فەرەیدون کونجرینی
18/05/2026
111 جار خوێنراوەتەوە
ئەوەی ڕوویدا بۆ خەساندنی ئازادییە!؟
گەنجێک، لە پەنا بێدەنگی دادوەر و خەیاڵی ڕاگوزەراندا، هاواری کرد" ووتی لە کەیسەکەم گەرێن و وەرن بەلای ئازاری جەستەمەوە. هاوارێک کە دەڵێت من لە پیاوەتی خراوم، ئەم ڕستەیە وێنەی گەورەتریین مەترسییە پیشانمان دەدرێ، وێنەی شارێک کە ئازادی تێدا کپ دەکرێ، وێنەی بێدەنگییەک کە لەناو هۆڵی دادگادا کێشرا بە مێزی دادوەرداو هەموومان گوێبیستی بووین، وێنەی تاوانێک لە ڕابووردوی ڕژێمەکاندا ڕوویداوە.
هیچ دەسەلاتێکی زۆردارو دیکتاتۆر بێ دەست و دامەزراوە نابێت. بەڵام زۆرێک لە کۆیلە بەکرێگیراو و لایەنگیرانی ئەم دەسەڵاتە دەبینین لە شاری هەولێرو دەوروبەری بوونەتە هەڕەشەو ئازادی بیروڕای کپکردوە، لە شەقام و گەڕەکەکانی شاردا بڵاو بوونەتەوە و بوونەتە بەربەست لە بەردەم ئازادی تاکدا. ئەم کۆیلە بەکرێگیراوانە، کە هەندێکیان لەسەر شوێنی کار و پۆست و دەسەڵاتن، هیچ ڕێزیان بۆ بیروڕای جیاواز نییە. بەڵکو ئەوان شێوازێکن لە شێواندنی ڕەوشت و دادپەروەری" تاوەکو دەسەڵاتی خاوەنەکەیان بپارێزن" ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی ڕویدا هەمان کولتورو دووبارەبوونەوەی دەسەلاتی زەردە" خۆ ئەگەر دەتەوێ زانیارو بەڵگەت هەبێ بچۆ سەردانێکی زیندانی ئاکرێ بکە " بە دوای ناونیشانی ئەوگەنجانەدا بگەڕێن کە لە خێزانەکانیان دابڕاون و بێسەروشوێنن.
سلێمانی لە نێوان نەفرەت و یادەوەری
سلێمانی کە نەوەی شاعیر و شەهید و خەباتە، ناتوانێت بێدەنگ بێت، ئەگەر هەورێکی ڕەشی دەسەڵات ئاسمانی ئەم شارەی داگرتبێ، هێشتا خودەکانی زیندوون و بە ناوی ڕۆشنبیری و ئازادییەوە لە گۆڕەپانی بیروڕای ئازاددان خۆ ئەگەر کەمینەیەکیش بێت گرنگ پەیامەکە دەگات و هەموو ئەوانەی خەوتوون ڕادەچڵەکێن، وەک چۆن هاواری ئەم گەنجە گەیشتە کەمینەی نوسەران دەتوانن هەوری ڕەش ڕاماڵن، ئەم هاوارە پێویستی بە پاڵپشتی و دەنگی زیاترە ئەوەی (ڕابووە) بێتەدەنگ و لەم تاوانە دووپات نەبێتەوە، دەنگی ڕاگەیاندن، دەنگی دادپەروەری، دەنگی ڕۆشنبیران و دەنگی شەقام بشکێنن، چوونکە بێ دەنگی لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە ستەمە، ئەم غەدرە هی هەموو ئەو کەسانەیە کە ستەمیان لێ کراوە و سڕبوون، ئەم هاوارە بەڵێنێکە بۆ ئەوەی دەسەڵات، کە ویستوویەتی شارێک لە مەردایەتی بخات، بە هاودەنگی ئێوە هەرگیز ناتوانێت ڕۆحی سلێمانی بخات.
