×

کەمال چۆمانی 17/05/2024 162 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی سەڵاحەدین_دەمیرتاش داوادەکات بە دەهۆڵ و زوڕنا پێشوازیی لە بڕیارەکەی دادگای تورکیا بکەین؟


سەڵاحەدین دەمیرتاش دەیزانی بڕیاری دادگا چییە چونکە ئەو کێشەیەی دەمیرتاشی لەسەر خراوەتە زیندان، کێشەیەک نییە ئیشی دادگا بێت تا یەکلایی بکاتەوە. ئەو ململانێی دو دونیابینیی جیاوازە؛ دونیابینیی دیموکراتیی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کورد و فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا. هەر بۆیە لەبری ئەوەی دادگا دەمیرتاش دادگایی بکا، هەمو جارێک لەکاتی دادگاییکردنەکاندا ئەوە دەمیرتاشە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دادگایی دەکات.
دەمیرتاش گوتی:
<<ئێمە دەزانین ئێوە پێشتر بڕیاری خۆتان داوە و بڕیارەکە دژمان نوسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیارەکەتان هیچ نرخ و کاریگەرییەکی نییە لە چاوی ئێمەی گەلەکەمانەوە. نەتانتوانی بێکاریگەرمان بخەن. رێتان پێنادەم لەبەردەممدا بڕیارەکە بخوێننەوە. ئەوانەی کە لە گفتوگۆ و دیالۆگ رادەکەن بەرپرسیارن لە بەرانبەر هەمو مردنەکان. هەر سیاسییەتمەدارێک پشت بە شەڕ ببەستێت بۆ سەرکەوتنە سیاسییەکانی کەسێکی دوڕوە. ئەوانەی شوێنێک لەناو دەستەڵاتدا بۆ خۆیان دروستدەکەن لەسەر حیسابی خوێنی منداڵانی خەڵک بێویژدانن کە هیچ هەستێکی مۆڕاڵییان نییە. تەنها خەڵک کە دەتوانێت ئەو ئاراستەیە بوەستێنێت خەڵکی هەژارە. ئێمە سیاسەتمەدارگەلێکین کە بڕوامان بە چارەسەریی دیموکراتیی هەیە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە وەکو بارمتە خراوینەتە زیندانەوە تەنها لەبەرئەوەی بڕوامان بە چارەسەرییەکی دیموکراتی هەیە، هێشتاش لەناوەوەڕا هاوار بۆ ئاشتی دەکەین.
وەسیەتم بۆ خێزان، کچەکانم، و ئێوەش ئەمەیە؛ کاتێک بڕیارەکە رادەگەیەنرێت، بە دەهۆڵ و زوڕنا پێشوازیی لێ بکەن لەبەرئەوەی ئێمە لێرە بەو جۆرە پێشوازیی لێ دەکەین.>>
دەمیرتاش لە راگەیەنراو و بەرگرینامەکانی لە کاتی دادگاییکردندا، هەوڵدەدات رێچکەی ئۆجەلان بگرێ و تەرکیز لەسەر خۆی ناکات. پرسەکە قوڵتر دەکاتەوە و بەرگریکردنەکە دەکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی دادگایی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا و بڕیاربەدەستانی تورکیای پێ بکا نەک دەرفەت بداتە دادگا وەک تاوانبار تەماشای بکەن. لە کاتی دادگاییکردنەکاندا، ئەوەی زۆریش جێی دڵخۆشی بو، دەمیرتاش لە زینداندا قوڵتر لە سیاسەتی تورکیا تێگەییشتوە و بڕواشی بە چارەسەریی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک بەهێزتر بوە. دادگاییکردنەکانی دەمیرتاش ساڵی رابردو زۆربەیان بڵاوکرانەوە کە لەوێدا دەمیرتاشێکی کامڵ دەبینیت نەک دەمیرتاشێکی گەنج، ئەوەش نیشانەی سیاسەتمەدارگەلێکە کە دەتوانن قەیران بکەنە دەرفەت بۆ پێشڤەچون نەک تەسلیمبون، کە ئەمە یەکێکە لە نهێنییەکانی گەشە و مانەوەی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان لە دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ.

کەمال چۆمانی

هەموو وتارەکانی کەمال چۆمانی

سەرەکی