عوسمان کاروانی 23/06/2026 77 جار خوێنراوەتەوە

قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی دابەشکاریی ناوخۆیی و گۆڕانکارییه جیۆپۆلەتیک یەکاندا

زیاتر لە نیو سەدەیە گەلی کورد لە پێناو بەدیهێنانی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆدا قوربانیی بێشومار پێشکەش دەکات؛ قەوارەیەک کە کۆڵەکەکانی لەسەر بنەمای کەرامەت، دادپەروەری و خۆشگوزەرانیی گشتی بونیاد بنرێت، بەڵام ئەوەی پاش پتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانیی خۆماڵی دەیبینین جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ ئەو خەونە مەزنەی کە لە پێناویدا کارەساتی ئەنفال، کیمیاباران، کۆڕەو و خوێنی پاکی شەهیدانمان بۆ خشیوە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە سێ بەرەی هاوتەریب و ستراتیژییەوە (ناوخۆ، بەغدا، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی) ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵ بۆتەوە:

١. ئاستی ناوخۆ: کەرتبوونی کۆمەڵایەتی و داڕووخانی متمانەی گشتی

پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و سەروەریی یاسا ڕێکبخرێت، ساڵانێکە لەژێر هەژموونی حیزبایەتیی بەرتەسک، خزمخزمێنە و جەمسەربەندیی ناوچەییدا پەکخراوە.

 ئەم واقیعە بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی دیاردەی مەترسیداری دووئیدارەیی و لاوازبوونی متمانەی نێوان زۆنەکان و قووڵبوونەوەی ململانێی توندی هێزە سیاسییەکان، ئەمەش کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر بڕیارە سیاسی و ئەمنی و داراییەکان پەکخستووە. نیشتمانێک کە هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی هێشتا لەژێر ڕکێفی ئەجێندای حیزبیدا بن و دامەزراوە نیشتمانییەکانی بێدەسەڵات کرابن، ناتوانێت  بەڵێنی سەقامگیرییەکی درێژخایەن بە هاووڵاتیانی بدات.

له‌ لایه‌کی دیکەوە، ناڕوونی و نەبوونی شەفافیەت لە داهاتە نەوتی و ناوخۆییەکاندا، سیستمی نادروستی باجو دواکەوتنی بەردەوامی شایستە داراییەکان و قۆرغکاریی بازاڕی کار لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا سێبەرەکانی حیزب، درزێکی قووڵی چینایەتی لە ناو کۆمەڵگادا دروست کردووە. ئەم نادادییە و نەبوونی دەرفەتی یەکسانی هەلی کار، بێهیواییەکی کوشندەی لای نگەنجان و خاوەن بڕوانامەکان بەدیهێناوە، بە شێوەیەک کە داهاتووی خۆیان لەم نیشتمانەدا بە لێڵ دەبینن و کۆچی بەکۆمەڵ وەک تاقە دەرچە دەستنیشان دەکەن؛ ئەمەش مەترسییەکی جدییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان.

٢. پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا: لەدەستدانی پێگەی دەستووری و کارتەکانی گوشار

پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا هەمیشە پڕ لە هەوراز و نشێو بووە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا شێوازی مامەڵەی حوکمڕانیی کوردی لەسەر بنەمای کاردانەوەی کاتی و بەرژەوەندیی حیزبی بووە، نەک ستراتیژێکی نیشتمانیی دوورمەودا کە بتوانێت هاوسەنگیی هێز ڕابگرێت.

گرەوکردنی ناواقیعی لەسەر ئابووریی سەربەخۆ و هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەچاوکردنی هاوکێشە بەهێزە جیۆپۆلەتیکی و یاساییەکانی ناوچەکە وایکرد هەرێمی کوردستان زۆربەی کارتە بەهێزەکانی گوشاری ئابووری و دەستووری لەدەست بدات. دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، ئێستا هەرێم لە پێگەیەکی لاوازی دانوستاندندایە، بە شێوەیەک کە دابینکردنی بژێوی و مووچەی ڕۆژانەی فەرمانبەرانی خۆی بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەند پێناکرێت.

هاوکات، پەرتەوازیی هێزە کوردییەکان لە بەغدا، بەکارهێنانی قوتی هاونیشتمانیان وەک کەرەستەی ململانێ، و گواستنەوەی کێشە نێوخۆییەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ناوەندی بڕیاری عێراق، پێگەی کوردی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە تەواوی لاواز کردووە و نەیارانی قەوارەکەی دلێرتر کردووە لە پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکانمان.

٣. ئاستی نێودەوڵەتی: پاشەکشەی متمانەی دۆستان و سیمای دیموکراسی

یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی پاشەکشەی متمانەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان، پەککەوتنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکنەخستنی هێزە چەکدارەکان لەژێر چەتری دامەزراوەیەکی نیشتمانیی دوور لە هەژموونی حیزبی.

هاوپەیمانان بە ڕوونی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەردەوامیی هاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکانیان بەستراوەتەوە بە هەنگاوی جددی لەم بوارەدا، بەڵام نەبوونی ئیرادەی سیاسیی ڕاستەقینە، بێهیواییەکی گەورەی لای دۆستە دەرەکییەکانمان دروست کردووە.

لەسەرێکی ترەوە، دابەزینی پێوەرەکانی دیموکراسی، بەرتەسککردنەوەی فەزای ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، پاشەکشە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دواخستنی چەندبارەی پرسە دەستووری و هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، سیمای دیمۆکراتیانەی حوکمڕانیی کوردی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا شێواندوە و ئەو پاڵپشتییە ئەخلاقی و سیاسییەی کەمکردووەتەوە کە ساڵانێک بوو هەرێم شانازیی پێوە دەکرد.

٤. نەخشەڕێگای ڕزگاری

پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلی کوردستان، لەم قۆناغە ناسکەدا، سەرلەنوێ پێویستی بە داڕشتنەوەی ستراتیژێکی گشتگیر هەیە لەسەر بنەمای: چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گێڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان، دەستەبەرکردنی شەفافییەتی دارایی، و دروستکردنی یەکدەنگیی ڕاستەقینە لە بەغدا.

بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی ئێستا، نەک هەر متمانەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی زیاتر دادەبەنێت، بەڵکو خودی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی جدیی سڕینەوە.

کاتی ئەوە هاتووە لەبری پەنابردن بۆ دروشمە باوەکان، بە بوێرییەوە سەیری ناو ئاوێنەی ڕاستییەکان بکەین.

سەرەکی