ئەشکەنجە وەک چەک" بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە
ئەوەی لە زیندانەکانی سلێمانی ڕوویداوە، تەنها لێدان و ئەشکەنجەدانی جەستەیەک و نیشانە بە جەستەی زیندانییەکەوە نییە. ئەم کردارانە پەیامێکە وەک هەڕەشەیەک ئاراستەی هەرتاکێکی کۆمەڵگەکەمان کراوە. ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەسەر ئەوەی کە لەم شارەدا "حوکمداری زۆردار و مافیاگەرایی پەیدا بووە، وەک چۆن سلێمانی بە خەباتی بیروڕای ئازادو دادپەروەرانە بۆتە سارێکی ڕۆشنبیری، ناتوانێت بێدەنگ بێت. ئەگەر بێدەنگ بێت، ئەوکاتە لە مەردایەتی دەخرێن. لە سەروو ئەمانەوە گومان دەکەم کە ئەو گەنجە مەترسی لەناوبردنی لەسەر بێت. بەڵام ئەم گومانە، با ببێتە دەستپێکێک بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤێک با ببێتە دەستپێکێک بۆ ئەوەی خەڵک بێنە سەر شەقام و بڵێن بەسە.
لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە کاتێک لەشکر و هێزە چەکدارەکانی دەسەڵات، لەگەڵ کۆیلە بەکرێگیراو و لایەنگیرانیان، لە شەقام و گەڕەکەکانی شاری هەولێر بڵاو دەبنەوە و دەبنە بەربەست لە بەردەم بیروڕا و ئازادی تاکدا، دەبینی، دەبێتە زیندانێکی گەورە. ئەم نمونە وەرگیراوی هەمان فەرمان ڕەوایی دەسەلاتی زەردە بۆ شاری سلێمانی شارێک کە ڕۆژێک شاعیرەکانی گۆرانی ئازادیان دەوت تێیدا، ئێستا گوێیان لە قامچی لێدانی کۆیلە بەکرێگیراوانە.
ئەو گەنجەی لە مێدیاکانەوە باسی لێکراو لە هۆڵی دادگا دادوەری لێ ئاگادار کردەوە، لە پاش ڕژێمی بەعس و دەسەلاتی ئێستای پارتی تاکە کەسە جەستەی بریندار کراوە و لە پیاوەتی خراوە، بەڵام مەبەستەکەی دەسەڵات لەم هەموو شێواندنی سزا و ئەشکەنجە و دڵڕەقیەدا، تەنها لەناوبردنی ئەم تاکە کەسە نییە، مەبەستەکەی نەهێشتنی بیروڕای ئازادە سڵکردنەوە و کپکردنی ئازادییە، ئەوەی ڕویداوە پەیامێکە نێردراوە بۆ هەموو ئازادیخوازێک، دەڵێ ئەگەر تۆ بڕیارتدا دەنگت بەرز بکەیتەوە، ئەمە چارەنووسی تۆش دەبێت لەم ڕوانگەوە، تاکە کەسەکە قوربانییە، بەڵام چەکەکە ڕووی کراوەتە کۆمەڵگە، چوون دەسەڵاتێك لە پێگەو بەرژەوەندیەکانی بترسێت ئەشکەنجە وەک چەکێکی کوشندە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نەک تەنها جەستەی تاکەکەسێک بکاتە هەڕەشە، بەڵکو ڕۆحی بەرگری و ئازادی لە کۆمەڵگە دەستەمۆی خۆی دەکات
ئەوەی ڕوویدا، بۆ خەساندنی ئازادییە. ئەوەی ڕوویدا، بەڵگەیەکی ترە کە دەسەڵات، کاتێک بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە دەمێنێتەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ لەناوبردنی مەردایەتی و ڕۆحی مرۆڤ و هەڕەشەکردن لە کۆمەڵگەدا. ئەشکەنجە و لێدان و نیشانە بە جەستەی زیندانیانەوە، وەک چەکێکی کوشندە بەکاردەهێنرێت بۆ دەرەوەی زیندان بۆ ئەوەی بویری تاک پەک بخرێت و بێدەنگی ئازادیخوازان بە شێوەیەکی کارا بەکاربهێنن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ڕێکخراو.
|