ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
13/05/2024
484 جار خوێنراوەتەوە
دواخستنی هەڵبژاردن لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند "بڕیارماندا لە رۆژئاوای کوردستان (باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 30ی ئایارەوە بۆ 11ی حوزەیران دوابخەین"، هێزەکانی رۆژئاوا پێیانوایە مادام ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە، دەبێت زۆر شەفاف و ورد بێت.
ئەمە خەونێکی جوانە لەسەرزەمینێکدا کە هێشتا هەوڵی تێکدانی هەرجۆرە ئارامی و سەرکەوتنێکی هێزەکانی خۆرئاوای تێدا دەدرێت.
ئەگەر لە راگەیەنراوی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوا ورد ببینەوە، سەرەڕای ئەو دۆخە نادڵنیاییەی کە هێزەکانی رۆژئاوا و هاووڵاتیان هەیانە و سەروماڵیان لەسایەی هێرشەکانی تورکیا و گروپە تیرۆریستییەکانی خۆرئاوادا پارێزراونییە و رۆژانە هێرشدەکرێتەسەر گوند و شارو شارۆچکەکان و دەغڵودانیان دەسوتێنرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دۆخی سیاسی، یان ئابووری، یان بابەتی دەنگدەری وەهمی و تەزویرات ناکرێت بە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لەکاتێکدا ئەمە لە باشووری کوردستان پێچەوانەیە.
مەبەستی پشت دواخستنی هەڵبژاردن لە رۆژئاوا بۆ نزیکەی 10 رۆژێک بەتەواوی جیاوازە لە باشووری کوردستان، سەرەڕای ئەوەی دۆخی سیاسی و دارایی باشوور زۆر باشترە لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام هێشتا ویستێک لە باشوور هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کە زۆر ناچوونیەک و جیاوازە لە ئەو ویستەی هەڵبژاردنی رۆژئاوای دواخست، ئەم ویستە باشوورییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەپێناو وردی و درشتی و دۆخێکی نائاسایی نییە کە رووبەڕووی هەرێم بووبێتەوە، بەڵکو ویستێکە دواخستنی هەڵبژاردنی بەو جۆرە گوماناوی و پڕ تەزویر و ناشیرینییەوە دەیەوێت کە لە سوودی ئەوان بێت.
ئەو دواخستنەی هەڵبژاردن لە رۆژئاوا کوردستان و هەموو هەوڵەکانیش بۆ دواخستنی لە باشووری کوردستان، شەڕی سەرکەوتنی ئیرادەیە، یەکەمیان ئیرادەی بەهێزبوون و جوانترکردنی پرۆسەکە و بێغەلوغەشبوونی، دووەمیشیان دەقیق پێچەوانەی یەکەمیانە، ئەوەی لە نمونەی دووەمدا دەیبینین هەڵبژاردن دواناخات لەپێناو کوردستانێکی بەهێزدا، بەڵکو ویستی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە لەپێناو پێگەی حزبی خۆی سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و مەترسیانەی بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە روو لە هەرێم دەکات، ئەم ویستە باشوورییە بەلایەوە زۆر ئاساییە هەرێم بەرەو کوێ دەبات و تاکەی لەبۆشایی یاساییدا دەمێنێتەوە، تەنها بەو مەرجەی دواخستنی هەڵبژاردن بچێتە خزمەت حزبەوە.
|