حەسەن جودی
22/07/2024
154 جار خوێنراوەتەوە
جەنگی تایبەت چییە و چۆن بەرەنگاریی ببینەوە؟
گرنگی توێژینەوە لە جەنگی تایبەت (شەڕی تایبەت)
ڕەنگبێ ئەمڕۆ تاک و کۆمەڵگەی باشووری کوردستان لە هەر کاتێک زیاتر لە بابەتی جەنگی تایبەت تێبگات. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ باشووری کوردستان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەڕووی جەنگێکی بێ ئامانی تایبەت بۆتەوە. ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردنی جەنگی تایبەت کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت جەنگێکە لە ئاستی هەرە بەرزدا دژ بە گەلی باشوور و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەڕێوە دەچێت. لەبەر ئەوە تێگەیشتن لەم پرسە گرنگە.
هەروەها خاڵێکی تر پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە لە باشووری کوردستاندا ئێمە لە سەردەمی هەژموونی سەرمایەدارییدا دەژین. سەرمایەداریش ئەمڕۆ بۆخۆی سیستەمێکی جەنگی تایبەتە دژ بە کۆمەڵگە. ئەمڕۆ بەو جەنگە تایبەتەی خۆی توانیویەتی کە هەژموونی خۆی بەسەر زۆربەی دونیادا بسەپێنێت. لەبەر ئەوە؛ ئێمە لەم ڕۆژگارەدا ڕووبەڕووی سیستەمێکین کە خودی خۆی سیستەمێکی جەنگی تایبەتە. بۆیە گرنگە تێبگەین کە جەنگی تایبەت چییە؟
لەلایەکی دیکەوە؛ دەسەڵاتی باشوور بۆخۆیشی بۆتە ناوەندێکی بەڕێوەبردنی جەنگی تایبەت. جگە لەم پێناسە، هیچ وێنایەکی دیکە، یان پێناسەیەکی دیکە ناتوانێت بە بارتەقای حەقیقەتی دەسەڵاتی باشوور بێت. دەسەڵاتی باشوور بە مانای وشە بۆتە ناوەندی جەنگی تایبەتە. هەڵبەتە لەپاڵ ئەو دەسەڵاتەی باشووردا؛ دەوڵەتی تورکیاش بە سەرۆکایەتی ئاکەپەش بۆخۆی دەسەڵاتێکی جەنگی تایبەتە. دوایی باسی دەکەین کە بۆچی وایە.
بێگومان ئەم وانەیە بۆ ئەوە گرنگە کە ئێمە ئەگەر لە هەموو ڕووێکەوە درک بە جەنگی تایبەت نەکەین وە نەزانین جەنگی تایبەت چییە؟ ئەوا ئێمە نەک هەر ناتوانین لەبەرامبەر جەنگی تایبەتدا ڕابووەستین. بەڵکو خۆشمان دەبین بە ئامرازێکی ئەم جەنگە و بەکار دەهێنڕێین، هاوکات دەبین بە ئامانج بۆ ئەم جەنگە، هەمیش دەبین بە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم جەنگە و ئەو جەنگەش دەدۆڕێنین.
لەبەر ئەوە پێویست دەکات مرۆڤ لە هەموو ڕووێکەوە بزانێت جەنگی تایبەت چییە؟ لە کوێوە سەرچاوە وەردەگرێت؟ بۆچی ئەم جەنگە بەڕێوە دەچێت؟
گرنگی ئەم وانەیە ئەوەیە؛ زۆر کەس باس لەوە دەکات کەوا بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بە پێشەنگایەتی (پەکەکە) هۆکاری مانەوە و لەسەر پێ مانەوەی چییە؟ هەڵبەتە گەلێک هۆکاری لەسەر پێ مانەوەی پەکەکە هەیە، ڕۆژ بە ڕۆژ مەزن بوونی ئەو بزووتنەوەیە گەلێک هۆکاری هەن. من دەتوانم بڵێم؛ هۆکارێکی سەرەکی مانەوە و لەسەرپێ مانەوەی پەکەکە ئەوەیە کە زۆر بە وردی درکی بە جەنگی تایبەت کردووە؛ هاوکات زۆر بە وردیش لەبەرامبەر جەنگی تایبەتدا ڕادەوەستێت و بەرەنگاری دەبێتەوە. نهێنییەکی مانەوە و سەرکەوتنی پەکەکە ئەوەیە کە دەرکی بە جەنگی تایبەت کردووە، بەرانبەر بە جەنگی تایبەت لە جەنگ دایە.
