2   کاتژمێر پێش ئێستا 5190 جار خوێنراوەتەوە

ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌باره‌ى توركیاوه‌ هه‌ڵوێستى فه‌رمى ڕۆژئاواى كوردستانى ڕاگه‌یاند

ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌ریی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا(رۆژاڤا)، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیا بۆ ئیمراڵی، هه‌نگاوێكی گرنگ و مێژویی بو. ده‌شڵێت، پڕۆژه‌یه‌كی رونمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ سوریا، هه‌وڵه‌كانیشتمان بۆ چاره‌سه‌ر له‌دژی توركیا نین.

ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌ریی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا(رۆژاڤا)، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا بۆ ئیمراڵی و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان، هه‌نگاوێكی گرن و مێژوییه‌ و ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌رده‌وامبێت.

ئه‌و وتوشیه‌تی، "ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ لایه‌نێكی ده‌وڵه‌ت، ڕووبه‌ڕوو به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆو ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆزی كوردو پرسی دیموكراتیزه‌كردنی توركیا ده‌كات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، ئه‌م گفتوگۆیانه‌و پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری و سه‌ردانه‌كان، رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی و سیاسی بۆ دۆزی كوردو ئۆجه‌لانیش رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی گشتگیر بۆ كێشه‌ی كورد و رۆڵێكی سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش ده‌بینێت.

ئیلهام ئه‌حمه‌د هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌ توركیا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی له‌سه‌ر رۆژاڤا و ته‌واوی سوریا ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، ده‌زانین ئه‌نقه‌ره‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری رۆژاڤا ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی قوڵیش له‌ كێشه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی سوریاوه‌ گلاوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌نقه‌ره‌ رۆڵێكی ئه‌رێنی بگێڕێت بۆ چاره‌سه‌رێكی دیموكراسیانه‌ی ئه‌م كێشانه‌. جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، ئه‌و پڕۆسه‌ی ئاشتییه‌ی كه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئۆجه‌لان ناویه‌تی بۆ كۆتاییهێنان به‌ خه‌باتی چه‌كداری، گه‌ره‌نتین بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵانه‌.

ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئێمه‌ وه‌ك كوردانی رۆژاڤاو پێكهاته‌كانی دیكه‌ی سوریا، پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر و رونمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردو دامه‌زراندنی دیموكراسی له‌ سوریاو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌بوه‌، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ له‌ سوریا بۆ چاره‌سه‌ر له‌دژی توركیا نین. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه‌، پڕۆژه‌ی پێكه‌وه‌ژیانه‌و كۆتایی به‌ شه‌ڕ و سه‌رجه‌م ناكۆكی و دوژمنایه‌تییه‌كان له‌سوریا ده‌هێنێت و له‌جێگه‌ی سه‌قامگیری و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی ده‌هێنێته‌دی.

وتوشیه‌تی، ده‌كرێت بڵێین ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پارێزگاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات و به‌كورتی سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌مان ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی هاوهه‌ڵوێستی له‌نێوان كوردانی رۆژاڤا و گه‌لی توركیادا.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا هه‌نگاوێكی مێژوییه‌ و وه‌ك كوردانی رۆژاڤا به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه‌ پشتیوانی لێ ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، ئێمه‌ وه‌ك كوردانی رۆژاڤا سورین له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك بۆ چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ توركیا.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ میدیاكانی باسیان له‌وه‌ كردوه‌ ئۆجه‌لان له‌ نامه‌یه‌كی بۆ هه‌سه‌ده‌ داوای لێكردون چه‌ك دابنێن، ئیلهام ئه‌حمه‌د وتویه‌تی، چه‌كدانانی هه‌سه‌ده‌ پرسێك نییه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ هه‌سه‌ده‌ خۆیه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیشی به‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ر و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشی به‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و حكومه‌تی كاتیی دیمه‌شقیشه‌وه‌ هه‌یه‌.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، پڕۆسه‌ی تێكه‌ڵكردن سه‌ربازیی و سیاسی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كاتیی دیمه‌شق به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ نزیكین له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی جه‌وهه‌ری له‌وباره‌یه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا له‌ دانوستانداین له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كان.

  • له‌%80ى كاره‌باى هه‌رێمى كوردستان ده‌كوژێته‌وه‌

  • هەناردەی غاز بەتەواوی بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا

  • ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌باره‌ى توركیاوه‌ هه‌ڵوێستى فه‌رمى ڕۆژئاواى كوردستانى ڕاگه‌یاند

  • واده‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى جه‌نگێكى خوێناوى ئاشكراده‌كرێت

  • ئەفسەرێك بەپلەی عەقید دەستگیركرا

  • چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌باره‌ى ناكۆكیه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتیى چى وت؟

  • كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مانى توركیا بۆ ئاشكراكردنى په‌یامه‌كه‌ى ئۆجه‌لان دواخرا

  • له‌لاهاى باسى پرسى كورد ده‌كرێت

  • لە ژمارەی دانیشتواندا هەولێر پێش سلێمانی و هەڵەبجە کەوتەوە

سەرەکی