیتر بۆچی دەبێت ترەمپ وەک مرۆڤی خاوەن شکۆ تەماشایان بکات؟ ئەو وەک بەکرێگیراوێکی تەمەڵ دەیانبینێت کە تەنانەت نەیانتوانیوە ئەمانەتەکەی بپارێزن.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو نەتەوەیەی نەتوانێت دەنگی هەبێت، مەحکوومە بەوەی ببێتە چیرۆکێکی تەنزئامێز لە دەمی دوژمن و دۆستەکانیدا. کاتێک دەمڕاستەکانمان دەبنە پاسەوانی گیرفانی خۆیان، نەتەوە دەبێتە دزی وەهمی ناو وتارەکانی ترەمپ. مێژوو پێمان دەڵێت، ئەگەر دەوڵەتت نەبوو، تەنانەت ئەگەر فریشتەش بیت، وەک شەیتان وێنات دەکەن و ئەگەر شکۆی خۆت نەپاراست، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە وەک کەرەستەی خاو مامەڵەت لەگەڵ بکات.

براگەل وەرن با چیتر چاوەڕێی ئەخلاق لە واشنتۆن نەکەین، بەڵکو چاوەڕێی غیرەت لە هەولێر و سلێمانی بکەین، هەرچەندە وادیارە دۆزینەوەی ئەوەی دووەمیان لە دۆزینەوەی چەکەکانی ترەمپ ئەستەمترە.

هەموو وتارەکانی دکتۆر کامەران محەمەد

سەرەکی