نەورۆز مەحمود قادر 07/07/2026 909 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل و دۆزی کورد

ئێوارەی ٦ لەسەر ٧ی ئۆکتۆبەری٢٠٢٣ لانی کەم نیوملیۆن کەس لە ئیسرائیل لە دژی ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هاتنە سەر شەقامەکان و ئەوەش بریتیبوو لە یەکێک لە ڕۆژەکانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی، کە نزیکەی دوو مانگ بوو لە ئیسرائیل سەریهەڵدابوو، خۆپیشاندەران نەک هەر داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەیان دەکرد، بەڵکو داوای دادگاییکردن و زیندانییکردنی ناتانیاهۆشیان دەکرد. لە مێژووی دروستبوونیەوە، ئەوە جاری یەکەم بوو لە ئیسرائیل خۆپیشاندان بەو قەبارەیە بەڕێوەبچێت. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە ٩ ملیۆن و نیو دەربازناکات، خۆپیشاندانێکی لەو رەنگە، دەکرێت وەک راپەڕینێکی سەرتاسەریی لێکدانەوەی بۆبکرێت، هەربۆیە دەزگای هەواڵگریی و سەربازیی ئەو وڵاتە زەنگی مەترسیی لەناوچوونی دەوڵەتی گەیاندە ئاستی سوور.  
 
لەبەرەبەیانی ٧ی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس و باڵی چەکداریی بزووتنەوەی عیزەدین قەسام، بە هاوکاری هەندێک لایەنی دیکەی جیهادی گەورەترین چاکەیان لەگەڵ ناتانیاهۆ کرد، هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر چەند ئۆردوگایەکی ئیسرائیلی، فێستیڤاڵێکی میوزیک لە سنووری غەزە و چەند سەربازگەیەک. لەماوەی چەند خولەکێکدا وێنە و ڤیدیۆی ئەو هێرشە تەواوی میدیا جیهانیەکانیان تەنی، هەرزوو بەرەیەکی نێودەوڵەتیی جیهانی بەهێز بۆ پشتیوانی سوپای ئیسرائیل و ناتانیاهۆ لە دژی بزووتنەوەی حەماس بوونیادنرا، لەپاش چەند کاتژمێرێک فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل دەستیان کرد بە بۆمبارانکردنی کەرتی غەزە، ئاگری جەنگێکی درێژخایەنی هەڵگیرساند کە تا ئەمڕۆ خامۆش نەبووە و دەیان هەزار خەڵکی سیڤیل کۆمەڵکوژکران، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوون.
 
 لە کاتێکدا ئیخوانیەکان و دەوڵەتی تورک لەبەرەکەیان خوارد، ئێران و حزبوڵای لوبنانی تاوانبارکران و دواتر هەر ئەوان باجەکەشیان بەخراپیی دا، ساڵێک دواتر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدیش لە دیمەشق کرا بەقوربانی ئەو ٤ فیشەکەی حەماس نای بە سوپای ئیسرائیلەوە. ئاکەپە و حکومەتەکەی ئەردۆگان کە بەگوێرەی داتاکانی هەناردەکردنی بەندەری حەیفا لە باکوری ئیسرائیل کە لە ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاوکرانەوە، لە ٦ مانگی یەکەمی شەڕی غەزە زۆرترین کەرەستەی لۆجستی و خواردەمەنییان بۆ ئیسرائیل ڕەوانەکرد، لەهەمان کات بەمەبەستی پڕوپاگەندەی ناوخۆیی و جوڵاندنی هەستوسۆزی خەڵک ئاکەپە و دەزگا ئیخوانیەکان، کە لەسەردەمی بەناو بەهاری عەرەبیەوە ببوون بە خاوەنپشک و سپۆنسەری سەرەکی تۆڕەکۆمەڵایەتیە ئەمریکیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و خاونی هەژموون لە ئیدارەی کەناڵە عەرەبیەکان، بەتایبەتی ئەوان فەیسبووک و ئینستاگرام و یوتووبیان بۆ هەڵمەتەکانی خۆیان لە دژی ئیسرائیل قۆرخکردبوو. لەلاکەی دیکەش بێباکی و جینۆسایدە دڕندانەکانی سوپای ئیسرائیل دەرهەق بە دانیشتوانی غەزە، هاوکارییەکی باشی وتاری ئیخوانیەکانی دەکرد.
 
