كاروان ئەنوەر 25/05/2026 50 جار خوێنراوەتەوە

فـــــــــڕناس

هەركەسێك زۆر لە ئاسماندا بمێنێتەوە، زیاتر ئەگەری كەوتنەخوارەوەی هەیە، هەركەسێكیش لە گۆماودا ماسی راوبكات، بۆ پیاو قولوقاچی، بۆ ژنیش پلوپوزی تەڕ دەبێت، خۆ ئەوەی زیاتر لە بنی ئاودا بمێنێتەوە، ئەگەری خنكانی زیاترە، كەچی من كەسانێك دەناسم چەندین جار لە بنی ئاوەوە بەرەو حەوت تەبەقەی ئاسمان و كەشكەڵانی فەلەك بەرز دەبنەوەو دەشفڕن و فیلیش نین!!

هەموومان لە كتێب و میدیای عەرەبدا ناوی عەباسی كوڕی فڕناس مان بیستوە، گوایە داهێنەرێكی عەرەب بوە لە سەدەی نۆهەمی زاییندا لە ئەندەلوس (ئیسپانیای ئێستا) ژیاوە، بەڵام كەسمان نەمانپرسی فڕناس كە وشەیەكی كوردیە چۆن گەیشتە ئیسپانیا!!؟؟

ئەم پیاوەی كە لە داهێنانی فڕیندا نموونەی نەبوو، داهێنەری شوشە بوو لە لم و زیخ، و داهێنەری ئامێری گومەزی فەلەكی بوو، شاعیر و میوزیكزان بوو هەروەك (زریاب) كە ئەویش عەرەب نەبوو، فڕناسەكەی لای خۆمان فەیلەسوف و زانا و ئەندازیار و موزیكزان و فەلەكناس بوو، كەواتە وەك لیۆناردۆ داڤینشی و مایكل ئەنجیلۆ وابوە، بەڵام بە كۆپیەكی عەرەبی كراو.

گرنگ ئەوەیە بزانین وشەی (فڕ + ناس) كە لە زمانی عەرەبیدا بەم وشانە دەوترێت اعجمی واتە ناعەرەبی، لە كوێوە و لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە، ، وشەكە لێكدراوەو چاوگەكەی لە زمانی كوردیدا دەگەڕێتەوە سەر چاوگی (فڕین/ فڕ)، ئاماژەیە بۆ جوڵە لە بەرزاییدا، (ناس) ئاوەڵناوە بەمانای زانا شارەزا ئاشنا دێت، دروست لە وشەی ناسین كە كورتكراوەیەكی زۆرباش و جوان كوردێنراوە، لەو ئەندەلوسە و لە سەدەی نۆهەمدا، بەڕاستی مایەی پرسیارە؟؟

من بۆیە ئەم شێر و رێویە بۆ كارەكەی ئەم پیاوە (كاك عەباس) باسدەكەم، وەك چۆن لە سەرەتا وتم، لەكۆتاییشدا مەبەستێكی ترم دەبێت، گرنگ ئەوەیە كاك عەباس كە ویستی بۆ یەكەمین جار ئەزمونی فڕینی مرۆڤ تاقیبكاتەوە و لەسەر بەرزاییەكەوە بە دووباڵی لە پەڕی باڵندە دروستكراو، فڕی و چەند ساتێك لە ئاسماندا مایەوە، بەڵام پاش كەمێك دەكەوێتە خوارەوە و دەڵێن دەشمرێت، هۆكاری كەوتنە خوارەوەكەی دوو گێڕانەوە هەیە: یەكیان گوایە بە (پیوـ شەمع) پەڕی باڵەكانی لكاندوە و كە بەرز دەبێتەوە، خۆرەتاو پیوەكە دەتوێنێتەوە و دەكەوێتە خوارەوە، دوەم: گوایە كلكی بۆ خۆی دروست نەكردوە، لە نیشتنەوەدا بە زەویدا دەكێشێت و دەمرێت.

باشە، ئێستا خەڵكانێك هەن لە بنی دەریادا ماسی دەگرن و قولیشیان تەڕ نابێت، لە كاك عەباسی فڕناس زیاتر لە ئاسمانی فەلسەفیدا دێن و دەچن و دەمێننەوە، چونكە كلكیان بۆ خۆیان دروست كردوە، لەكاتی نیشتنەوەدا نامرن، لەبری پیو، یان بە (First Class)  یان بە (VIP)  یان بە فڕۆكەی تایبەت، گەشت دەكەن و دەیان هەزار پێ لە ئاستی دەریاوە بەرزدەبنەوە، دەشفڕن و ناشمرن، بەڵام هۆكاری ماسی گرتن وسەفەر كردن ئەگەر بۆ گەشتكردن نەبێت، دەبێت بۆ ئیشوكار بێت، ئەگەر بۆ ئیشوكار بێت، دەبێت بزانرێت كام ئیشو كام كار؟ كاریش دوو جۆرن، یان كاری تایبەتە یان كاری بەرژەوەندیی گشتیە، بەڵام ئێمەی كورد لەم هەرێمەدا ئاگامان لە هۆكار و رۆشتن و هاتنەوەی عالم و تاجر و مەسولەكانمان نیە، بە رەعیەتیش ناڵێن بۆچی دەڕۆن و ئیشەكەیان چیە و چۆن بوە و چییان بەدەستهێنا، ئەوە نەبێت زۆربەی زۆریان تەنها دەیانەوێت لە بنی ئاوەوە فێری فڕین ببن، بەڵام وەك عەباسی كوڕی فڕناس نا!! 
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

هەموو وتارەکانی كاروان ئەنوەر

هەموو وتارەکانی كاروان ئەنوەر

هەموو وتارەکانی كاروان ئەنوەر

سەرەکی