ئارام عەلی عەزیز
21/08/2024
146 جار خوێنراوەتەوە
پلانە تۆزاویەكەی سەر رەفەكەی ئیسرائیل
جەنگی چاوەڕوانكراوی نێوان ئیسرائیل و ئێران جەنگێكی ئیستیسنائیە، چونكە دوای شكستهێنانی تەواوی هەوڵە جیاوازەكانی پێشوی ئەمریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دێت.
شەپۆلی بەهاری عەرەبی كە ساڵی 2011 لە تونس و میسرەوە سەریهەڵدا لەماوەی چەند ساڵێكدا تەواوی ناوچەكەی گرتەوە و پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی جۆرج بوشی شكستپێهێنا، كە لە 2004 ەوە دوای رووخانی رژێمی سەدام بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتانی عەرەبی و ئێران و توركیا و ئەفغانستان و پاكستان لەژێر ناوی ریفۆرمی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی دەستی بەجێبەجێكردنی كردبوو. لەو بارەیەوە هیلاری كلنتۆن لەكتێبەكەیدا باس لەوەدەكات، ئەوان وەك بەشێكی جێبەجێكردنی پلانی دابەشكردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ئیخوانەكانی میسر رێككەوتبوون تا دەوڵەتی ئیسلامی لەسینا دابمەزرێنن و بیخەنە ژێر دەستی حەماس و، بەشێكی سینایش بدەن بەئیسرائیل و، حەلایب و شلاتینیش بخەنەسەر سودان، بۆ داننان بەو دەوڵەتە ئیسلامیەش هیلاری سەردانی 112 دەوڵەتی كردبوو، بەڵام وەكو خۆی باسی دەكات، بەشۆڕشێكی72سەعاتی، لە30 مانگی حوزەیران تا 3 ی مانگی تەمموز هەموو شتێك گۆڕاو (هەموو شتێك لەبەرچاوماندا، بەبێ هیچ ئینزارێك داڕما .... كارەساتێكی گەورە بوو...).
دوای ئەم شكستە، ئەمریكا و خۆرئاوا بەئامانجی گەڕاندنەوەی ناوچەكە بۆ ناو بازنەی دەسەڵاتی جارانیان، جەنگێكی گەورەیان لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرساند و گەلانی ناوچەكە و رەوتە ئایینەكانیان هێنایە بەرامبەر یەكتر و بەجەنگی وەكالەت و راستەوخۆ لەیەكتریان گیركردن، تەكتیكی هەرەبەرچاوی ئەو قۆناغەش لەسوریا و عیراق دا دامەزراندنی داعش بوو لە ساڵی 2013، وەكو ئالەتی دابەشكردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەماوەیەكی كورتدا دەوڵەتی خەلافەتی لەبەشێكی زۆری خاكی سوریا و عیراقدا دامەزراند، بەڵام زۆری نەبرد ئەویش هەڵوەشایەوە و سەری نەگرت. هیلاری كلنتۆن لەكتێبەكەیدا لەژێر ناوی « هەڵبژاردە قورسەكان» دان بەوەدا دەنێت، كە ئەمریكا بۆ دابەشكردنی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داعشی دروستكرد. دوناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوی ئەمریكاش ساڵی 2016 ئۆباما و هیلاری كلنتۆنی بەدامەزراندنی داعش تۆمەتبار كردبوو.
ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەساڵی 2015 لەرێگای ( 5+1 )ەوە لەگەڵ ئێران و، هەوڵی كودەتا شكستخواردوەكەی 15 ی تەمموزی ساڵی 2016 ی توركیاش، كە ئەمریكای لەپشت بوو، دوو كۆڵەكەی جێبەجێكردنی پرۆژەی دابەشكاریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوون.
بەو شێوەیە هەوڵە زۆر و جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا و خۆرئاوا بۆ دەستبەسەرداگرتنی وزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەرچاوەكانی دیجلە و فوراتەوە تا نیل شكستی خوارد. ئەمڕۆش عەولەمەی سەرمایەداریی وەكو كۆمۆنیستییەكەی سۆڤیەتی جاران بەرەو ماڵئاوایی هەنگاو دەنێت و لەنێوان هەردووكیشیاندا فكر و شارستانیەتی خۆرهەڵات بەهۆی بووژانەوەی سێیەمەوە دەبوژێتەوە، زاراوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێتەوە بەناوەڕاستی خۆرهەڵات، كە لەڕووی جیۆپۆلیتیكی ئاینییەوە چەقەكەی كوردستان و عیراقە، لەبەر ئەوەش ئەمریكا و ئیسرائیل جەنگێكی ئیستیسنائی ماڵوێرانكەر دوای حەوتی ئۆكتۆبەر و تۆفانی ئەقسا بەسەر هەموو لایەكدا دەسەپێنن، كە گۆڕەپانە سەرەكیەكەی سوریا و لوبنان و عیراق و توركیا و ئێران و دەوڵەتانی كەنداو دەبێت، بەڵام زەرەرمەندی یەكەم ئەوان و گەلانی ناوچەكەیش براوە دەبن.
|