لە ماوەی دە ڕۆژدا، پێشوازیکردنی پەکین لە دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین، دۆخێکی جیاوازی لە بەیەکگەیشتنی دیپلۆماسی جەمسەرە سەرەکییەکانی جیهان هێنایە پێشەوە ئەم پێشهاتە، نەخشەی ململانێ و بەرژەوەندییە هاوچەرخەکانی زیاتر لە دەوری چین چڕ کردەوە و ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە پێگەی پەکین لەم قۆناغەدا سنووری زلهێزێکی ئابووری تێپەڕاندووە و وەک سەنتەرێکی باڵای بڕیاردانی سیاسی و مەرجەعێکی دیپلۆماسی جیهانی جێگیر بووە، بێگومان ڕەهەندەکانی ئەم مەرجەعییەتە تەنیا لە چوارچێوەی نەریت و مانۆڕە پرۆتۆکۆڵییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو نەخشاندنی هاوکێشەیەکی نوێی جیۆسیاسییە، کە تێیدا پەکین بووەتە ئامێزگەی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان و لە یەک کاتدا هەم ڕکابەرە سەرەکییەکانی و هەم هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ناچار دەکات بۆ داڕشتنی هەر نەخشەیەکی داهاتوو ڕوو لە چین بکەن.
هەرچەندە چاوی میدیا و ناوەندە شیکارییەکانی جیهان لەبری گرنگی بە مەوقعیەتی ئێستای چین و ماهیەتی سەردانەکان زیاتر لەسەر دیمەنە ڕواڵەتییەکانی ئەم دوو دیدارە چڕ بووبوونەوە، هەر لە خوێندنەوەی زمانی جەستە و جیاوازی پرۆتۆکۆڵەکانی پێشوازی لە نێوان ترەمپ و پۆتیندا، تا دەگاتە جێگای دانیشتنی هەردوو سەرۆکی چین و ئەمەریکاو سەرنجدان لە هێما مێژووییەکانی وەک پیشاندانی درەختە دێرینەکانی باخچەی پەکین بەترەمپ وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەگداکوتینی شارستانیەت و ئارامگری ستراتیژیی چین، بەڵام لە جەوهەردا دیوە ڕاستەقینەکەی ئەم هاوکێشەیە بەتەنیا لە چوارچێوەی ئەو دیمەنە فەرمییانەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو کاتی هەڵبژێردراوی سەردانەکان، قەبارەی شاندەکان و هەلومەرجە هەستیارەکەی ئێستا، وێنەیەکی نوێی جیۆسیاسیمان بۆ دەردەخەن، کە تێیدا پەکین بەسوود وەرگرتن لە پێگەی خۆی بووەتە وێستگەی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان.
بایەخی ڕاستەقینەی ڕۆڵی ئێستای چین لەوەدایە توانیویەتی جیاواز لە نەریتی ڕۆژئاوایی ریتمێکی نوێ لە هەژموونی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای خاسێتی پڕاگماتیزمی سارد و بەرژەوەندی هاوبەش بەرجەستە بکات و خۆی لە هاوپەیمانێتییە سەربازییە ئایدۆلۆژییەکان بەدوور بگرێت بۆیە هێزی پێشەنگایەتی ئەم جەمسەرە زەبەلاحەی جیهان لەوەدا خۆی پێناسە دەکاتەوە، کە بەستنەوەی جومگە ئابووری و جیۆسیاسییەکان بە پەکینەوە بووەتە ناچارییەکی ستراتیژی بۆ هێزە نێودوڵەتیەکان، رەهەندەکانی ئەمەش بە زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ووڵاتی چین بەدوای گۆڕینی سیستمی سیاسی دەوڵەتاندا ناگەڕێت بەڵکو تەنیا کار لەسەر دەستەبەرکردنی ئاسایشی بازاڕ و ڕەوتی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان دەکات.
ئەم واقیعە ماتریالیستییەش وایکردووە لەیەککاتدا واشنتۆنی ڕکابەر و مۆسکۆی هاوپەیمان، پەکین وەک ناوەندێکی حەتمی ببینن هەروەک چۆن هەم دەرگا بۆ ترەمپ و سەرکردە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا واڵا دەکات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بازاڕی ئابووری و سیاسەتی جیهانی و هەم پێشوازیش لە پۆتین دەکات بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز بەرامبەر بلۆکی ڕۆژئاوا ئەم هاوسەنگسازیەش دەلالەتێکی ڕوونە، کە پەکین لە زلهێزێکی ئیکۆنۆمی ڕووتەوە گۆڕاوە بۆ مەرجەعێکی دیپلۆماسی باڵا و جەمسەرێکی ڕاوەستاو لە نەزمێکی نوێی فرەجەمسەریدا. لە دەرئەنجامدا، لێکەوتەکانی سەردانی ترەمپ و پۆتین لەو مەودا کەمەدا بۆ پەکین گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێگەی چین لە سیستمی نێودەوڵەتیدا پیشان دەدات ئەم پێشهاتە دەرخەری ئەو واقیعەیە پەکین بە ئاوێتەکردنی هێزی ئابووری و تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو و توانای دیپلۆماسێتی کاریگەر ئاستی هەژموون و ئیعتیباری خۆی بەتەواوی بەرزکردووەتەوە و بووەتە بڕبڕەی پشتی هاوکێشە سیاسییە جیهانییەکان و ئاراستەی ململانێ نێودەوڵەتییەکانی بەرەو قۆناغێکی نوێ بردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گەشەسەندنەشدا، ئەوەی پێگەی پەکینی زیاتر قایم کردووە هۆشیارییە ستراتیژییەکەیەتی، کە سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکان و بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە رێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی سیاسی خۆی بۆ هاوپەیمانەکانی لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا دووپات دەکاتەوە و بەرامبەر تایوانیش ئامادەییەکی سەربازی ڕوون پەیڕەو دەکات بەڵام بەوپەڕی وریاییەوە هەوڵی داوە خۆی لە پەلەکێشکردن بۆ ناو گۆڕەپانەکانی شەڕ و تێوەگلان لە ململانێ سەربازییە ڕاستەوخۆکان و تەڵەی رکابەرەکانی بپارێزێت. پەیڕەوکردنی ئەم پڕاگماتیزمە سیاسی و خۆ بە دوور گرتنەش هێزێکی زیاتری بە پەکین پەخشیوە و وایکردووە ببێتە سەنتەرێکی حەتمی، کە هەم واشنتۆن بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ و هەم مۆسکۆش بۆ بەهێزکردنی بەرەی سیاسی خۆی ناچار بن ڕووی تێبکەن، ئەمەش دەرهاوێشتەی ئەوەیە چین بەم پێگە کاریگەرەیەوە، مۆدێلێکی جیاواو نوێی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پیشانداوە مۆدێلێک، کە لەبری دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و سەپاندنی هێز بەپێچەوانەی ئەمریکا و ڕووسیا، پشتی بە هێزی نەرم بەستووە هەر