×

مەریوان وریا قانع 06/06/2024 167 جار خوێنراوەتەوە

غەزە و عەفرین

”ھەم لە دۆخی غەزە و ھەم لە دۆخی رۆژئاوادا، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت، ئێمە ئەو جۆرە لە ”کەمینە“ دەبینین کە ناھێڵن خێمەیەکی سیاسیی تایبەت بەخۆیان، لە پاڵ کۆی خێمە سیاسییەکانی تری جیھاندا، ھەبێت. 

خێمەیەک بیانکات بە کەسانێک خاوەنی ئەو لانیکەمە لە سەروەریی کە نەکرێت پەلاماربدرێن و لەناوببرێن. 

ئەم جۆرە تایبەتە لە مرۆڤ، لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەو بەشەی مرۆڤایەتین کە ژیانیان لەبەردەم ڕەحمەتی کەسانیتر و ھێزی لە خۆیان بەھێزتردایە.

 کەمینەیەکن ھیچ ھێزێکی جیھانیش خۆی ناکات بە خاوەن و ھاوڕێ و ھاوچارەنووسیان، بە تەنھایش لەبەردەمی سوپا مۆدێرنە دڕندەکان و توانا گەورەکانی لە کوشتن و لەناوبردندا، بەجێھێڵراون. ئەمانە میلەتی بێدەوڵەت و گروپی ئەتنی ژێردەستە و پێکھاتەی دینیی ھەڕەشەلێکراو و گروپی کولتوریی پەراوێزخراون.

کورد و فەلەستینییەکان دوو نموونەی بەرچاوی ئەزموونی ژیانی ئەم جۆرە مرۆڤەن، کە لە زیاد لە بەشێکی جیھاندا ھەن و دەژین. 

ئەزمونی بە کەمینەکردنێکی گەمارۆدراو بە ھەموو تەکنیکەکانی لەناوبردن و ستراتیژەکانی بێمافکردن و خواستەکانی بێنرخ و بێپەناکردن. ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزەدا ڕووئەدات و ئەوەیش کە دەشێت سبەینێ، بۆ جاری چەندھەم، لەم یان لەو بەشی کوردستاندا ڕووبدات، بە تایبەتی لە رۆژئاوادا، لە یەک سەرچاوەوە ھەڵدەقوڵێت: گیرخواردنی میلەتێک لە شێوەی کەمینەدا، بەدەست ھێزێکی دڕندەی بارکراو بە رقێکی گەورە و تەیار بە تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردن. 

لەناو جیھانێکیشدا کە دەشێت تەنانەت ئامادەنەبێت سەیری ئەنجامدانی تاوانە گەورەکانیش بکات،چجای رێ لە ڕوودانیان بگرێت.“

هەموو وتارەکانی مەریوان وریا قانع

سەرەکی