ڕەنج باراوی
20/08/2026
440 جار خوێنراوەتەوە
پەکخستنی دەستووریی ئەنجوومەنی فیدراڵی: ئیفلاسێکی سیاسی یان پیلانێکی مەركەزی؟
پەکخستنی دەستووریی ئەنجوومەنی فیدراڵی: ئیفلاسێکی سیاسی یان پیلانێکی مەركەزی؟
ڕەنج باراوی
لە سیستەمی فیدراڵیدا، پەیکەری دەسەڵاتی تەشریعی بڕبرەی پشتی هاوسەنگیی دەستوورییە و، بەبێ دووچاوەکیی نوێنەرایەتیی نیشتمانی و هەرێمی، فیدراڵیزم تەنها دەبێتە قاوغێکی ڕووکەش و دەسەڵاتێکی مەدنیی مەركەزیی وێرانکەر. دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ (١) لە ماددەی (٤٨)ـ دا (٢) بەڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەسەڵاتی تەشریعی فیدراڵی لە دوو ئەنجوومەن پێکهاتووە: ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی. کەچی، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی نوێنەران دوو دەیەیە بەردەوامە لە دەرکردنی یاسا، ئەنجوومەنی فیدراڵی لە دایکبوونێکی کوێرای پەکخراو و سکووتێکی دەستووریی ئەندازیاریکراودا هێڵراوەتەوە. ئەم پەککەوتنە درێژخایەنە تەنها کەلێنێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو تەنگژەیەکی قوڵی دەستوورییە کە تەواوی پرۆسەی سیاسی و دارایی عێراقی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم پەکخستنەی ئەنجوومەنی فیدراڵی بەرهەمی ڕەها و ڕاستەقینەی کلتووری پشکپشکێنەی تائیفی و حزبییە نەک ئیرادەی زۆرینەیەکی نیشتمانی. لەژێر پەردەی سازانی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای پێکهاتەکان، هێزە حوکمڕانە سەرەکییەکان لە بەغدا مەترسییان هەبووە لەوەی کە ئەم ئەنجوومەنە ببێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی ماف و قەوارەی هەرێمەکان و پارێزگاکان، بەجۆرێک کە نەهێڵێت زۆرینەی پەرلەمانیی سادە بەبێ گەرەنتی ناوچەیی یاسا پەسەند بکات. کەواتە، ئەم پەکخستنە (تعگیل) نە زۆرینەیەکی دیموکراسییە و نە تەکنیکی، بەڵکو کۆدەنگییەکی نەرێنی یان ئیفلاسێکی سیاسییە کە تێیدا لایەنە سەرەکییەکان لەسەر خنکاندنی دەستووری ئەم دەزگایە ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی دەسەڵاتی تەشریعی بەتواوی لەژێر کۆنترۆڵی ناوەنددا بمێنێتەوە.
ئەمە پەکخستنێکی (تعگیل) بنەڕەتی و داڕێژراوە، نەک سستییەکی کاتی. کاتێک دامەزراوەیەک کە بەپێی ماددەی (٦٥)٫ (٣) لە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ پێکهێنانی زۆرەملێیە و دەڵێت: "ئەنجوومەنێکی نیشتمانی بە ناوی (ئەنجوومەنی فیدراڵی) دامەزرێت، کە نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و پارێزگاکانی ناخاتە سەر هەرێمێک دەکات، بە یاسایەک کە بە زۆرینەی دوو لە سێی (٢/٣)ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند دەکرێت، ڕێکخستنی پێکهاتنەکەی، مەرجەکانی ئەندامایەتییەکەی، دەسەڵاتەکانی و هەموو کاروبارەکانی تری لە خۆ دەگرێت"، بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ لە گۆڕەپانی کرداردا پشتگوێ بخرێت، ئێمە لەبەردەم دەستوورشکێنیی ئەندازیاریکراو بەوەکالەتداین. سیستەمی سیاسیی عێراق پیادەی جۆرێک لە وەکالەتی نەرێنی دەکات؛ کە تێیدا پەرلەمان خۆی بەدەسەڵاتدار دەزانێت لەوەی بڕیار لەسەر جێبەجێکردن یان فەرامۆشکردنی ماددەیەکی دەستووری بدات، لە کاتێکدا لە فقهی دەستووریدا، دەسەڵاتی تەشریعی خۆی خولقێنراوی دەستوورە و بۆی نییە بە هیچ شێوەیەک بەشێک لەو دەستوورە ڕەت بکاتەوە یان لەکاربخات کە مەرجی پێکهاتنی خۆیەتی. پەرلەمانی عێراق بە نەنووسینی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی، لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر دەستووردا سەپاندووە کە ئەمە پێشێلکاریی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و شکاندنی ماددەی (٥٠)ـ ی دەستوورە سەبارەت بە سوێندی دەستووری (٤), کە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) بۆ ساڵی ١٩٦٩ دەچێتە خانەی سەرپێچیی ئیداری و دەستوورییەوە (٥).
