کەمال چۆمانی
26/08/2026
145 جار خوێنراوەتەوە
رۆژائاڤا، کۆتایی قۆناغێک، دەستپێکردنێکی نوێ
دوێنێ لە دیمەشق رێککەوتنێکی مێژویی کرا. دەڵێم مێژویی چونکە بۆ یەکەمجار دەبێ خوێندنی زمانی کوردی بەرەسمی دەچەسپێنرێ، کورد وەک هاوبەش لە سوریا تەماشادەکرێ نەک وەک میوان. ئەمە قۆناغێکی نوێیە، بەدڵنیایی نازانین سەرکەوتو دەبێ یا نا، بەڵام بەدڵنیایی باشترین مومکینە کە بەدەستهاتوە لەناو تیرۆری دەوڵەتی و پێکدادانی زلهێز و هێزە ئیقلیمییەکان لە سوریادا.
ململانێکان کۆتایییان بە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. بەرەی موقاوەمی ئێران لەوێدا توشی شکست بو. روسیا وەک زلهێزێکی دونیا، بەرانبەر ئەمریکا شکستیخوارد. تورکیا وەک هێزێکی ئیقلیمیی، بو بە یەکێک لە براوەکانی شەڕەکە. ئیسرائیل دوژمنێکی لە کۆڵ بویەوە دوژمنێکی دیکەی بو بە جیران. کورد لەو گەمەیەدا، دەکرا روبەڕوی جینۆساید ببێتەوە، دەشکرا ئاراستەی روداوەکان وای کردبوایە سنورەکانی کە لەژێر دەستی هەسەدە بون، فراوانتریش ببن، بەڵام هیچیان نەبون، ناوەراستەکەی بو.
سوریا شەڕێکی ناوخۆیی نەبو، بەڵکو چەندان هێزی ناوچەیی و ناودەوڵەتی بەیەکیاندادەدا لەڕێی پرۆکسییەکانیان و هاوبەشەکانیانەوە.
سیاسەت گەمەی سفر-یا-هەمو نییە. پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و دینامیکییە. ئەمڕۆ شتێک بەدەستدەهێنیت، سبەی شتێکی تر. هەندێجار پاشڤەچون هەیە، زۆرجار پێشڤەچون. مێژو هێڵێکی راست نییە، هەڵپەز و دابەزی تێدایە. سیاسەت هەروەها هونەری مومکیناتە. چی دەکرێ بەدەستبێ، چی دەکرێ بۆ داهاتو هەڵیبگرین. بەڵام لە هەموی گرنگتر؛ یەکەم، سوربونە لەسەر بەها و باوەڕییەکان و تێکۆشانی بەردەوام. تێکۆشان و خەبات هیچ کاتێک کۆتایییان نایەت چونکە ئەهریمەنەکانی ناو کۆمەڵگە شتێک نین نامۆ بن بە کۆمەڵگای بەشەری. چەندەش خەبات دژی دەرەوە پێویستە، سەد ئەوەندە دژی ناوەوەی خۆمان، دژی ناشیرینییەکانی خۆمان. دوەم، گەشەی سیاسی هەوڵدانە بۆ دوبارەنەکردنەوەی هەڵە. دەڵێم هەوڵدان چونکە ئینسان لە ژیانی رۆژانەشیدا، تەنانەت لەگەڵ خۆشەویستترین کەسەکانیشی دەکرێ هەڵەبکا، بەڵام چۆن فێرببی لە هەڵە. سێیەم، لە سیاسەتدا، حەزی گەورە باشە هەتبێ، بەس بۆ حەز و ویستە گەورەکان، زۆر مەترسیدارە هەمو شتێک بخەیتە یارییەوە. ئەمە بەتایبەتتر بۆ ئەکتەری نادەوڵەتی راستترە. هەر لەدەستدانێک، ئاسان راست ناکرێتەوە. ئێستا رۆژئاڤا هەوڵدەدا ئەوە راست بکاتەوە کە دەکرا لە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥دا بەجێبەجێکردنی داهاتوی باشتر بوایە.
ئەمڕۆ رۆژئاڤای کوردستان لە سوریا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ. تا دوێنێ ئەحمەد الشرع وەک تیرۆریستێک تەماشادەکرا، ئەمریکا ١٠ ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت بۆ سەری دانابو. ئەمڕۆ ترامپ عەتری بە دیاری بۆ دەنێرێ. تا دوێنێ کورد لە ئەمریکا وەک پاڵەوانی سینەمایی هۆڵیوود تەماشادەکران، ئەو رۆژانە کۆتایییان هات. ئێمە نازانین سبەی چی رودەدا، بەس دەزانین ئەوەی بڕیاردەدات سبەینێمان چۆن دەبێت تەنها ئاکتی ئەوانیدی نییە، بەڵکو شێوازی خۆئامادەکردنمانە بۆ سبەی.
کورد پێویست ناکا بنوزێتەوە. عەقڵییەتی خۆ-بە-قوربانی-تەماشاکردن ماڵوێرانییە. دۆخێکی نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەکتەری نادەوڵەتی هێزی چەکدار وەک جاران ناتوانن شوێنیان ببێتەوە. یان وەک حەماس شەڕدەکەیت و خۆت و گەلەکەشت دەبنە قوربانی چونکە هێزی بەرانبەر لە جینۆساید سڵ ناکاتەوە، یا هەوڵدەدەیت هێزی خۆت بناسیت سازش بکەیت لەسەر هەندێک شت و بۆ شتەکانی تر خەباتی خۆت بەهێزبکەیتەوە.
ئینجا؛ ئەو رێککەوتنەی دوێنێ کراوە، هەنگاوێکە بۆ داڕشتنەوەی داهاتوی سوریا. بەدڵنیایی نە بەکوردی پێشکەوتوخواز دەبێ نە بە دڵی ئەحمەد الشرع و فەندەمێنتالیستی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی عەرەبیش. هەردولا سازش دەکەن لەسەر دەستوری نوێ.
|