بێگومان لەبەر گرنگی و تێگەیشتن لە مژاری جەنگی تایبەت و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم وانەیە پێشکەش دەکەین. واتە سەرەتا باس لە جەنگی تایبەت دەکەین، هەوڵ دەدەین لەم دوو ڕۆژەدا تەواوی بکەین و بابەتەکە بخەینەڕوو. دیارە ئەم بابەتە زۆر فراوانە.
یەکەم؛ ئێمە لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەدارییدا دەژین، کە بۆ خۆی سیستەمێکی جەنگی تایبەتە، لەسەرتاپای سیستەمەکەیدا چ وەک ئەقڵییەت؛ دامودەزگا، کارەکتەر، چ وەکو جموجۆڵ و کارەکانی ئەو سیستەمە، سەرتاپای لەسەر بنەمای جەنگی تایبەت بونیاتنراوە. ئێمەش لەو سەردەمەدا دەژین. کوردستانیش ئێستا شاڵاو و هەژموونێکی گەورەی سەرمایەداری بەسەرەوەیە، لە هەوڵی داگیرکردنی دایە، بەتایبەتیش لە باشووری کورستاندا لەم ٣٢ ساڵەدا جێگای خۆی گرتۆتەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە گرنگە ئێمە تێبگەین کە جەنگی تایبەت چییە؟
هۆکاری دووەم؛ ئەوەیە کە وڵاتی ئێمە وڵاتێکی داگیرکراوە، بەسەر چوار پێنچ دەوڵەتدا دابەشکراوە. ئەم داگیرکەرانە هاوکات لەگەڵ جەنگە گشتییەکەدا، جەنگێکی تایبەتیشیان بەڕێوە بردووە و هێشتاش بەڕێوەی دەبەن. ئەو جەنگەی داگیرکەران بەڕێوەیان بردووە و بەڕێوەی دەبەن هەریەکە و لە سنوری خۆیدا، نزیک لە ٩٠٪ی جەنگی داگیرکەران تایبەتە، لە ٥٪یش جەنگی سەربازین. بەڵام ئێمە چەندە درکمان پێی کردووە یان نەکردووە؟ ئەمەیان بابەتێکە هەوڵدەدەین گفتوگۆی لەبارەوە بکەین.
سێیەم؛ هۆکارێکی تر ئەوەیە ئێستا جەنگێکی تایبەتی بێ ئامان و زۆر دژوار لە باشووری کوردستاندا بەڕێوەدەچێت، نەک هەر ڕۆژ و مانگ، بەڵکو ساتێک نییە باشووری کوردستان بۆردومان نەکرێت لەلایەن ناوەندەکانی جەنگی تایبەتەوە. هەر لە بۆردومانی زیهنی، کولتووریی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ئەمنی... بەشێوەیەکی چڕوپڕ جەنگی تایبەت بەڕێوە دەچێت.
