دانا حامید 21/05/2026 709 جار خوێنراوەتەوە

سەردانەکەی پوتین بۆ چین دەرفەتێکی گرنگ بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاریی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات

هاوکات لەگەڵ 25 ساڵەی پەیمانی دراوسێیەتی باش و دۆستایەتی و هاوکاری نێوان ڕووسیا و چین و هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە جیهانییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەوروبەری ئێران و ئۆکرانیان، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا سەردانی چین دەکات. پێشبینی دەکرێت ئەم سەردانە ببێتە هۆی واژۆکردنی نزیکەی 40 ڕێککەوتنی دوولایەنە و فراوانکردنی هاوکارییەکانی وزە و هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە نێودەوڵەتییە هەستیارەکان.

بۆ ڕووسیا ئەم سەردانە پەیامێکی بەرچاوی هەڵگرتووە هاوبەشی ستراتیجی لەگەڵ چین بە جێگیری دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر پەکین بۆ کەمکردنەوەی پشتیوانییەکانی بۆ مۆسکۆ.

جگە لەوەش، سەردانەکەی پوتین زۆر گرنگە لە ڕووی دەستەبەرکردنی بەردەوامی دابینکردنی وزە، دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیا و کاڵا گرنگەکان و پشتیوانی سیاسی چین لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بۆ رووسیا. بە وتەی چاودێرانی ڕووسیا، پەکین نوێنەرایەتی هێزێکی جیۆپۆلەتیکی گەورە دەکات لە بەرپەرچدانەوەی فشارەکانی ڕۆژئاوا.

پرسە نێودەوڵەتییەکان لە پێشەنگی گفتوگۆکاندا دەبن، بەتایبەتی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات لەگەڵ پرسی ئۆکرانیا و تایوان.

سەردانەکەی پوتین بۆ چین، دەرفەتێکی گرنگە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاریی ستراتیژی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێچەوانەی سەردانەکەی ترەمپ کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکا بوو بۆ چین لەماوەی نۆ ساڵدا، ساڵانە کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆکەکانی ڕوسیا و چین بەڕێوەدەچن.

پوتین و شی جینپینگ بە شێوەیەکی ئاسایی ساڵانە سێ بۆ پێنج جار کۆدەبنەوە، جا لە ڕێگەی سەردانی دوولایەنە بێت، یان لوتکەی بریکس بێت، یان لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای بێت، یان بۆنەکانی دیکە.

لە ڕووی سیاسییەوە، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی نێوان مۆسکۆ و پەکین نیشانی دەدەن کە پەیوەندییەکە؛ هەماهەنگییە نەریتییەکان تێدەپەڕێنێت و پەرەدەستێنێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی درێژخایەن، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا.

لە ڕووی ئابوورییەوە چین بووەتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ڕووسیا، بەو پێیەی مۆسکۆ بەشێکی بەرچاوی بازاڕەکانی بازرگانی و وزەی بەرەو ئاسیا ئاڕاستە کردەوە. بەپێی ئەو داتایانەی ئەم دواییەی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوولایەنە گەیشتووەتە نزیکەی 228 ملیار دۆلار، سەرەڕای دابەزینی لە ساڵی 2025، کە یەکەم دابەزینی لەو جۆرەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا.

چین هێڵێکی ژیانی ئابووری گرنگی بۆ ڕووسیا دابین کردووە لەو کاتەوەی دوای شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا لە شوباتی 2022 دا سزای بەسەردا سەپێندرا.
ڕووسیا ڕۆڵێکی زۆر بچووکتر دەگێڕێت لە بازرگانی دەرەکی چیندا بەراورد بەوەی کە چین لە بازرگانی ڕووسیادا دەیگێڕێت. لە ساڵی 2024 دا ڕووسیا نزیکەی 5.6%ی کۆی بازرگانی چینی پێکهێناوە، لەکاتێکدا چین نزیکەی 36%ی بازرگانی ڕووسیای پێکهێناوە.

