1     کاتژمێر پێش ئێستا 40 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، جەنگی ئێران دوای هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس کۆتایی دێت، حوسییەکانیش نایانەوێت شەڕی ئێمە بکەن.

ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە دبلنەوە ڕایگەیاند، بەمزووانە جەنگی ئێران کۆتایی دێت، بە ئەگەری زۆرەوە دوای هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت، ئەوان هەوڵی سەرکەوتن دەدەن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تا هەڵبژاردنەکان ئاڵۆز بکەن، پێم وایە خەڵکیش ئەوە دەزانن.

بە وتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران دەیەوێت لەگەڵیان بگاتە ڕێککەوتن، جارێکی تریش بانگەشەی سەرکەوتنی گەورەی کرد بەسەر ئێراندا، دووپاتیشیکردەوە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "هەموو شتێک باشە و حوسییەکانیش نایانەوێت شەڕی ئێمە بکەن".

سەبارەت بە هێرش بۆسەر بۆرییەکی نەوت لە سعودیە کە ئەو وڵاتە گرووپە عێراقییەکانی پێ تۆمەتبار کرد، سەرۆکی ئەمریکا وتی ئێران لە پشت هێرشەکەوەیە.

پێشتر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە گەرووی هورمز بکرێتەوە، بەڵام کردنەوەی گەرووەکەی بەستبوەوە بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و وەستاندنی هێرشەکان بۆسەر کەناراوەکانی ئێران.

وتەکانی ترەمپ سەبارەت بە حوسییەکان لە کاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا چەند جارێک بۆردومانی حوسییەکانی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی حوسییەکان زیاتر لە هەفتەیەکە هێرشی چڕیان بۆسەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستپێکردووە کە سەر بە سعودیەن و نزیکبوونەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەب بە تەواوی، ئەمریکا هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر حوسییەکان، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر میدیای ئەمریکا باسی لەوەکردبوو محەمەد بن سەلمان لەکاتی هێرشەکانی حوسییەکاندا چەند جارێک داوای لە ترەمپ کردووە سوپای ئەمریکا هێرش بکاتە سەریان، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داواکەی ڕەتکردووەتەوە.

ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەهۆی شکستهێنانی ڕێککەوتنەکەی حوزەیرانی ڕابردووە، کە زیاتر تایبەت بوو بە کردنەوەی گەرووی هورمزو دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی تێیدا، کە لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا شەڕی دەریایی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لێکەوتەوە.

دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی شوباتی ٢٠٢٦ بۆسەر ئێران کە ٣٩ رۆژی خایاند، لەگەڵ ڕووداوەکانی دواتر، کەشتیوانی و بازرگانی لە گەرووەکە پەکخستووە، بەڵام زیانی زیاتر بۆ هەناردەی نەوتی جیهان دروستبووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن بە رەزامەندی وڵاتەکەی بێت.

گەرووی هورمز پێشتر ٢٠٪ ی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئێستا ڕۆژانە چەند کەشتیەکی پێدا تێدەپەڕێت، کە ئەویش یان بە ڕەزامەندی ئێران یاخود لە ژێر پاراستنی ئەمریکادایە،لە هەمانکاتیشدا ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، بەوهۆیەوە هەناردەی نەوتی ئێران نزیکبووەتەوە لە سفر.

ئێران بە بەکارهێنانی کارتی حوسییەکان و هەڕەشەکردن لە داخستنی گەرووی بابولمەندەب کە سعودیە وەک جێگرەوەی گەرووی هورمز دەیویست بۆ هەناردەی نەوتەکەی بەکاریبهێنێت، فشاری لەسەر وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا زیادکردووە، لەمکاتەشدا کە ئەمریکا نزیکە لە هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس نایەوێت دۆخەکە هێندەی تر لەگەڵ ئێران ئاڵۆز بکات.

لە کۆتاییدا بەهۆی مەترسیی خنکاندنی ئابوری ئێران و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەمریکا، لەگەڵ مەترسی بۆسەر هەناردەی نەوتی سعودیە و کەنداو، رەنگە فشارەکان بۆ ئەوەبن جەنگەکە بە تەواوی کۆتایی بێت، چونکە ئێستا بەردەوامیەکەی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی ناکۆکدا نییە.

  • سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە

  • مەرجی نوێی هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٧؛ وردەکاری کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم

  • لە تیرۆرکردنی "سیپان"ەوە بۆ پشێویی زیندان؛ لە رۆژئاوای کوردستان چی ڕوویدا؟

  • ١١ ی سێپتەمبەر؛ ئەو رۆژەی ئەمریکا و جیهانی گۆڕی

  • وەڵامەكەی تاران بۆ ریاز: حوسییەكان بە ئێمە ڕاناگیرێن

  • لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە

  • بەهۆی قەرەباڵغی زیندانەکانەوە؛ عێراق پەنا بۆ ئازادکردنی زیندانییان دەبات

  • دەنگێکی تۆمارکراو گومان لەسەر هۆکاری خنکانی خوێندکارە کوردەکەی چین دروست دەکات

  • لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا؛ گفتوگۆ یان شەڕ دەستپێدەکات؟

سەرەکی