مەلا هەندرێن
23/08/2026
50 جار خوێنراوەتەوە
سەد جاری تریش پێشمەرگە بگەرێتەوە کەرکوک ، عەرەب پردێشمان نادەنەوە
دیسان دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە لەسەر داوای حکومەتی زەیدی و ئەمریکییەکان ، ئەگەری ئەوە هەیە هێزی پێشمەرگە بگەڕیتەوە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان . خەلکێک لەنەزانی و هەندێکیش بۆ چەواشەکاری راستییەکان و خۆل کردنە چاوی خەلک، دەستتیان کردووە بە تەپ ودۆر لێدان و بەشتێکی گرنگ و چارەنووس سازو تەنانەت وەک سەرکەوتنی سیاسەتی حەکیمانە ، بەخەلکی کوردستانی دەفرۆشنەوە و کەش و هەوایەکی وایان دوورست کردووە ، وەک ئەوەی کورد لەورۆژانە سەربەخۆیی و دەوڵەتی خۆی رادەگەیێنیت و سنوورەکەشی هەتا حەمرین دەبێت .
بەداخەوە دەمەوێت ئەو راستییە بە خوێنەران بگەیێنم کە سەد جاری تریش پێشمەرگە لەسایەی سیاسەتی دووبەرەکی و دوژمنکاری نێوان پارتی و یەکێتی بگەڕێتەوە کەرکوک ، نەک کەرکوک بگرە ناتوانن پردێش وەربگرنەوە .
ئینجا هەر زۆریشم پێ شەرمە کە پارتی و یەکێتی پێشمەرگەیان کردۆتە ئامێری دەستی بەغدای عەرەبی و کەینێ وەزعییان بەدەست تیرۆرو بەدەست گروپە چەکدارە شیعە توندرۆکانەوە خراپ بێت ، ئەوە پێشمەرگە وەک داردەستێکی خۆیان بەیەک بانگکردن و بێ هیچ رێکەوتن و مەرجێکی سەرکردایەتی ، راپێچ دەکەن و لەو ناوچانەو تەنانەت لەناو بەغداش بۆ پاراستنی خۆیان بەکاری دەهێنن و بەسەدان و هەزاران رۆڵەی کوردیش دەکەنە قوربانی . کە دۆخەکەش کەوتەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عروبەی بەغدا ، بەئاماژەیەکی پڕ لەسوکایەتی بە پێشمەرگە دەڵێن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆتان و ئەولاتریش . ئەگەر پێشمەرگەش هەر لاملییەک و منجە منجێک بکات ، بەیەک چەقەنەی وڵاتانی دەوروبەر و زل هێزەکانی دونیا ، هێزی پێشمەرگە دەکەن بەدوو بەش و وایان لێ دەکەن بەپڕە پڕ کەرکوک و ناوچەکان چۆل بکەن و بەیاتاغی خۆشیان رانەگەن .
کەوایە بانگ کردنەوەی پێشمەرگە لۆ پاراستنی دەولەتی فاشست و رەگەز پەرستی عەرەبی بەغدا ، و رازی بوونی سەرکردایەتی کورد بێ هیچ دەست کەوت و مەرجێک ، ئەوە نەک هەر تەپ و دۆری ناوێت ، بگرە هەقە هەموو کورد ، نارەزایی و دژایەتی رابگەیێنن لەوەی دیسان پێشمەرگەو رۆڵەی کورد ، نەخرێنە خزمەتی بەهێزکردنەوەی دوژمن ودەوڵەتی داگیرکەری عەرەبی بەغدا . پێویستە گوشار بخرێتە سەر سەرکردایەتی کە بەهیچ شێوەیەک نەبنەوە پارێزەرو بەهێزکەرەوەی ئەو دەسەڵاتەی کە سیانزەساڵە بێ رەوشتانە دەستیان لەقووتی خەلکی کوردستان گیرکردووە و کوردیان کردۆتە سواڵکەرو چاولەدەستی عەرەبی پێ پەتی . پێویستە هۆشداری توند بدرێت بە سەرکردایەتی کورد ، کە بۆیان نییە خوێنی رۆڵەی کوردو گیانی پێشمەرگە هێندە سوک بکەن ، کە هەرکاتێک عەرەبی داگیرکەری عێراق ، دەسەڵاتیان کەوتە مەترسی ، پێشمەرگە بە تەقلەو چەقەنە لێدانەوە ، بەهانیان بچن و کە دەستی خۆشیان بینی ، چی سوکایەتی و دژایەتی هەیە بە کوردو پێشمەرگەی بکەن ، نابێت ئەوجارە کورد بەبێ رێکەتنی کۆنکریتی بچوکترین خزمەت بە بەغدا بکات ، ئەگەرنا رۆیشتنی پێشمەرگە تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندی عەرەب و تورکمان لە کەرکوک و پاراستنی پرۆسەی تەعریب ، ئەوە جگە لە( بەجاش بوونی پێشمەرگە) هیچ مانایەکی تر لەخۆی ناگرێت .
|