سیستەمی سیاسی چین و ڕووسیا هەندێک لێکچوونیان هەیە، چونکە هەردووکیان سیستەمێکن کە دەسەڵات لە دەستی یەک سەرکردەدا چڕ دەبێتەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

چین دەوڵەتێکی یەک حزبییە کە پارتی کۆمۆنیستی چین سەرۆکایەتی دەکات، لە کاتێکدا ڕووسیا سیستەمێکی فرە حزبییە و پارتی یەکگرتووی ڕووسیای پوتین زاڵە.

هەردوو سەرکردە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیان چڕتر کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا هەردوو وڵات ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی تەمەنی کارکردن بوونەتەوە.

چین و ڕوسیا مەیلیان هەیە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتیوانی یەکتر بکەن، یان لانیکەم خۆیان لە دژایەتیکردنی یەکتر بەدوور بگرن، کە هەردووکیان کورسی هەمیشەیی و دەسەڵاتی ڤیتۆیان بەدەستەوەیە. لە ساڵی 2004 ەوە هیچ کامیان بەبێ پشتیوانی ئەوی دیکە ڤیتۆیان لە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش نەکردووە.

هەرچەندە ئەوان لە ئاسیای ناوەڕاستدا بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، ڕووسیا سەرنجی لەسەر پشتگیریکردنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی کۆمارەکانی پێشووی خۆیەتی ( سۆڤیەت )، لەکاتێکدا چین سەرنجی لەسەر پەرەپێدانی بازرگانی و گەشەپێدانی ئابووری بووە، ئەوان خۆیان لە ململانێ بەدوور گرتووە و هاوکاری یەکیان کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەڕێگەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهایەوە.

هاوکاری ئەمنی نێوان چین و ڕووسیا بەردێکی بناغەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوانیانە، کە بریتییە لە مەشقی سەربازی هاوبەش، هاوبەشکردنی هەواڵگری و پەرەپێدانی هاوبەشی سیستەمی چەک.

لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە، هەردوو وڵات مانۆڕ و مەشقی سەربازی هاوبەشیان لە هەردوو ئاستی ستراتیژی و تاکتیکیدا ئەنجامداوە، لەوانەش مانۆڕی دەریایی و ئاسمانی لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن.

گرێبەستی چەک و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای بەرگری ناوەندی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان چین و ڕووسیایە. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕووسیا سەرچاوەی سەرەکی زۆربەی هاوردەکردنی سەربازی چین بووە، لەوانەش کەرەستەی پێشکەوتووی وەک فڕۆکەی جەنگی و ژێردەریایی و سیستەمی مووشەکی.

بەڵام هاوردەکردنی چەک لەلایەن چینەوە بە تێپەڕبوونی کات کەمیکردووە بەهۆی پێشکەوتنی پیشەسازییە بەرگرییەکانییەوە. ئێستا چین زۆربەی چەکەکانی خۆی بەرهەم دەهێنێت و بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک لە جیهاندا.

هەردوو وڵات لە بواری پەرەپێدانی سیستەمی چەکدا هاوکاری دەکەن، لەوانەش پڕۆژەی سیستەمی هۆشداریی مووشەکی، هاوکات بە یەکخستنی سیستەمی گەشتیاری لەسەر بنەمای مانگی دەستکرد هاوکاریی بۆشایی ئاسمانیان بەهێزتر دەکەن.

هاوکاری سەربازی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستی پەیمانی بەرگریی هاوبەش بەرز نابێتەوە، بەڵکو هاوپەیمانییەکی ناپابەندکەر پێکدەهێنێت، بەو پێیەی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان هیچ کام لە لایەنەکان پابەند ناکەن بە بەرگریکردن لە لایەنێکی دیکە. بۆیە پەکین هاوکاری سەربازی نەکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە ئەگەری سزاکانی ڕۆژئاوا.

 

هەموو وتارەکانی دانا حامید

سەرەکی