أحمدی حاجی رشید
07/05/2024
495 جار خوێنراوەتەوە
دواجار پارتی پەرداخە ژەهرەکەی خوارد!!!
هەمیشە پارتی لەکاتی ئاسایدا دەیوت دادگا باڵای فیدڕاڵی نادەستوریەو لەو کاتانەشی کەتینی بۆ دەهات نەک دەیوت نادەستوریە بەڵک بە دادگای زەمانی بەعس دەیشوبهاند و ناوزەدی دەکرد بەدادگای شۆڕش و لە کۆتا بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دا وترا شتێک نییە بەناوی دادگای باڵای فیدڕاڵی ، بەڵام لەدوای ئەوەی بینییان وا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لەسەر رێوشوێنەکانی هەڵبژاردن و بەدڵنییایی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و ئەگەر پارتیش ڕێگری بکات و بەتۆپزی نەهێڵێت هەڵبژاردن لەو شوێنانەی لەژێر دەسەڵات نفوزی ئەودان بکرێت دوورنییە لەخراپترین باردا عێراق پەنابەرێتە بەر ناردنی هێز بۆ پاراستنی هەڵبژاردن و لە بارێکی ئاسایشدا کۆمسیۆن بڕیاری سزادانی پارتی بدات لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق و یساغی بکات .
بۆیە ئامۆژگاریەکانی هێزە شیعیەکان و دەوڵەتانی دراوسێ و نێودەوڵەتیشی گوێ لێگرت و پەنای برد بۆ ئەو دادگایە کەتادوێنێ پێی دەوت دادگای شۆرش .
پارتی بەم هەنگاوەی شکستێکی تری بۆ خۆی تۆمارکرد کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتیان دەکەینەوە :
یەکەم : ئیتر ئەوەگوزەشت پارتی باسی دادگای باڵای فیدڕاڵی بکات بەنادەستوری و دادگای شۆرش .
دووەم : پارتی بیەوێت یان نا دانپیانانی راستەوخۆ و ڕاشکاوانەی کردوە بەتەواوی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبێت دەرئەنجامی بڕیارەکانیشی قبوڵ بێت .
سێهەم :لەم سکاڵایەدا پارتی هەرئەوەندەی دەستکەوتوە کە بڕگەکەیان وەستاندوە تا دەرچەیەک دەدۆزرێتەوە بۆ بەشداری پارتی لە هەڵبژاردنەکان ئەگینا هێشتا زووە دادگا مەرجەکانی پاتی قەبوڵ کردبێت.
چوارەم : ئەگەر دادگای باڵای فیدڕاڵ لەبەر بەشداری پارتی هەندێ گۆڕانکاری بکات ،ئایا پارتی دڵنیایە دەرئەنجامەکان بەدڵی ئەو دەبن .
پێنجەم : لەهەموو ئەوانە دژوارتر ئەگەر دادگای باڵا سوور بوو لەسەر بڕیارەکانی ئایا پارتی پاشگەز دەبێتەوە لە ئیعتراف کردن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی .
شەشەم : ئەگەر دادگای باڵای فیدڕاڵی لەدوای ئەم بڕیارە بڕیاری لەوە دژوارتری دا سەبارەت بەهەرێم و خودی پارتی ئەوکاتە پارتی هەڵوێستی چی دەبێت.
|