رێبوار کەریم وەلی
09/06/2024
277 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، پاشای عەڕشی کەلاوە !
عاقیبەت ئیعلان کرا کە پارتی بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات. رەنگبێ هەندێک کەس وابیر بکەنەوە کە پارتی لەو ململانێیەدا، قسەی خۆی بردۆتەسەر، بەڵام لە راستیدا، چەند مانگێک کات، چەند هەزار دەنگدەرێک و سێ کورسیی کۆتایان مسۆگەر کرد.
*
کۆمیسیۆن هەمان کۆمیسیۆنە، قانونی هەڵبژاردن و بازنەکان هەمان شتە، کورسییەکان هەر سەد کورسی و 11 کۆتاکەش ئێوە خۆش!
*
پەنا بردنی مەسرور بارزانیش بۆ مەحکەمەی سەورەی سەردەمی بەعسیش سەربار و بنبار!
*
پارتی خۆی لە ئاووئاگر دا، تا کەمێک کاتی دەستبکەوێ، موچە بدات و کەمێکیش بارەگای بارزانی بکەوێتە ناو مەحفیلی سیاسی و ئیعلامییەوە کە گوایە سەرچاوەی کردنەوەی هەموو گرێکوێرەکانە!
*
گرێکوێرەکان لە تاران کرانەوە.
*
بە کورتی بارزانی هەموو ئەو بەزم و رەزمەی نایەوە تا دیزاینەکەی خۆی بۆ داهاتووی حوکمڕانیی دوای خۆی بباتەسەر و بە ناڕاستەوخۆ گوتی یان مەسرور یان نەمان!
*
تازە پێدەچێ ئیدی هەڵبژاردن بکرێ و بە دڵنیاییەوە پارتی حزبی یەکەم دەبێ و جارێکی دیکە مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێتەوە. لەگەڵ یەکێتی چۆن رێکدەکەون ئەوە با بۆ ئەو کات بێ، بەڵام ئایا بە راستی بوونەوە بە سەرۆکوەزیران ئەوەندەی دەهێنا؟
*
لە شوێنێک نووسیومە و زۆریش گوتومە کە ئەو کارەساتەی کابینەی نۆ بەسەر سەرخان و ژێرخانی کوردستانیدا هێناوە، جارێکی دیکە قابیلی گەڕانەوە بۆ دواوە و چارە کردنی نییە.
*
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، هەنگاو بە هەنگاو ئەمانە کرا:
-هەناردەکردنی نەوت راگیرا، دۆسییەی نەوت کەوتە دەست بەغدا و حکومەت ناچار کرا داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بکات.
-داهاتی نانەوتی نیوەی تەسلیمی بەغدا کرا.
-بۆڕیی نەوتی کوردستان ئاوت کرا.
-حکومەت ناچار کرا لیستی ناوی پێشمەرگە و فەرمانبەران بنێرێتە بەغدا و تەنها هی هێزە ئەمنییەکان ماوە و ئەویش دەنێرن.
-پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە.
-کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەڵوەشایەوە.
-لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش کە ئیشی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بوو لەناو هەرێمدا، دەخرێتە سەر بەغدا.
- نەوتی خورمەڵەش دەبێ بدرێتەوە بە بەغدا و گازی کۆرمۆریش ئیتر کارتێکی براوە نییە لە دەست حکومەتدا.
*
سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بە تەعبیری گوتەبێژی حکومەت لە باشترین حاڵەتدا،(موچەوەرگر)ە و ئیشی معاش دابەشکردنە.
تەبعەن ئەگەر تا ئەو کاتە ئەو ئیشەش مابێ!
|