عومەر گوڵپی
24/05/2024
268 جار خوێنراوەتەوە
پاش نەوەد ڕۆژ، ”هەژماری من” تەوتینە؟
ماوەی زیاتر لە نەوەد ڕۆژە، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆران دەرچووە، وەزارەتی داراییش نەوەك بە دەم پڕۆسەكەوە نەچووە، بەڵكو ناو بەناو بە زمانی كوردی بە خەڵكی كوردستان دەڵێت:” هەژماری من تەوتینە!”
لە ڕاستیدا پێویستە وەزارەتی دارایی زۆر باش بزانێت ئەو لایەنەی بڕیاریداوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەوتین بكرێت دادگای فیدراڵییە، نەوەك دادگاو دامەزراوەیەك لە كوردستان، بۆیە لە بری هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی كوردستان و قەناعەتپێكردنی خەڵكی كوردستان كە ”هەژماری من” تەوتینە، پێویستە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسە بكات و بڕوایان پێبهێنێت.
زۆر بە ڕوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەمەیە: جێگیركردنی مووچەی مووچەخۆران و بە بانكیكردنی لە بانكێكی حكومی ئیتیحادی، خاڵێكیتریش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێم داهاتەكانی ناوخۆ ڕادەست بكات.
كەچی وەزارەتی دارایی هیچ یەكێك لەم دوو بڕگەیەی جێبەجێ نەكردووە، لە بری ناردنی زانیاریی (١،٢٠٠،٠٠٠) مووچەخۆر بۆ بانكە حكومییەكانی بەغدا بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی تەوتین و بە بانكیكردنی مووچە، تەنها نزیكەی (٨٠٠) ناوی ناردووە بۆ بانكی بازرگانی عێراقی(TBI)! هەروەها یەك دیناریشی لە داهاتی ناوخۆ ڕادەست نەكردووە!
پێویستە وەزارەتی دارایی واز لە دەركردنی بەیاننامە بهێنێت و پابەند بێت بە ئەركەكانی لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی مووچە مانگانە لەكاتی خۆیدا بگاتە دەستی مووچەخۆران و مووچەخۆران لە دڵەڕاوكێی دواكەوتنی مووچە ڕزگاریان ببێت، با دڵنیابێت بەیاننامەكانی بۆچوونی خەڵكی كوردستان ناگۆڕێت، چونكە دە ساڵە ئەو وەزارەتەیان ناسیوە، پێناچێت ئەو بەیاننامانەش بەغدا ڕازی بكەن.
|