لەڕووی مێژوویی و کردارییەوە، ئەم بابەتە لەلایەن چەند پەرلەمانتار و پسپۆڕێکی سەربەخۆوە چەندین جار ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هیچ کاتێک بەشێوەیەکی جددی و بەردەوام نەبووەتە خاڵی وەرچەرخان لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵیدا کە بەپێی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠) بۆ ساڵی ٢٠٠٥ (٦) و هەموارەکانی، دەسەڵاتی تاوتوێکردنی سکاڵای دەستووریی هەبێت. بەپێی بنەماکانی دادبینیی دەستووری، هەر دەسەڵاتێکی فیدراڵی، پەرلەمانتارێکی خاوەن سکاڵا، یان هەر هاووڵاتییەکی زیانلێکەوتوو مافی ئەوەی هەیە دەعوای دەستووری لە دژی ئەم پشتگوێخستنە یاساییە تەحریک بکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە خودی ئەو دەزگایانەی دەبێت سکاڵا تۆمار بکەن، خۆیان سودمەندن لەم بێدەنگییە.
لەڕووی زانستیی دەستوورییەوە، ئەوەی بەسەر ئەنجوومەنی فیدراڵیدا هاتووە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی گەورە و بەردوامی دەستووری و جۆرێکە لە پەکخستنی (تعگیل) زۆرەملێی دەستوور. کاتێک دەستوور بە شێوەیەکی دەلالەتی و بنبڕ دەڵێت پەرلەمان لە دوو ئەنجوومەن پێکهاتووە، بەڵام یەکێکیان بە مەبەست فەرامۆش دەکرێت، واتە یاسا باڵاکەی وڵات پێشێل کراوە و هاوسەنگیی دامەزراوەیی تێکشکێنراوە، چونکە هیچ دەسەڵاتێک لە سەروو دەستوورەوە نییە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر جێبەجێکردن یان جێبەجێ نەکردنی ماددەیەکی دەستووری بدات. ئەم پەکخستنە (تعگیل) بە هیچ شێوەیەک بێ مەبەست نییە؛ بەڵکو گوشارێکی ستراتیژییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئامرازێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێ ئیداری و داراییەکان. لەبەر ئەوەی ئەنجوومەنی فیدراڵی بۆیە دروستکراوە تاوەکو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان و هەرێمەکان بکات و ڕێگری لە زۆرینە بگرێت، پەکخستنەکەی ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی بەغداد هەموو کێشەکان وەک نەوت، بودجە، و دەسەڵاتەکان بگوازێتەوە بۆ ناو دادگای فیدراڵی کە بە ئاسانی دەتوانێت لە ڕێگەی بڕیارە مەركەزییەکانەوە قەوارەی هەرێم لاواز بکات. هاوکات، ئەمە تەنها کێشەیەکی نێوان هەولێر و بەغدا نییە، بەڵکو بۆشایییەکی تەشریعیی مەترسیدارە بۆ سەر پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش؛ کاتێک یاسای بودجە و دابەشکردنی سامانەکان تەنها لەڕێگەی زۆرینەی مەركەزییەوە دەردەچن، پارێزگاکانی بەرهەمهێنی نەوت وەک بەسرە و میسان هیچ سەروەری و گەرەنتییەکی یاساییان نییە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان. کەواتە، ئەم بێ دەنگییە دەستوورییە لەسەر ئەنجوومەنەکە، جۆرە ڤیتۆیەکی شاراوە و سیاسیکراوە بۆ تێپەڕاندنی یاسا توندوتیژەکان دژ بە مافە فیدراڵییەکان.
بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی کە دەبوا سەکۆی سیاسی و یاسایی بێت بۆ ڕێکخستنی ناکۆکییە هەرێمی و نیشتمانییەکان، بۆشایییەکی گەورە دروست بوو؛ ئەم بۆشایییەش ناچاری کرد کە دادگای باڵای فیدراڵی بێتە ناو مەیدانەکەوە و لە ڕێگەی ئیجتیهادی دادوەرییەوە یاسا و ڕێساکان دابڕێژێت. بەم شێوەیە، پەکخستنی (تعگیل) مەجلیسەکە بۆتە هۆی ئەوەی کە دادگا ببێتە یاسادانەر، کە ئەمەش بنەمای دیموکراسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەناو دەبات. لە ئێستادا کە قەیرانی نەوت و غاز و داهاتەکان گەیشتووەتە بنبەست، ئەگەر ئەم ئەنجوومەنە کارا بوایە، کێشەی نەوت و غاز پێویستی بەو هەموو ئیجتیهادە مەترسییدارە دەستووری و دادوەرییانە نەدەبوو کە لە دەرەوەی پەڕلەمان دەکرێن؛ بەڵکو یاساکە لە ڕێگەی ئەم ئەنجوومەنەوە بە شێوازێکی هاوسەنگ ڕێکدەخرا.
بوونی ناوی ئەنجوومەنەکە لە ماددەی (٦٥)دا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دامەزراندنی مەرجە، نەک ئارەزوومەندانە. بەڵام هۆکاری سکووتی دەستووری یان سیاسی لەسەری، دەگەڕێتەوە بۆ ترسی هێزە حوکمڕانەکانی ناوەند لە فرەچەشنیی دەسەڵات. ئەوان نایەنە پێشەوە یاسای ئەنجوومەنەکە هەموار بکەن یان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکەی بدەن، چونکە پێیان وایە کاراکردنی ئەم ئەنجوومەنە واتە کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ڕەهای ئەنجوومەنی نوێنەران و دروستبوونی بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم بڕیارە تاکلایەنەکاندا.
لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا، نموونەی فیدراڵیزمی ئەڵمانی هەیە، کە ئەنجوومەنی دووەمە (Bundesrat) و ڕۆڵی سەرەکییان لە پاراستنی مافی یەکە ئیدارییەکان و ویلایەتەکاندا هەیە (٧). بۆ نموونە، لە ئەڵمانیا ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بیەوێت یاسایەک دەربکات کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی ویلایەتەکانەوە هەیە، بێ ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی فیدراڵی مەحاڵە تێپەڕێت (٨). لەو وڵاتانەدا، هەرچەندە قەیرانی سیاسی دروست دەبێت، بەڵام دادگا دەستوورییەکان ڕێگە نادەن دەزگایەکی سەرەکیی دەستووری کە لە دەستووردا دیاری کراوە بۆ ماوەی دەیان ساڵ بە تەواوی پەکبخرێت (تعگیل).
لە قووڵایی سیستەمی دەستووریی عێراقدا، گەورەترین کەلێن و مەتەڵێکی یاسایی کە ڕێگەی بەم پەکخستنە (تعگیل) درێژخایەنە داوە، ئەوەیە کە دەستوور لە هەندێک شوێنیدا لە نێوان ئەرکی حەتمی و مەرجی جێبەجێکردندا جۆرێک لە تەڵەی یاسایی دروستکردووە. بۆ نموونە، ماددەی (٦٥) مەرجی دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەستووەتەوە، کە ئەمە لەڕووی تەکنیکییەوە کەلێنێکی قوڵە؛ چونکە لە سیستەمێکی سیاسیی پڕ لە ململانێدا، دەستبەسەرداگرتنی دوو لە سێی کورسییەکانی پەرلەمان کارێکی مەحاڵە. هاوکات، لە فیقهی دەستووریدا کاتێک دەستوور بڕگەیەک دەنووسێت دەبێت میکانیزم یان سزایەک هەبێت بۆ جێبەجێنەکردنی ، کەچی لە دەستووری عێراقدا هیچ ڕوون نەکراوەتەوە کە ئەگەر پەرلەمان لەو ماوەیەدا یاساکە نەنووسێت چ سزایەک دێتە کایەوە، ئەمەش پەرلەمانی کردووە بە دەسەڵاتێکی سەروو دەستوور. سەرەڕای ئەمەش، نەبوونی ئەم ئەنجوومەنە کەلێنێکی گەورەی لە ماددەی (١١٠) و (١١٢)ـ ی تایبەت بە دەسەڵاتەکانی حوکمەتی فیدراڵی و هەرێمەکان دروستکردووە.
