فارس نەورۆڵی 26/08/2026 326 جار خوێنراوەتەوە

هەرێمی کوردستان و قەیرانی ناونیشان

جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لە قەیرانێکی قووڵدایە و بە دۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتیدا» تێدەپەڕێت. ئەم دۆخە، ئەگەر ناوی لێنەنێیت جەنگی جیهانی، ئەوا ئابووری و بازرگانیی جیهانی تووشی شڵەژانێکی گەورە کردووە. ئەم جەنگ و قەیرانانە دەرەنجامی بەریەککەوتنی پڕۆژەی هێزە گەورەکانن بۆ دەستبەسەراگرتنی ئابووری و بازاڕی جیهان. لەم نێوەندەدا دۆست و دوژمنی هەمیشەیی بوونی نییە؛ دوور نییە دوژمنەکانی ئەمڕۆ، سبەی ببنە هاوپەیمان. لەبەر ئەوە، هێزە ئیقلیمییەکان ترسیان لێ نیشتووە و بە خێرایی هاوپەیمانیی نوێ پێکدەهێنن تاوەکو لەم گێژاوەدا ون نەبن .
پرسیاری سەرەکی لێرەدا بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە: ئێمە سەرقاڵی چیین؟ دەبێت چی بکەین؟
بۆ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە، ئەگەر سەیرێکی پەیوەندیی نێوان حزبەکان و پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بکەین، دەبینین جووڵەکان زۆر پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕووداوەکانن. تا ئێستا دیمەنی فەزای سیاسیی کوردی وەک مەلەکردن وایە بەپێچەوانەی شەپۆل ،بەردەوامیی ئەم دیمەنەش بەرەو خنکانمان دەبات. لەبەر ئەوە، ئەگەر بە پەلە کابینەی حکومەت پێکنەهێنرێت و گوتارێکی هاوبەش وەک ناونیشانی سیاسیی کوردی نیشانی جیهان نەدرێت، و هەر لایەنێک بە ئاوازێکی نەشاز بخوێنێت، ئەوە جیهان لە کاتی قەیراندا گوێ بۆ ژاوەژاو ناگرێت. جیهان لەم دۆخە پڕ لە ئاڵۆزییەدا، کاتی ئەوەی نییە گوێ لە دەیان دەنگی جیاواز و هاواری ناڕێکی ناو هەرێمی کوردستان بگرێت؛ ئێستا جیهان یەک گوتار، یەک دەنگ، و یەک ناونیشانی فەرمی دەوێت کە نوێنەرایەتیی تەواوی هەرێم بکات.
ئێمە لە هەرێم، وەک تۆماس هۆبز دەڵێت: (مرۆڤەکان پێش دامەزراندنی دەوڵەت لە «حاڵەتی سروشتی»دا بوون، واتە جەنگی هەمووان دژی هەمووان)، بەداخەوە ئێستا دۆخی هەرێم کۆپیکراوی ئەو حاڵەتەیە. چونکە نەمانتوانیوە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیی یان پەیمانی شەرەف بنووسینەوە، هەمیشە پەرتەوازەین و بێ ناونیشانێکی فەرمی لە ناو جەرگەی کێشە و قەیرانەکاندا دەخولێینەوە. هێزی پەرتەوازەش دەبێتە ئامرازی دەستی ئەوانی تر بۆ مامەڵە و سەودای سیاسی. ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا ناتوانن لەگەڵ دەیان حزب و بەرپرسی جیاوازدا گفتوگۆ بکەن، بەڵکو تەنها لەگەڵ یەک ناونیشان و دامەزراوەی فەرمیدا دانیشتن دەکەن.
کاتێک کێشە سیاسی، ئابووری، و سەربازییەکان قووڵ دەبنەوە، ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهاندا سەرنجی خۆیان دەخەنە سەر ئەو لایەنانەی کە خاوەنی یەک دەنگی ئاشکرا و تۆکمەن، نەک دروشمبازی و ناکۆکیی ناوخۆیی. هەر لایەنێک بیەوێت لەم نەخشە نوێیەی ناوچەکەدا یاریزانێکی کارا بێت نەک یاریپێکراو، دەبێت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سڕ بکات و تەنها بە یەک دەنگ گفتوگۆ لەگەڵ جیهاندا بکات.
پێویستە لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەی ئەحزاب تێبگەن کە گەورەیی لە خاکەڕایی و تێگەیشتندایە، نەک لە کەلەڕەقی و یەکتر شکاندندا؛ چونکە چارەنووسی گەلێک گرێدراوی بیرکردنەوە و کرداری ئەوانەیە کە لە سەرکردایەتیدان. لەم دۆخەدا هەرێم پێویستی بە دەستپێشخەریی ئازایانە و گەورە لە ناوخۆدا هەیە.
با لە ناوخۆدا باجی ئاشتی و تەبا بوون بدەین، پێش ئەوەی ئاگری ڕووداوە دەرەکییەکان بمانسووتێنێت. کات درەنگە و جیهان چاوەڕێی ئێمە ناکات؛ دەبێت بە یەک ناونیشانی یەکگرتوو خۆمان بەرجەستە بکەین، ئەگینا بێ ناو و بێ ناونیشان دەبینە هەتیوەکانی مێژوو.

 

هەموو وتارەکانی فارس نەورۆڵی

هەموو وتارەکانی فارس نەورۆڵی

هەموو وتارەکانی فارس نەورۆڵی

سەرەکی