|
عومەر عەلی محمد
30/05/2026
69 جار خوێنراوەتەوە
ئۆردوغان دۆزەخ بە ڕووی ئۆپۆسیۆندا دەکاتەوە . عمر علی محمد بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە لە 22ی نیسانی ئەمساڵدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی ساڵی 2023ی پارتی گەلی کۆماری و نایاسایی بوونی هەڵبژاردنی ئۆزگور ئۆزیل بە سەرۆکی پارتەکە و جارێکی تر گەڕاندنەوەی کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ بۆ سەرۆکی جەهەبە ئەویش بە پاساوی ئەوەی کلچدار ئۆغڵۆ بەشێک لە بەرپرسە نزیکەکانی سکاڵایان لەسەر ئۆزگۆر ئۆزیل و ئیمام ئۆغڵۆ تۆمار کردووە بەوەی کە گەندەڵییان کردووە و هەستاون بە کڕینی دەنگ و گۆڕینی ئەنجامەکان بە قازانجی دەرچوونی ئۆزیل بە سەرۆکی پارتی گەلی کۆمایی ،ئەم ڕوداوە لە ناکاو شڵەژانێکی گەورەی لە فەزای سیاسی تورکیادا دروست کرد. ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەمە قۆناغێکی نوێیە کە پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیادا پەنای بۆ دەبات، ئەویش لە ڕێگەی دادگاوە دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن لاواز بکات و لەم ڕێگەیەشەوە وا لە خەڵکی ناڕازی بکات کە بڕوایان بە هەڵبژاردن نەمێنێت و متمانەیان بە سندووقەکانی دەنگدان لاواز ببێت و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ڕێژەیەکی کەمیان بەشداری هەڵبژاردن بکەن. چاودێرانی سیاسی وا دەبینن کە ئەمە پلانێکی داڕێژراوە کە ئۆردوغان و هاوپەیمانە حکومڕانەکەی لە تورکیادا کاری لەسەر دەکەن دژ بە ئۆپۆزسیۆن. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2023 ئۆردوغان نەیتوانی لە خولی یەکەمدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و کەوتە خولی دووەم. لە ساڵی 2024 کە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان ئەنجام درا، جەهەپە توانی سەرکەوتنی باش بە دەست بهێنێت و شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر و دەیان شاری تر بباتەوە، لە باکووری کوردستانیش هادەب توانی سەرکەوتن لە زۆرینەی شارەکاندا تۆمار بکات. سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە شارە گەورەکان ترسێکی زۆری بۆ ئەردوغان و هاوپەیمانی کۆمار دروست کرد ،لەبەر ئەوە هەر لەو کاتەوە پلانێکی نوێیان داڕشت بە مەبەستی پارچەکردنی ئۆپۆزسیۆن و کەمکردنەوەی متمانەی دەنگدەر پێیان و لێدان لە کەسایەتییە بەهێزەکانیان. لەبەر ئەوە دەبینین لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئیمام ئۆغڵۆ وەک بەهێزترین کەسایەتی ئۆپۆسیۆن و سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ،بە تۆمەتی گەندەڵی و سیخوڕی کردن و پشتیوانی کردنی لە تیرۆر دەستگیر کرا و هەتا ئێستاش دادگایی نەکراوە .پاشان لەگەڵ دەمپارتی و ئۆجەلان چوونە نێو پرۆسەی ئاشتی و لەم ڕێگەیەشەوە دەیانەوێت دەستوور هەموار بکەنەوە و دەنگی کورد لە جەهەپە و ئۆپۆسیۆنی تورکیا داببڕن و بیهێنن بە لای هاوپەیمانی کۆمار و پشتیوانیان لێ بکەن لە هەموارکردنەوەی ئەو بەندە دەستووریەی کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەڵبژاردنەوەی ئۆردوغان بۆ جاری سێهەم وخۆی کاندید بکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. لە ئێستاشدا بەم بڕیارەی دادگای ئەنقەرە دەیانەوێت پارتی گەلی کۆماری دووکەر بکەن و ڕێگە خۆش بکەن بەوەی ئۆزیل و ئیمام ئۆغڵۆ پارتێکی نوێ ڕابگەیەنن یان بەرەو کۆنگرێکی نوێ هەنگاو بنێن ،کە ئەمەش زیاتر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کەمال کلیجدار ئۆغڵۆدا قووڵتر دەکاتەوە و هیچ لایەکیان بە ئەنجامی کۆنگرەکە ڕازی نابن . ئەکەپە دەڵێت لە ئێستادا 76 سەرۆک شارەوانی ئۆپۆزسیۆن هاتوونەتە پاڵ هاوپەیمانی حوکمڕان و ڕیزی ئۆپۆزسیۆنیان بەجێهێشتووە. بەڵام ئۆپۆسیۆن دەڵێت لە ئێستادا شارەوانییەکانی ئۆپۆسیۆن کەوتوونە بەردەم فشارێکی زۆر کە دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە یان زیندان هەڵبژێرن یان سەنگەر بگوازنەوە و بێنە ناو پارتی داد و گەشەپێدان، چونکە ئەوانیش بێ بەری نەبوون لە ئەنجامدانی گەندەڵی و بۆ ئەم مەبەستەش بە وردی لە لایەن حکوومەتەوە چاودێری کراون و دۆسییەکانیان خراوەتە بەردەم دادگا. حوکمڕانانی تورکیا لە ئێستادا بارودۆخی سیاسی ناوچەکەیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی پلانێکی کەمەرشکێن دژ بە ئۆپۆسیۆن ئەنجام بدەن .چونکە لە ئێستادا یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکاش پێویستیان بە تورکیایە، لەبەر بابەتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نایانەوێت تورکیا لە خۆیان بڕەنجێنن هەر وەک لە سووریاش بینیمان کە هەڵبژاردنێکی دەمامکداری دوور لە ناوەڕۆکی دیموکراسی ئەنجام درا و نە ئەمریکاو نەیەکێتی ئەورووپا هەڵوێستی شێلگیرانەیان نەبوو لەسەری، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پیرۆزباییان لێکرد و بە پرۆسەیەکی دیموکراسییان لە قەڵەمدا. لەبەر ئەوە ئۆردوغان بۆ شکاندنی بەربەستەکانی بۆ هەڵبژاردنی 2028 پلانی تایبەتی هەیە ,بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و دەرچوواندنی لە خولی یەکەمدا ئەمەش بە ئەگەری زۆرەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت،چونکە لێرەدا پێویستی بە هەمواری دەستور نابێت و ڕاستەوخۆ ئۆردوغان بۆ خولی سێهەم دەتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە.
|