×

ڕەووف محەمەد ئالانی 15/05/2024 363 جار خوێنراوەتەوە

لە پێناو یەکخستنی توانا پەروەردەییەکان

ئەگەر لە کایەی ڕامیاری کوردان  بڕوانین، دەبینین ئاکام و ئەنجامی گەلی کورد چەند دوورکەوتۆتەوە، دیارە بەهۆی یەکنەگرتن و یەکنەخستنی توانا و ووزە و پڕۆژەکان بووە، کە ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتر قبوڵنەکردن و تا گەیشتۆتە لەناوبردن و سڕینەوە و شڵەژان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و شەڕی نەگریسی خۆخۆری کە بە شەڕی براکوژی ناسراوە.

دیارە بەشێک لەمانە خودی بیرتەسکی کورد خۆی بووە و بەشەکەی تری پلان و نەخشەی دوژمنانی ئەم گەلە بووە و کاریان لەسەر کردووە، لە ئاکامیشدا ئامانجە گەورەکەی نیشتمان و نەتەوە دوورکەوتۆتەوە و بووە بە خەونێک و هیچی تر، کە ئەمەش بۆ هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر خەمێکی هەمیشەییە.


مەبەستمە بچمە سەر بابەتە سەرەکیەکە کە وەک هەمیشە لای زۆربەی شارەزایان و دڵسۆزان کە ئەویش پەروەردەیە، بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی  ووردی  زانستی زۆر پڕۆژە نەگایشتونەتە هانگاوی ئاراستەکراو ڕووە و ئامانجی خزمەتی پەروەردە.

ڕێزنەگرتنی یەکتر و خۆبە پاڵەوان زانین و کەسانیتر بەکەم ناسین هۆکارێکی سەرەکی ئەو یەک دەنگ نەبوونەیە، چونکە کاتێ مرۆڤەکان ناخرێنە چوارچێوەی سنووری ڕێزگرتنەوە، لە بەرامبەردا کینە و ڕق و باسکردنی خراپە شوێنی  کارە ئەرێنی و باشەکان دەگرێتەوە، لەخۆڕا نیە پیرەمێردی مەزن وتوێتی:
قەدری یەکبگرن گەر قەدرزانن
برا بن یاکتر بەسووک مەزانن

ئەوەندەی من بزانم و سەرنجم دابێت، لە ناو کوردستاندا ووزە و توانای زۆر هەن کە مەبەستیانە خزمەت بەبوارو کایە گەورەکەی پەروەردە بکەن، بەڵام ئەم توانا و ووزانە نەخراونەتە بۆتەیەک و یەکیان نەگرتووە، ئەوەش چەند هۆکارێک وایان کردووە، کە دەمەوێ بەشێکیان بخەمەڕوو کە ئەمانەن:

١-خۆپەرستی و خۆخوازی هەندێک لەو کەسانە کە دەیانەوێ هەموو شتێک هەر خۆیان بن و دان بەکەسانی تر کە لەخۆیان پڕئەزموونتر و شارەزاترن بنێن

٢-دەست وەردانی کەس و لایەنی حیزبی، چونکە حیزبەکانی کوردستان ئەوەندە عەقڵیان بچووک وتەسکبیرن، وادەبینن ئەوەی لەگەڵیان نەبێت جێی نابێتەوە و ناکرێ هیجی هەبێت

٣-نەبوونی ئۆرگانێکی بێلایەن و فەرمی تا ببێتە چەتری کۆکەرەوەی تواناکان، چونکە هەموو ڕێکخراوەکانی بەناو کۆمەڵگەی شارستانی، حیزبین و هەمووشیان بەسەرچوون، هەر لە یەکێتی مامۆستایان و یەکێتی نوسەران و سەندیکاکانی تریش

بێگومان ئەو ئەرکە بەکەسانی ڕۆشنبیر ئەکرێت، هەروەها ئەرکی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا بە ڕوونی لە ڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ تاکەکان دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان دەزانن و ڕێز لە پێوەر و بەهاکانی دەگرن و دەزانن چۆن بخوێننەوە و بنووسن چونکە وا دەکات پەیامەکەی بە خێرایی بگاتە زۆرترین ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە واتایەکی تر، بوونی کەسانی شارەزا و خەمخۆر لەڕێگەی قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤار و شوێنی پەرستن(مزگەوت) لە کۆمەڵگادا وەک کەناڵی بەهێز بۆ ئاراستە کردن وپەیوەندیکردن دیارە ئەمانەش بەهۆی یەکخستنی توانا و ووزەی کەسە دڵسۆزەکان بەدیدێت.

یەکەم ئەرک کە ڕۆشنبیر و نوسەرانی  ئەو بوارە ئاڕاستەی  دەسەڵاتی  جێبەچیکردنی دەکەن، ئەوەیە کە تا چەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات و هەڵوێستی تاکەکان بەرامبەری چییە (لە قبوڵکردن، پەسەندکردن، ڕەخنە، یان ڕەتکردنەوە)، مانای ئەوەیە کە وەک چاودێرێکی هۆشیار  بەرژەوەندی گشتی مامەڵە دەکات و زیانی پێناگەیەنێت نەک خۆخوازی و خۆ پەرستی و خۆنمایشکردن.

خزمەتکردنی پەروەردە بەگشتی، لە پرۆسەکە و ئەدەبی مناڵان، پێویستە نوسەران و خەمخۆران بیرو ڕاو پڕۆژەکانیان یەکبخەن تا کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی ئەنجام بدرێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک ئەوەی ئێستا هەیە هەرکەس بیرۆکەیەکی هەبێت، بڵێ من دەبمە خاوەنی پڕۆژەکە و کەسیتر نابێ لەسەرووی منەوەبێت.

دەمەوێ بە فەرمودەیەکی خودای مەزن نمونەیەکی بەرجەستەکراوی ژیانی کۆمەڵگە بخەمەڕووکە چۆن داوامان لێدەکات لە هەموو کار و ئیشەکانماندا بۆ کاری باش هاوکار وپشتیوان بین بەڵام بۆ کاری خراپ و نەخوازراو نەبینە هاوکار، بۆیە فەرموویەتی: {ۆتَعَاۆنُوا عَڵى الْبِرِّ ۆالتَّقْۆى ۆلا تَعَاۆنُوا عَڵى الإپْمِ ۆالْعُدْۆانِ..}

بەپێی ئەزموونی کارکردنم لە بواری نوسین و رێکخراوەیی و پەروەردەدا، ئەمانەم بەرچاوکەوتوە، هیوادارم ئەو کەسانەی بەمکارانە هەڵدەستن ڕەچاوی هەموو لایەنەکان بکەن و واز لە خۆپەرستی بێنن لەپێناو ئامانجە گەورەکە کە پەروەردەیە.

 

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

هەموو وتارەکانی ڕەووف محەمەد ئالانی

سەرەکی