سەرباری ئەوەش ئیسرائیل هەندێک هەڵوێستی سەیروسەمەرەی لەدژی دۆزی کورد پیشاندا، بەدیاریکراوییش لە ڕۆژاوای کوردستان، ئیسرائیل دەیتوانی بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، ستاتۆی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە شاری مەنبەج و گەرەکی شێخمەقسودیشەوە بپارێزێت و وەک هەرێمێکی خۆسەریی بیناسێنن، ئەوەش بکەن بەمەرج بۆ ناساندنی حکومڕانی جیهادیەکان لە دیمەشق بۆ بازرگانە ئەوروپی و ئەمریکیەکان، هەروەها دەیانتوانی ڕێگە نەدەن میدیاکانی تورکیا ڕابردووی جیهادیەکانی هەتەشە بەو خێراییە پاکبکەنەوە. بەپێجەوانەوە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ هاکان فیدان بە یاوەری شەیبانی و تۆم باراک چوون بۆ پاریس، لەوێ ڕێکەوتننامەیەکیان لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی واژۆکرد، تیایدا ستاتۆی کورد بەرامبەر بە بەرزاییەکانی جولان مامەڵەی پێوەکرا، کە بەهۆی ئەوەی دیمەشق دەسەڵاتێکی کاتی حوکمی دەکات، ئەو ڕێکەوتننامەیە هیچ بارستاییەکی نێودەوڵەتیی نیە و بەتەواوی واتای وشە کڵاو کرایە سەری نوێنەرە ئیسرائیلیەکان. دەرئەنجامەکەشی بوو بەکارەسات بۆ گەلی کورد، ئیسرائیلیش کاڵفامانە و بەبێ بەرامبەر، نەک تەنیا کارتێکی بەهێزی لە سوریا دۆڕاند، بەڵکو زەمینەشی بۆ نزیکبوونەوەی کارتێلی بنەماڵەی دۆناڵد ترەمپ و دەستەودایەرەکەی خوڵقاند، کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوە جیهادی و ئیخوانیەکان لە تورکیا و سوریا و قەتەر بکەونە مامەڵە و ڕێکەوتن، کە تا ئەو دەم تەنیا لەڕێگەی تەلئەڤیڤەوە گفتوگۆی لەو رەنگە ئەنجامدەدران.
 
لەبەر ئەوەی چ ئیسرائیل و چ ئەمریکیەکانبە ئێستاشەوە، تەنیا وەک کارتێکی فشار لەسەر تاران و ئەنکەرە و دیمەشق و بەغداد لە دۆزی کورد دەڕوانن، لەلایەک وەهمێکی ناسیۆنالیستی کارتۆنی و خاوەنداریی درۆیینەی ئەو دۆزەیان لەلای ڕێژەیەکی بەرچاو لە تاکی کورد بوونیادناوە، بەجۆرێک هەندێک کەس ڕەخنەگرتن لە ئەمریکا و ئیسرائیل وەک کفر و جاشێتی بۆ تاران و ئەنکەرە هەڵدەسەنگێنن، لەلاکەی دیکە هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ گۆڕانکاریی ڕێشەیی لە دۆکترینی پۆستکۆڵۆنیالیزم بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەپێجەوانەوە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل لانی کەم لە ئەنکەرە و بەغدا و دیمەشق بە ئاشکرا پشتیوانی لە وتاری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکیش دەکەن، لە دژی نەتەوەی کورد و هەر کەسایەتی و سیاسەتمەدارێکی تورک و عەرەب و فارسیش لەو پایتەختانەدا پەیدا ببێت، کە وتارێکی ئەقڵانی و ئاشتیخوازانە لەگەڵ نەتەوەی کورددا بەیان بکات، ئەوان تەخوینی دەکەن. لەتارانیش ئەگەر نەتوانن لە ئێستادا هەمان کار بکەن، ئەوا لە ئازەربایجانی خواروو و لەناو "سەڵتەنەت تەڵەب"ەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هەرچیان بۆ کرابێت بۆ تەخوینکردنی نەتەوەی کورد و قووڵکردنەوەی دوژمنایەتی ئێتنیکی و مەزهەبیی، تا ئێستا ئەوان درێغیان نەکردووە و نایکەن.
 
لەراستیدا ئەم فۆرمە نوێیەی ئەمپریالیزم لەسەر دوو بنەما وەستاوە، یەکەمیان: هەژموونی خۆی لەڕێگەی توانای سەربازیەوە ناسەپێنێت، بەڵکو لەسەر فیتنەیی و ناکۆکی تەواوی گەلانی ناوچەکە و ستراتیژی پەرتکە و زاڵبە، هەمیشە مەودا بۆ خۆی بوونیاد دەنێتەوە، دووەم: هەمیشە دووژمنەکانی خۆی ئەکاتەتەوە بە چەکێکی کوشندە و نەیارە ناوخۆییەکانی خۆی پێقەڵاچۆ دەکات.  هەربۆیە ئێوارەی ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کە هەندێک لە چالاکوانانی ئیسرائیلی تا ئەودەمە خوویان پێوەگرتبوو و بەمەبەستی خۆپیشاندان لە دژی ناتانیاهۆ چوونەوە سەر شەقامەکان، بەڵام ئەم جارە ژمارەیان ٢٠ کەسی تێپەڕنەکرد، یەکەیەکی سوپای ئیسرائیلی چوو بە پیریانەوە و بەوپەری ڕێزەوە ڕەوانەیان کردن بۆ ژێرزەمینەکان، نەبا بەهۆی بۆردومانی لەناکاوی کاتیۆشاکانی حەماس، یاخود حزبوڵا زیانیان پێبگات، دەوڵەتی قووڵی ئیسرائیل و حکومەتەکەی ناتانیاهۆش  ٢٤ کاتژمێر دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر ئامانجە سەرەکیەکەی خۆیان پێکا. 

هەموو وتارەکانی نەورۆز مەحمود قادر

سەرەکی