بەهرۆز ڕەئوف 11/08/2026 183 جار خوێنراوەتەوە

هۆرمز؛ کلیلەکەی شەترەنجی نوێی ئێران و ئەمریکا !

جەنگی ئێران و ئەمریکا بە هەمان شێوەی سەرەتاکەی بەردەوام نییە. ئەم ململانێیە بە تێپەڕینی کات لە جەنگێکی سەربازییەوە خەریکی گۆڕانە بۆ جەنگێکی ستراتیژی؛ جەنگێک لەسەر وزە، دیپلۆماسی، ڕێڕەوە بازرگانییەکان و داهاتووی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هۆرمز؛ کارتێکی گرنگی ئێران؛

لە ناو هەموو ئەم ململانێیەدا، تەنگەی هۆرمز گرنگترین کارتێکی ستراتیژیی ئێرانە. هۆرمز تەنها ڕێڕەویەکی ئاوی نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین جوڵەی وزەی جیهان.

بۆیە جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان داخستنی هۆرمز و کۆنترۆڵکردنی هۆرمز. داخستنی تەنگەکە دەتوانێت زیانی گەورە بۆ بازاڕی جیهان و خۆی ئێرانیش دروست بکات؛ بەڵام کۆنترۆڵ و چاودێریی ڕێڕەوی کەشتییەکان دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی بەردەوام بۆ فشارکردن.ئەگەر ئێران بتوانێت ئەم کۆنترۆڵە بە شێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی جێگیر بکات، ئەوا کارتێکی نوێی دەستەبەری دەبێت لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوودا.

دیپلۆماسی لەگەڵ فشار؛

لەگەڵ هەموو فشارە سەربازییەکان، کەناڵی دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە. عومان و پاکستان لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵی گرنگ دەبینن، و دوایین سەردانی عەراقچی بۆ ئیسلاماباد دەتوانێت نیشانەی بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بێت.

بەڵام ئێران ئەمجارە بە متمانەی پێشوو ناگەڕێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆ. تاران هەوڵ دەدات دیپلۆماسی و فشار بە یەکەوە بەکاربهێنێت؛ واتە دەرگای گفتوگۆ داخ نەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەزینه‌ی نەکردنی ڕێککەوتن بۆ واشنگتن بەرز بکاتەوە.

پاکستان و چین؛ ڕۆڵی نوێ

پاکستان دەتوانێت ببێتە پردێک لەنێوان تاران و واشنگتن. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندیی ستراتیژیی پاکستان لەگەڵ چین گرنگییەکی تایبەتی هەیە.چین جەنگێکی درێژخایەنی ناوچەیی نایەوێت؛ چونکە جێگیریی ڕێڕەوەکانی وزە و بازرگانی بۆ ئابووریی چین گرنگە.

لەو ڕوانگەیەوە، نزیکبوونەوەی چین ـ پاکستان ـ ئێران دەتوانێت بە یەکێک لە گرنگترین هێڵە دیپلۆماسییەکانی قۆناغی داهاتوو بگۆڕێت.

ئایا ئێران دەتوانێت ئەمریکا لە ناوچەکە دەربکات؟
ئەمە پرسیارێکی گەورەترە.

ئێران دەتوانێت هەوڵ بدات هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئەمریکا بە یەکجار ناوچەکە جێدەهێڵێت.

هۆرمز تەنها یەک کارت لە ستراتیژیی ئێرانە. تاران پێویستی بە تێکەڵکردنی فشارە سەربازییەکان، دیپلۆماسی، هاوپەیمانییە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا هەیە.

بۆیە پرۆسەکە، ئەگەر ڕووبدات، درێژخایەن دەبێت.

کۆتایی؛ یارییەکە گۆڕاوە
لە سەرەتای جەنگەکەدا پرسیارەکە ئەوە بوو:
کێ هێزی سەربازیی زیاتر هەیە؟ئێستا پرسیارەکە گۆڕاوە بۆ:
کێ دەتوانێت هەزینه‌ی جەنگ بەرگە بگرێت و مەرجەکانی ئاشتی دیاری بکات؟

بۆیە دەکرێت بڵێین، گرنگترین گۆڕان ئەوەیە کە ئێران هەوڵ دەدات لە پێگەی تەنها بەرگری‌کردنەوە بگوازێتەوە بۆ پێگەی دروستکردنی فشار و دانانی مەرج.
لە ناو ئەم شەترەنجە نوێیەدا، تەنگەی هۆرمز تەنها ڕێڕەوی کەشتییەکان نییە؛ بەڵکو دەکرێت ببێتە کلیلێک بۆ ناسینی ئەوەی کێ لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی باڵاتر دەبێت.

جەنگەکە لەسەر مووشەکان دەستی پێکرد، بەڵام ئەگەری زۆرە کۆتایییەکەی لەسەر مێزی دیپلۆماسی و لە سایەی هۆرمز دیاری بکرێت.

سەرەکی