پارتی و یەکێتی هەمیشە بە سیاسەتی بانێک و دوو هەوا مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر کردووە و بە درێژایی سی و پێنج ساڵی رابردوو، هەقایەتی مێشێی نێوانیان کۆتایی نەهاتووە. ئەگەر کەسێک بگەرێتەوە ساڵانی سەرەتای راپەرین و گوێ لە حەوت و هەشتی ئەو دوو حزبە رابگرێت، دەبینێت، دوای سی و ئەوەندە ساڵە بە تۆزقال نەگۆڕاوە و لەهەمان تاس و لەهەمان حەمام یاری بە هەست و سۆز و ئەقڵی خەڵک دەکەن و بەهەمان میتۆدی ئەوسا، گوریس کێشکانێی خۆیان لەسەر حیسابی ئازارەکانی خەڵک و چارەنووسی نەتەوەیی، درێژە پێ دەدەن.
ئاشکرایە ئەگەر چەند پێکهاتە و بەشێکی جیا و ناکۆک لەناو یەک چوارچێوە هاو چارەنووس و هاوبەش بوون، بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارام و ئاسودە و پڕ لە ئاشتی لەو چوارچێوە لەنێوان پێکهاتەکان بەرقەرار ببێت، بۆ ئەوەی ئەو چوارچێوە و قەوارەیە هەردەم بەهێز بێت و بتوانێت رووبەرووی مەترسییە دەرەکییەکان و دوژمنان ببتەوە، هەڵبەت پێویستە لایەنەکان لەسەر یەک رێباز و یەک لۆژیکی پێکەوە ژیان و کارکردن، رێکبکەون و خۆیان دوور بگرن لە بەکارهێنانی فرە لۆژیکی لە چارەسەرکردنی گرفتەکانیان. بەداخەوە پارتی و یەکێتی دەیان ساڵە لەنێوان لۆژیکی هێز و یاسادا، تەڕاتێن دەکەن و هەریەکەی بە گوێرەی قازانج و بەرژەوەندی خۆی، لۆژیک بەکار دەهێنێت و لۆژیک دەگۆڕێت.
ئەگەر لۆژیکی یاسا لە قازانجی بێت ئەوە تەپ و دۆر بۆ سەرەوەری یاسا و گرنگی پیادەکردن و بنەماکانی لێ دەدەن، ئەگەریش لۆژیکی یاسا لە قازانجی نەبوو، ئەوە سواری سەر ملی لۆژیکی هێز دەبن و یاسا دەکەن بە پەرۆیەکی پیس و فڕێی دەدەن. نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچووە و تا ئێستا پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە کابینەی دەیەم پێکبهێنن، پارتی لەبەرئەوەی بە ٣٩ کورسی براوەی هەڵبژاردن بوو، پێداگر بوو لەسەر پیادەکردنی پێوانە و لۆژیکی یاسا و داوای دەکرد لە کابینەی دەیەم بە گوێرەی ژمارەی کورسی پەرلەمان، پۆستەکان دابەش بکرێت.
یەکێتیش دەیگوت دەبێت بە پێوانە و لۆژیکی هێز مامەڵە بکەین، با پارتی هەموو کورسیەکانی پەرلەمانیشی هەبێت، پەڕەموچەکی لەودیوی دێگەڵە پێ هەڵناگیرێت و دەسەڵات لەسەر زەمینی واقیعدا، ئەو هێزە سەربازیەیە کە کوردستانی بەسەر زۆنی سەوز و زەرد دابەش کردووە، پارتی لە زۆنی خۆی و یەکێتی لە زۆنی خۆی، دەسەڵاتی رەهای هەیە و کورسی پەرلەمان تۆزقاڵێک لەو راستییە ناگۆڕێت.
ئەو چەلەحانەیە بیست و دوو مانگە لەسەر جەستەی برینداری خەڵکی کوردستان، درێژەی هەیە و هیچیان ئامادە نین لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان، کەمێک سازش لۆ ئەوەی تر بکات، کەچی هەموو هێزی سازشی خۆیان داوەتە بەغدا و ئامادەن دەست بخەنە ناو دەستی عەرەب و لە دژی یەکتر قوربانی بە بەرژەوەندیەکانی کوردستان بدەن.
سەیرکەن، نزیکەی دوو ساڵە پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بە گوێرەی ژمارەی کورسیەکان پۆستەکان دابەش بکرێت، کەچی ئێستا کە یەکێتی و نەوەی نوێ، بوونەتە هاوپەیمان و کورسیەکانیان هاوتای کورسی پارتی کردووە، ئێستا پارتی پەنا بۆ لۆژیکی هێز دەبات و ئامادە نییە بە لۆژیکی یاسا کار بکات، ناراستەوخۆ بە یەکێتی دەڵێت ئەگەر ئەتووش ٦١ کورسیەکەی تری پەرلەمان هەمووی بێنە پاڵت، ئەوە ئێوە ناتوانن بێ رەزامەندی پارتی تەنانەت یەک کۆبوونەوەی پەرلەمانیش رێک بخەن، بۆ؟؟ لەبەرئەوەی لۆژیکی هێز شوێنی لۆژیکی یاسای گرتۆتەوە. سەیرە هەتا دوێنێ پێچەوانە بوون، یەکێتی لە لۆژیکی یاسا رای دەکرد و پەنای بۆ لۆژیکی هێز دەبرد، کەچی ئەمرۆ پارتی لە لۆژیکی یاسا را دەکات و پەنا لۆ لۆژیکی هێز دەبات.
ئەم یارییە تازە نییە و سی و پێنج ساڵە ئاوا مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر کردووە، هەر لەسایەی ئەو سیاسەتەیە کە ئێستا کوردستان لە لێواری کۆتایی هاتن و لەدەستدانی تەواوی دەستکەوتەکانیەتی. تکایە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان نا، بەڵکو تەنها لەپێناو خۆتان، لەپێناو پاراستنی ئەو ناز و نیعمەتەی کە لێی نقوم بوون، کۆتایی بەو دۆخە سەخت و ترسناکە لەسەر کورد بهێنن و بگەڕێنەوە بۆسەر رێکەوتنێکی ستراتیژی، کە بتوانن لەبەرامبەر مەترسییەکانی دوژمنان پارێزگاری لە مانەوەی دەسەڵاتی خۆتان بکەن.
تکایە لەپێناو خۆتان و خەڵکی کوردستان، دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و لەسەر بنەمای لۆژیکی هێز، (واتا لەسەر بنەمای ئەوەی کە پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکی کوردستانن و هەریەکەی خاوەنی دەسەڵاتی رەهای سەربازی و ئەمنی و ئابووری و سیاسی زۆنەکەی خۆتانن) نەک لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان، رێکەوتنێکی نیشتیمانی و ستراتیژی واژوو بکەن و وەک سەردەمی یەکەم رێکەوتنی ستراتیژی، کۆتایی بە ململانێ لەسەر پلە و پۆستی ئێرە و ئەوێ بهێنن و بەیەک هێز و بەیەک دەست و بەیەک سیاسەت رووبەرووی مەترسییەکانی دەرەکی و ناوەکیش ببنەوە و کورد و ئەزمونەکەی لەو قۆناغە سەختە دەرباز بکەن. ئەگەرنا باوەڕ بکەن لە دەمێکی زۆر نزیکدا، کۆتایی بە هەموو شتێک دێت و نسکۆی ئەم جارە سەد جار گەورەتر و ئازاربەخشتر دەبێت لە نسکۆکانی پێشوو. ئێوەش ئەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بەرپرسی یەکەم و کۆتایی دەبن لەبەردەم گەل و مێژوودا.