هاوڕێ تۆفیق
21/05/2024
269 جار خوێنراوەتەوە
گەڕانەوەی کورسی کوتا دادگای تەمیز، یان فیدراڵی؟
قانونی هەڵبژاردن گشتگیرەو وردەکاری بۆ کۆمیسۆن بەجێهێشتوە؟ ئەوانیش چەندین ڕێسایان دەرکردوە یەکێک لەوانە ڕێسای تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانە کە تایبەتە بە دابەشکردنی کورسی بەسەر بازنەکان و وردەکاری ڕێوشوێنی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان.
بەگوێرەی قانون ئەم رێسایانە شایەنی تانەلێدانن لەبەردەم کۆمیسۆن ،پاشان سکاڵاکار ئەگەر هاتوو بریارەکەی کۆمیسۆنی بۆ تانەکە پێی خراپبوو ئەو وەختە بۆی هەیە لەبەردەم لیژنەی دادوەری هەڵبژاردن لە دادگای تەمیزی فیدراڵی سکاڵابکات و بریاری ئەوانیش کۆتاییە.
لەلایەکی تر ، رێسای تۆمارکردنی کاندیدەکان لەبەردەم دادگای فیدراڵی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە تانەی لێدراوە لەو روانگەی کە رێساکە چەندین برگەی تیایە کە پێشیلکاریی دەستورین، لە ئێستایا تێکەڵاوی پسپۆری لە نێوان دادگای تەمیزو فیدراڵی دروستبوەو کار گەیشتۆتە بەیاننامە دەرکردن، هەفتەی رابردوو دادگای فیدراڵی بەیانێکی روونکردنەوەی دەرکرد، وەکو وەڵامێک بۆ بریارێکی لیژنەی دادوەری هەڵبژاردن کە وتبووی ئەم داوایانە لە پسپۆری ئەوانەو پەیوەندی بە دادگای فیدراڵیەوە نیە، بە کورتیەکەی ململانێی پسپۆری دادبینی دروستبوە( خلاف الاختصاص القضائي) کورت و پوخت وێنە دادوەرییەکە بەم جۆرەیە:
١: دادگای تەمیز ئەمرۆ تانەی یوسف یەعقوب مەتی ،سەرۆکی حزبی یەکێتی ماڵی رافدەین کە حزبێکی مەسیحیە پەسەند کردو بریایدا بە پابەندکردنی کۆمیسۆن بەتەرخانکردنی (٥) پێنچ کورسی بۆ پێکهاتەکان، دوو کورسی بۆ سلێمانی و دوان بۆ هەولێر و یەک کورسی بۆ دهۆک، ئەم بریارەش دووبارە کەموکورتی تیایە ،چونکە دیاری نەکردوە ئەو پێنچ کورسیە بۆ کام پێکهاتەیە و چۆن بەسەریاندا دابەش بکرێ؟ (تورکمان، کلدان، ئاشور، ئەرمەن) تورکمان چەند کورسی بەردەکەوێت و لە کام بازنەیە؟ بەهەمان شێوە بۆ پێکهاتەکانی تری مەسیحی ؟ بەڵکو ئەم کارە گرنگەی بۆ کۆمیسۆن بەجێهێشتوە، کەواتە دووبارە کە کۆمیسۆن کورسیەکان بەسەر پێکهاتەکاندا دابەش دەکات، جارێکی تر شایەنی تانەلێدان دەبێتەوەو بێنەو بەردەی تانە دێتە پێشەوە.
٢: لە ئەسڵدا ئەم بابەتی کورسی کۆتایە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە فەرمانسالاری لەسەر دەرچوەو دادگای فیدراڵی چەندین دانیشتنی دادگای کردوەو لەکاتی نوسینی ئەم بابەتەدا دادگای فیدراڵی دانیشتنی هەیە ،هەتاوەکو بریار لەسەر کورسی کۆتا بدات. کەواتە ئێستا دژ بەیەکی لەنێوان دادگای تەمییز و فیدراڵی دروستبوە، ئێستا نازانین دادگای فیدراڵی چۆن کورسی کۆتا دابەشدەکات؟ ئەگەر گریمان وەکو بریارەکەی تەمیز نەبوو، ئەو وەختە کۆمیسۆن لەنێوان دوو بریاری جیاواز، کار بە کامیان بکات ؟
بە کورت و پوختی مەسەلەکان لەرووی دادوەرییەوە ئاڵۆزکاون و تەمومژی زۆری لەسەر دروستبوە، ئەسڵ ئەوەیە، ئەبوو لە کاتی خۆی دادگای فیدراڵی بەروونی و بە رۆشنی بریاری بدایەو کۆتایی بەم بێنەو بەرەیە بهێنایە.
هەقی خۆیەتی لەم بابەتەیا دووپاتی سەرنجێک بکەینەوە، ئەویش ژێرخانی دادوەری لە وڵاتەکەمان قەیرانی کەلەپورێکی بۆ ماوەیی هەیە. ئەویش بریارەکانی دادگا ئاڵۆز و مەتایی و فرە مانا و رەهەندن ،نەک دادگای دەستوری ،بەڵکو بگرە دادگا ئاساییەکان وەکو باری کەسی ئەوانیش هەمان کێشەیان هەیە. بۆ نمونە ژنێک داوای جیابونەوە لە مێردەکەی دەکات و بریاری بۆ دەردەچێت ،بریارەکان ئەوەنە ئاڵۆزن پێویستیت بە دوو پارێزەرە تەنها بۆ ئەوەی لێییان تێبگەین! بەهیوام دادگاکان بە زمانێکی روون و ئاشکراو و دیاریکراو بریار بدەن و لەم تەمومژی لێکدانەوەی جیاوازی بریار رزگارمان بێت.
|