ئەحمەد کامەران
13/09/2026
854 جار خوێنراوەتەوە
برایەتی گەلان یان ئاشتی لەگەڵ کێ بکەم ؟ چۆن دەکرێت ؟
ئەحمەد کامەران / نووسەر و چاودێری سیاسی
سەرەتا دەستەواژەی برایەتی یان ئاشتی ، مانای پەیامێکی جوان و بەنرخی مڕۆڤایەتییە، کە تێیدا ئامانجی ئەوە نیشان دەدا گەلێک ئارەزووی ئاشتی و دۆستایەتی دەکات لەگەڵ گەلانی دیکە لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی نەتەوەیی. زۆرجاران ئەم دەستەواژەیە بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت گوایە بە مانای خۆبەدەستەوەدان دێت لەبەرامبەر گەلێکی دیکەی خاوەن هێز و دەسەڵات . بەڵام بە پێچەوانەوە پەیامی ئەوە دەگەیەنێت کەچیتر ئەو گەلە ناخوازێت لەڕێگای جەنگێکی بێ ئامانج ڕۆلەکانی خۆی و گەلانی دیکەش بە کوشتن بدات.
لە ئەمڕۆدا سەرنج لەسەر ئەوەیە کە ئایا کورد لەگەڵ کێ برایەتی و ئاشتی بکات ؟ یاخود گەلانی دیکە ئامادەن بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لەبەرامبەری کوردان ؟
مێژوو شاهێدی ئەوەمان بۆ دەدات ، کورد هەمیشە بەوە ناسراوە ئارەزووی ئاشتی دەکات و هیچ کاتێک ناخوازێت مافەکانی لەڕێگای خوێنی ڕۆلەکانی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵکو دەخوازێت لەسەر مێزێکی ئاشتیانە پرسەکانی خۆی بۆ هەمیشە چارەسەر بکات. جوگرافیای کورد لەنێوان گەلانی وەکو تورک و فارس و عەرەب چەندین سەدەیە گیرۆدە دراوە، بەڵام بەداخەوە ئەم سێ گەلە بەردەوام تینوی کوشتنی ڕۆلەکانی کورد بوونە، لەبری ئەوەی ڕۆژێک بۆمان دەستی برایەتی و ئاشتیەکی ڕاستەقینەیی درێژ بکەن. منێکی کورد برایەتی لەگەڵ عەرەبێک بکەم ، کەچی ئەو بەناوی ئاین و کۆمەڵێک پرسی دیکەوە دێت ئەنفالم دەکات، یاخود چەقۆ بخاتە سەر ملی ڕۆلەکانی نیشتیمانەکەم و سەریان لەلاشەیان جیادەکاتەوە. منیش چاوەکانم داخەم پێی بڵێم تۆ برای منی... یان برایەتی لەگەڵ فارسێک کە هەموو ڕۆژێک دەستی سورە بە کوشتن و لەسێدارەدانی ڕۆلەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانم. یان برایەتی لەگەڵ تورکێکی ڕەگەزپەرست، کە جگە لە بوونی ناسنامەی خۆی دان بە منێکی کورد دانانێت و بە تیرۆرستێک لەقەڵەمم دەدات . بۆیە پێویستە سەرەتا ئێمە بانگەشەی ئەوە بکەین ئاخۆ تێڕوانینی گەلانی وەکو تورک و فارس و عەرەب ئامادەیی ئەوەیان تێدایە دەستی برایەتی بۆ ئێمە درێژ بکەن یان بونی ئێمە وەکو نەتەوەیەکی خاوەن زمان و کلتور قبول دەکەن ؟ نەک بەتەنیا ئێمەی کورد لەگۆڕەپانەکە دەستی برایەتی و ئاشتی درێژ بکەین و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان کۆمەڵکوژی مان بکەن.
کار لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و برایەتی گەلان پێویستە سەرەتا وەک چەمکێکی هزری کاری لەسەر بکرێت، نەک وەکو پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی تەماشا بکرێت بۆ کورد لەبەرامبەری گەلانی دیکە. واتە سەرەتا ئەم پرسە پێویستە لەنێو تاکی کۆمەڵگای تورک و فارس و عەرەب کارێکی گشتگیری لەسەر بکرێت، بە دیاری کراویش لەنێو کۆمەڵگایەکی وەکو تورکیادا، کە خاوەنی مێژوویەکی قێزەونن لە کۆمەڵکوژی و قەبولنەکردنی کوردان. دان بەوەدا بنێن ئیتر بەبێ هێنانەوەی هیچ پاساوێک ئەو ڕاستیە مێژووییە قەبول بکەن کە گەلی کورد وەکو ئەوان گەلێکی سەربەخۆن و خاوەنی مافێکی دەستوری خۆیانن بتوانن بە ئازادییەکی ڕەها شکۆمەندانە ژیان بکەن.
تەنانەت گرنگە لەناوەندەکانی خوێندنیش کار لەسەر ئەم پڕۆسەیە بکرێت ، لەلایەن مامۆستاکانەوە وانەی ئاشتی پێشکەش بە قوتابیەکان بکرێت لەبەرامبەر بە بوونی گەلی کورد، نەک بە پێچەوانەوە وانەی ڕق و کینە بدرێت بەو قوتابیانە لەبەرامبەر ناسنامەی کورد و کوردستان. جێگای داخە ساڵانێکی درێژە بەتایبەتی لە باکوری کوردستان و تەواوی تورکیا بەردەوام لەناوەندەکانی خوێندن کار لەسەر ناشرین کردنی کورد کراوە، تەنانەت تاوەکو ئێستا زمانی کوردی لە تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان بەزمانێکی فەرمی نەهاتۆتە ناساندن،لەگەڵ ئەوەشدا بایەخێکی ئەوتۆی پێی نەدراوە لەچاو زمانە بیانیەکانی دیکە، ئەگەرچی چەندین جار داوای بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی وەکو دووەم زمانی لە دەوڵەت کراوە، کەچی تاوەکو ئێستا ئەم پرسە بە نادیاری ماوەتەوە.
لە مانگی ئاداری ساڵی ۲۰۲٥ ، لەدیمانەیەکی تایبەتی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ تێیدا تیشک دەخاتە سەر ڕاستی مێژووی سەرهەڵدانەکانی کورد لە تورکیادا ، دەڵێت: لە تورکیا تورک بوون بەڕادەیەک تۆخ کراوەتەوە وای کرد کوردەکان هەستنەوە بڵێن ئێمەش هەین و کوردین. بۆیە زۆر گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا کار لەسەر شکاندنی بەستەڵەکی ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنزم بکرێت. ئەگەرنا بەم شێوازە درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی و برایەتی گەلان ئەستەمە هیچ کاتێک بچێتە قۆناغی پێشکەوتن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕەنگە لەداهاتوودا ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی گەلی کورد.
|