کاریگەرییەکانی ئەم پەکخستنە (تعگیل) بریتیین: لە قۆرخکردنی تەواوی دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، لاوازکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمەکان و پارێزگاکان، زۆربوونی قەیرانە یاسایی و دادوەرییەکان، و ونبوونی متمانە بە دەستووری ٢٠٠٥. لەڕوانگەی خوێندنەوەیەی تایبەتمدا بەڕای هەڵهێنجراوم بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، چەند هەنگاوێکی کرداری پێویستن؛ لەوانە پێشکەشکردنی داوایەکی فەرمی و دەستووری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییە هاوسەنگەکانەوە بۆ دادگای فیدراڵی بە مەبەستی ناچارکردنی پەرلەمان لەسەر دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی، نەبەستنەوەی هیچ ڕێککەوتنێک یان یاسایەکی نەوت و غاز بە بێ کاراکردنی ئەم ئەنجوومەنە، دروستکردنی لۆبییەکی ئەکادیمی و یاسایی لە نێوان یاساناسانی عێراقدا بۆ کۆتاییهێنان بەو سکووتە دەستوورییە، و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی هاوسەنگ کە دەسەڵاتی تەواو بە ئەنجوومەنەکە بدات لە پێداچوونەوە بەو یاسایانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مافە فیدراڵییەکان.
توێژەری مافپەروەر ڕەنج باراوی سەرۆکی پەیمانگای چاکسازی تاوانکاری کوردستان K.P.R.I
سەرچاوە فەرمییەکان و پەراوێزە دەستوورییەکان:
(١) دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥: بڵاوکراوەی ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی عێراقی)، ژمارە (٤٠١٢)، ڕێککەوتی ٢٨/١٢/٢٠٠٥.
(٢) ماددەی (٤٨) لە دەستووری عێراقی:دەسەڵاتی تەشریعی فیدراڵی پێک دێت لە (ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی).
(٣) ماددەی (٦٥) لە دەستووری عێراقی: تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و دیارکردنی دەسەڵاتەکانی.
(٤)ماددەی (٥٠) لە دەستووری عێراقی: تایبەت بە سوێندی دەستووریی ئەندامانی پەرلەمان بۆ پاراستنی دەستوور و یاسا.
(٥) یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) بۆ ساڵی ١٩٦٩: هەموارکراوی، تایبەت بە لایەنە سزادایییەکانی پێشێلکردنی ئەرکە فەرمییەکان و پەکخستنی بڕگە دەستوورییەکان.
(٦) یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠) بۆ ساڵی ٢٠٠٥: و هەموارەکانی، تایبەت بە دەسەڵاتە دادوەرییە دەستوورییەکان لە یەکلاکردنەوەی تانە و سکاڵاکان.
(٧)دەستووری ئەڵمانیا (Grundgesetz - GG): ماددەی (٥٠) و (٥١) کە تایبەتن بە پێکهاتە و بەشداریکردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی (Bundesrat) لە نوێنەرایەتیکردنی ویلایەتەکاندا.
(٨) بنەمای فیدراڵیزمی ئەڵمانی و کارکردنی Bundesrat: بڕگەکانی یاسای بنەڕەتیی فیدراڵی لە ئەڵمانیا سەبارەت بە دەسەڵاتی هاوبەش و مەرجی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی ویلایەتەکان لەسەر یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان.
|