چوارەم؛ هۆکارێکی تر ئەوەیە؛ ئێمە لە باشووری کوردستاندا دەسەڵاتێکمان هەیە، کە زیاتر لە ٣٢ ساڵە. ئەم دەسەڵاتە بەداخەوە بەهۆی ئەو ئەقڵییەت و بونیادەی هەیەتی، بۆتە دەسەڵاتێکی جەنگی تایبەت. ئەمەش وای کردووە، تەواوی باشووری کوردستان؛ لەلایەکەوە سیستەمی سەرمایەداری، لەلایەکی دیکەوە داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت تورکیا، لەلایەکی دیکەشەوە خودی دەسەڵاتەکە، لە هەوڵی ئەوە دایە ئەو کۆمەڵگە بزێو و زیندووەی باشووری کوردستان کۆیلە و دەبەنگ و دەستەمۆ بکات و بیکات بە حەشاماتێکی وەها چۆنیان بوێت ئاوا بەڕێوەی ببەن. لەبەر ئەوە ئەو سیستەمەی کە بەڕێوەدەچێت لەناوەڕۆکی خۆیدا ناوەندی جەنگی تایبەتە.
پێنجەم؛ خاڵێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی جەنگی تایبەت ئەوەیە کە زۆر ئاڵۆز و هەمەلایەنەن، دواتر بە فراوانتر باسی دەکەین، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لەسەر تاکێکی گەمژە، لەسەر کۆمەڵگەیەکی ڕامکراو، نەزان و ناهۆشیار بەڕێوەدەچێت. هەر ئەوەندەی ئەو تاک و کۆمەڵگەیە درکی بە جەنگی تایبەت کرد، ئەوا سیحری ئەو جەنگە تایبەتە تا ئەندازەیەکی باش هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەشی دەمێنێتەوە دواتر باسی دەکەین؛ پەیوەستە بەوەی چۆن بەرەنگاری ئەو جەنگە تایبەتە ببینەوە؟
ئێستا هەر یەک لە ئێمە و کۆی کۆمەڵگەکەشمان جەنگێکی گەورەی تایبەتی لەبەرامبەردا بەڕێوەدەچێت. ئیتر لە هەر چین و توێژێکدا بین، لەهەر ڕەگەز و تەمەنێکدا بین، ئەم جەنگەی لەبەرامبەردا بەڕێوەدەچێت.
شەشەم؛ خاڵێکی دیکە لەمیانەی ئەم باسەدا بۆمان دەردەکەوێت هۆکارێکی ئەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان کە ئێستا لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لە دەرەوەی وڵات، لەسەر پێیە و ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبێت و بەهێزتر دەبێت، دیارە ئەمە گەلێک هۆکاری هەیە کە ئەم بزووتنەوەیە چۆن وەها بەهێز بووە؟ لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نابێت باسیان بکەین، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر پێ ماوەتەوە و ئاشبەتاڵی نەکردووە و شکستی نەهێناوە، ڕۆژ بە ڕۆژیش گەورە و بەهێز تر دەبێت، هۆکارێکی ئەوەیە درک بەجەنگی تایبەت دەکات، تێی دەگات، لەهەمان کاتیشدا لەبەرامبەریدا دەوەستێتەوە. کۆمەڵگەی ئێمە ئەگەر زیندووە، بەگشتی باس دەکەم، هەر تەنیا باشوور نا، هۆکارێکی سەرەکی ئەوەیە کە درک بە جەنگی تایبەت دەکات، دەزانێت چۆن هەڵی وەشێنێتەوە. بێگومان لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئێمە چۆن بتوانین بەرەنگاری ئەو جەنگە ببینەوە؟ بێگومان تۆ ناتوانیت بەرەنگاری جەنگێک ببیتەوە ئەگەر نەیناسیت، ئەگەر ئامانجەکەی، ستراتیژییەکەی، شێواز، ئامراز و بوارەکانی جەنگی تایبەت نەناسین ناتوانین بەرەنگاری ببینەوە، دەبێت بیناسین و لێی تێبگەین، ناواخنی ئەو جەنگە بزانین و ئینجا میکانیزمی بەرەنگاریی ئەو جەنگە دابنێین؛ ئەوجا بەرەنگاری ببینەوە. لەبەر ئەو هۆکارانەی باسم کرد، ئەم مژارەمان بە گرنگ زانی. بێگومان ئەم بابەتە بۆ خۆی زۆر بەرفراوانە.
ماویەتی.....
|