ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
26/07/2024
99 جار خوێنراوەتەوە
عیراق چۆن بەهێز بووەوە؟!
لەدوای ساڵی 2003وە، ئەو موبادەرە و دەستپێشخەریانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەکران بۆ کەوتنەوەسەرپێی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی و لەسەروبەندی پێکهێنانی هەر کابینەیەکدا، هەموویان گرنگ و گەورەبوون و هەمیشە ئێمەی کورد شانازیمان پێوەدەکرد، بەڵام هیچیان وەرچەرخانێکی گەورەی نەکرد لە عیراقدا تا لەگێژاوی پێکدادانە هەمەچەشنەکەی و تیرۆر و رێکنەکەوتنی هێزە سیاسییەکان رزگاری بکات و بۆ هەمیشە بازدانی مێژوویی بکات و مێژوویەکی نوێ دەستپێبکات.
ئەو شانازییەشی کە پێشتر دەگوترا نمونەی پێشکەوتنی هەرێم ببرێتە ناوەڕاست و خوارووی عیراق، ئەمەش رووی نەدا، بەڵام کەچی ئێستا کاتێک سەیری عیراق و مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێم و هەندێک پرسی دیکە دەکەین، عیراق بەهێزتر و کاریگەرتر خۆی پیشان دەدات و بیانووی ئەوەی لەلایە هەم ئابووری و هەم هەم دەسەڵاتیش دژی هەرێم بەکاربهێنێت، ئەڵبەت بەهۆکاری بەشێک لەو گومانانەی هەرێم لەلای بەغدای دروستکردووە.
ئەوەی وایکرد روانگەی سیاسی و دەوڵەتداریی عیراقی تووشی راچڵەکینێکی گەورە و هەزەیەکی ناوخۆیی ببێتەوە و لەپڕ وەک عیراقێکی بەهێز دەربکەوێت بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان، بەپلەی یەکەم تەنها دوو شتە:
یەکەم : دەرکەوتنی داعش
دەرکەوتنی داعش ئەگەرچی لەهەندێک لایەنەوە رەنگە زیانی بە ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی و سەقافی عیراق دابێت، بەڵام لە رووی ئەمنیی و سیاسییەوە، خزمەتێکی گەورەی بە دەوڵەتی عیراق کرد، دەرکەوتنی داعش و مەترسیی دەستگرتن بەسەر موسڵ و داکشان بەرەو دڵی عیراق کە پایتەختە، دەسەڵاتی سیاسیی عیراقی تووشی بەئاگاهێنانەوەیەکی هەستیار و ورد کرد بۆ تەواوی هێز و لایەنە ناوخۆییەکانی عیراق کە خەونیان دابەشکردن و هەڵوەشاندنەوەی عیراق بوو بۆ سێ دەوڵەتی سوننی، کورد و شیعە، ئەم راچڵەکینە بۆ چەندان ساڵ عیراقی پێشخست و بەهێزی کرد "بەهاوکاریی سەرەکی هاوپەیمانان".
دووەم : ئەنجامدانی ریفراندۆم
تا ئەنجامدانی کردەی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان، هەرێمی کوردستان ئەوەندە بەهێز بوو، دەوڵەتێک بوو لەناو دەوڵەتی عیراقدا، دەسەڵاتێک بوو بەهێزتر و کاریگەرتر لە دەسەڵاتی ناوەند، بەڵام ریفراندۆم چونکە (پەستانی نەرێنی بوو لەسەر عیراق، ئەوا بووە مایەی دەرئەنجامێکی ئەرێنی) بۆ عیراقییەکان.
تا کردەی ریفراندۆم، عیراقییەکان هیچ بیانوویەکیان بەدەستەوەنەبوو هەرێم لەو هەڵکشانە خێرایە رابگرن کە ببووە نمونەیەکی جوان بۆ ناوچەکە، بەڵام ریفراندۆم ئەو فاقە (تەڵە) دانراوەبوو کە نەک عیراقییەکان پێوەی نەبوون و رازینەبوون بەو پەستانەی گوایە لە رێگەی ریفراندۆمەوە دەخرێتەسەریان، بەپێچەوانەوە خاوەن فاقە خۆی پێوەبوو و دەرئەنجام ئەم رووداوەش بەپێچەوانە شکایەوە و بەئێستاشەوە هەندێک عەرەبی شۆڤێنیی عیراقی، ئەم کردەیەی بیرنەچۆتەوە و پێیوایە کوردەکان هەمیشە لەئامادەباشیدان بۆ جیابوونەوە.
دەرچوونی عیراق لەم دوو بەرکەوتە ئامانجدارە ــ دەستکردە، ناوخۆییە ــ دەرەکییە، بکەرە ناوخۆییە ــ دەرەکییە، هێزێکی دەروونی هێندە گەورەی بە عیراقییەکان بە سوپا و دەسەڵاتەوە بەخشی، بووە مایەی بەهێزبوونەوەی عیراق و دوو دیارترین شانازین کە عیراقییەکانی ناو دەسەڵاتی 2014ی دەرکەوتنی داعش و 2017ی ریفراندۆم، هەمیشە شانازی پێوەبکەن.
هێزی پشت دەرکەوتەی داعش و ریفراندۆم، هەرکەس بووبێت و بۆ هەرچی بووبێت، سیناریۆکەی چووە خزمەت عیراقەوە، لە ریفراندۆمەوە تا ئێستا، ئەوەی ناوەند بەرامبەر هەرێم دەیکات لەدەرەوەی قانوون و یاسا، باجدانی ریفراندۆمە، چارەسەرەکەیشی ئەوەدەبێت جارێکیتر ئەم ریفراندۆمە لەمێشکماندا بسڕینەوە و عیراق بە قوڵایی ستراتیژی بزانین.
|