2025-07-16 159 جار خوێنراوەتەوە

بەشێک لە كۆمپانیاکان به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان لەکێڵگە نەوتییەکانی هه‌رێم ڕاگرت

ئیرادە میدیا

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمى کوردستان بەردەوامن و جارێکى دیکە بە درۆنى بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ (چوارشەممە 16ی تەمموز) هەردوو کێڵگەى نەوتى ( دى ئێن ئۆ) لە پیشخابوور و تاوکێ، کێڵگەى نەوتى هاند ئۆیڵى ئەمریکى لە باعەدرێ کرانە ئامانج و تا بەرپرسیارانى هێرشەکانیش نادیارن.

بەگوێرەى ڕاگەیەندراو زانیارییەکانى دژەتیرۆر لە هەولێر، هێرشەکان جگە لە زیانى ماددى، هیچ زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هێرشەکان بە تیرۆرستى ناودەبات و دەڵێت: مەبەست لێی لێدانی ژێرخانی ئابوری هەرێمیە و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتی کارمەندانی سڤیلی کەرتی وزە.

داواشیکردووە؛ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵ و کومەڵگەی نێودەوڵەتی، بە زووترین کات بێنە سەر خەت لەپێناو، پاراستنی گیانی کارمەندانی سڤیل و ئاسایشی وزە.

دواى هێرشە درۆنییەکانیش کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNOی نەرویجی ڕایگەیاند، بە شێوازی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور ڕاگرتووە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ تەقینەوە لەو دوو کێڵگەیە روویانداوە.

كۆمپانیاکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە یەکێک لە هێرشەکاندا کۆگایەکی نەوت لە تاوکێ کراوەتە ئامانج و لە کێڵگەی پیشخابووریش کۆگایەکی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان کراوەتە ئامانج.

لە ڕۆژى دووشەممەى ڕابردووەوە هێرشە درۆنیەکان بەچڕى بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامە و لە ماوەى دوو ڕۆژدا هەریەک لە کۆمپانیاکانى دى ئێن ئۆ، گەڵف کیستۆن، شاماران و HKN، کراونەتە ئامانج و ئەوانیش کارەکانیان بەکاتى ڕاگرتووە.

هاوکات، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكور، بەتوندی ئیدانەی هێرشەكانی دوێنێ و ئەمڕۆ بۆ سەر ئەو كێڵگە نەوتیانە دەكات كە لەلایەن ئەندامانی كۆمەڵەكەوە لە هەرێم بەڕێوەدەبرێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەپیکۆر، هێرشەکان هەڕەشەن بۆ سەر گیان و سەلامەتی كارمەندانی کۆمپانیاکان كە زۆرینەیان عێراقین، هەروەها زیانیان بە دامەزراوەكان گەیاندوە.

دەشڵێت، لەدوای هێرشەكان، زیانەكانی دامەزراوەكانی بەرهەمهێنان و كێڵگەكان هەڵدەسەنگێندرێن زۆربەی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، بەوانەشەوە كە نەكراونەتە ئامانج، بەرهەمێهانی نەوتیان ڕاگرتوە.

ئەپیكور داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ دەستبەركردنی سەلامەتی و ئاسایشی كارمەندان و دامەزراوەكانمان.

بەگوێرەى ئامارەکان لە ماوەى دوو هەفتەى ڕابردوودا زیاتر لە 10 هێرشکراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، هێرشەکانیش لە کاتێکدان، تا ئێستاش شوێنى هەڵدانى درۆن و موشەکەکان ئاشکرا نەکراون و هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیاریەتیى خۆى لە هێرشەکان ڕانەگەیاندووە.

  • دەقی ڕێکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا

  • نه‌وت و درۆن و موچه‌: سێكوچكه‌ى قه‌يران له‌ هه‌رێم

  • سوريا له‌به‌رده‌م گۆڕانكاريدايه‌؛سێ هه‌رێم و يه‌ك وڵات

  • هەرێمی کوردستان لە نێوان رادەستکردن نەوت بە بەغداد و تەقینەوەی ناوخۆیی

  • بەشێک لە كۆمپانیاکان به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان لەکێڵگە نەوتییەکانی هه‌رێم ڕاگرت

  • بەبێ باسکردنی مووچە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات

  • دروزه‌كان كێن و چييان له‌ سورياي نوێ ده‌وێت؟

  • دادگای فیدراڵی فەرمانێكى سالاریى بۆ موچەى هەرێم دەردەكات

  • ئیسرائیل پلانى هێرشێکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ سەر ئێران هەیە

سەرەکی