×

کامەران عوسمان 24/08/2024 61 جار خوێنراوەتەوە

بەیاننامە و هەواڵی ئامادەکراو!

لە ساڵی 2018ەوە هەر کاتێک بۆردومانێک لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، چەند دامەزراوەیەکی دیاریکراوی ئەمنی، ئیداری و میدیایی وەکو ئەوەی پێشتر زانیارییان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا هەبێت، بە تەنیا چەند خولەکێک لە دوای بۆردومانەکە، ڕاگەیەندراو بڵاو دەکەنەوە و قوربانییەکان مەدەنیبن یاخود چەکدار، وەکو چەکدار پێناسیان دەکەن و تەنانەت هەندێک جار پۆستیش بۆ قوربانییەکان دادەتاشن و وەکو سەرکردەی پە-کە-کە ناویان دەهێنن.

لە 26ى 7ی 2019دا، دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی دلۆڤان شاهین پیشەی “کارکردن لە پێشانگای ئۆتۆمبێل” و عەبدوڵڵا عومەر پیشەی “پێشمەرگە” لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان باتیفا-سەرسنگ لە نزیک گوندی حەسەن پیرکا بە ئامانجگیران و شەهیدبوون. بەتەنیا ٢٥ خولەک لە دوای ڕووداوەکە، دەزگایەکی ئەمنی و دوو میدیای دیاری هەرێمی کوردستان، وایان بڵاوکردەوە کە هەردوو قوربانییەکە چەکداری پە-کە-کە بوون و تەنانەت گووتیان کە یەکێک لە قوربانییەکان سەرکردەیەکی ئەو حزبە بووە. ئەو کاتە دایکی شەهید دلۆڤان گووتی: “ناسۆری کوشتنی کوڕەکەم لەلایەک و تۆمەتبارکردنیشی بە ئەندامی پە-کە-کە لەلایەکی تر. وەک ئەوە وایە کە دوو جار کوڕەکەمیان کووشتبێت. جارێک بە جەستەیی کوشتیان و جارێکی تریش بە هەڵبەستنی تۆمەتی ئەندامبوون لە پە-کە-کە بیانوویان بۆ کوشتنەکەی هێناوەتەوە.”

لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی سەیدسادق‌یشدا، لە کاتێکدا هێشتا تەرمی قوربانییەکان لە ئۆتۆمبێلی بە ئامانجگیراودا نەهێندراونەتە دەرەوە و هەر دەسوتێن، دەزگایەکی ئەمنی دوور لە شوێنی ڕووداوەکە ڕاگەیاندراوێک بڵاو دەکاتەوە و نەک بەتەنیا کەسانی پێکراو لە ڕووداوەکە دەخاتە پاڵ پە-کە-کە بەڵکو یەکێکیان بە سەرکردەیەکی پە-کە-کە و دووانەکەی تریش بە خەڵکانی چەکداری ئەو حزبە پێناسە دەکات. گریمان هەموویان چەکداری پە-کە-کە بوون و لە ئاشکراکردنی ناسنامەکاندا پێکابیان، ئەی چۆن لە ماوەی ٤٥ خولەکدا دەزگایەکی ئەمنی کە ٣ کاتژمێرە ڕێ لە شوێنی ڕووداوەکە دوورە توانی دیاریبکات کە یەکێک لە کەسە پێکراوەکان، سەرکردەیەکی پە-کە-کە یە؟!

هەر سێ قوربانییەکەی ئەمڕۆ، کارمەندی دەزگایەکی میدیایین کە مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەکانی، کارکردن لەم میدیایانە بە قەدەغە دەزانن، بۆچی مۆڵەتی کارکردن بەم میدیایانە دەدەن؟! 

بەتەنیا لەم ساڵدا، پێنج ڕۆژنامەوانی کۆمپانیای چەتری تۆمار لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا بە ئامانجگیراون و سیانیان گیانیان سپاردووە و دوو ڕۆژنامەوانی تریش برینداربوون. لە ئێستادا هێرشەکانی تورکیا لە بەئامانجگرتنی گەریلاکانی پە-کە-کە و دواتریش هاوسۆزەکانیانەوە گەیشتۆتە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانان و دوور نیە لە مەودوا هەر کەسێک کە بە وشەیەکیش قسە و هەڵوێست لەسەر ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەرببڕێت بە ئامانجبگیرێت. بەڵام نیگەرانییە گەورەکە ئەوەیە، دەزگا ئەمنییەکانی ووڵات بەیاننامەیان ئامادەکرابێت و ڕاستەوخۆ لەدوای ڕووداوەکە، بێ  لەبەرچاوگرتنی پاراستنی تایبەتمەندی کەسی و هەست و سۆزی کەسوکار، قوربانییەکان بخەنە پاڵ گروپە هاوپەیوەندەکانی پە-کە-کە و بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی خەڵکانی مەدەنی بهێننەوە.

 

هەموو وتارەکانی کامەران عوسمان

سەرەکی