8 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
دەقی ڕێکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا
ئیرادە میدیا
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدادی پەسەندكرد، بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق سەرەتا موچەی مانگی پێنج خەرج بكات و دواتر موچەی مانگی شەش خەرج بكات.
ئەو ڕەشنوسەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی کرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی کراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی بووە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆبوونەوەکان بە دەزگای میدیایی"ئیرادە"ی وت، هەفتەى داهاتوو هەرێمی کوردستان داهاتى ناوخۆى مانگەکانى پێنج و شەش بۆ بەغدا دەنێرێت.
بە گوێرەی هەواڵی میدیای پارتی "جیاوازییەکی کەم کراوە لەڕەشنووسەکە و بۆ دوو مانگ بەردەوام دەبێت، دواتر لیژنەیەک دێتە هەرێمی کوردستان و بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە".
دوای پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە وەزارەتی دارایی عێراق موچەی مانگی "5-6" خەرج بكات و هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی "5-6" موچەی دابەشبكرێت،ڕێککەوتنی نێوان عیراق و هەرێم تا 31ی 12ی ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، لیژنەیەکی باڵای حکومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانیان دەگرنە بەر بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەشدا موچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت.
لە دوای 75 ڕۆژ لە گفتوگۆ و سەردانی کردنی تیمی هونەریی و وەزیر و کاربەدەستانی باڵای هەردوولا، دواتر لە دانیشتنی نائاسایی ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان هەردوولا ئەنجامدراوە.
ئەوە لە كاتێكدایە ماوەی 21 رۆژە گفتوگۆی چڕ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، دوای نزیكبوونەوەی نێوان هەردوولا گەیشتنە چەند خاڵێكی هاوبەش.
دەقی ڕیکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کەلەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خوێندرایەوە دەنگی لەسەردرا:
ئەم ڕێکەوتنە تا31-12-2025، کاری پێ دەکرێت بۆ ساڵی 2026 پێویستە ڕێکەوتنێکی نوێ بکرێت.
بەهیوای ئەوەی هەردوولا پابەند بن.
یەکەم: دۆسیەی رادەستکردنی نەوت:
1- حکومەتی هەرێمى کوردستان دەستبەجێ دەست بە رادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی دەکات بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بە مەبەستی هەناردەکردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵیش پابەند دەبێت بە پێدانی پێشینەیەک بە حکومەتی هەرێمى کوردستان بە بڕی 16 دۆلار (وەک کاڵا یان بە نەختینە) بۆ هەر بەرمیلێکی رادەستکراو بەپێی هەموارى یاسای بودجە، بە مەرجێک بڕی نەوتى وەرگیراو بۆ ئێستا رۆژانە لە 230 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، هەروەها هەر زیادبوونێک لە بەرهەمهێناندا هەبێت بۆى زیاد دەکرێت ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەکردنەوە، لە ئەگەری راوەستانی هەناردەکردنیش بە هەر هۆکارێک بێت، تەواوی بڕی ئاماژەپێکراوى نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکرێت.
روونکردنەوە: تەواوی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتى ئێستا بەپێی راپۆرتەکانی هەرێمى کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیلە، کە رۆژانە 50 هەزار بەرمیلی ئەو بڕە نەوتە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمى کوردستان تەرخان دەکرێت و 230 هەزار بەرمیلەکەى دیکە کە دەمێنێتەوە، لەگەڵ هەر زیادبوونێکى بەرهەمهێنان لە داهاتوودا، رادەستی کۆمپانیا سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن.
2- رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمى کوردستان تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمى کوردستان پابەند بێت بە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە، هەروەها داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دوای دەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن، دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵ.
لە ئەگەری ئەوەى هەرێمى کوردستان پێویستى بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕێک لە بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمى کوردستان دابین دەکات، بە شێوەیەک کە لە بەرهەمی پاڵاوتنی رۆژانەى 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو زیاتر نەبێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێداویستیی راستەقینەی هەرێمى کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان هەڵدەسەنگێنێت بە مەبەستی دەستەبەرکردنى، بە مەرجێک لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەکە راپۆرتی خۆی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.
دووەم: دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان:
1- حکومەتی هەرێمى کوردستان بڕی (120) ملیار دینار وەک گوژمەى یەکەمی خەمڵێنراو لە پشکی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئایار رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، بە مەرجێک دوای تەواوبوونی وردبینی بەپێی بڕگەی (2)ی خوارەوە پاکتاو بکرێت.
2- تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوورى و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان پێکدەهێنرێت، بەمەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی ئایاری 2025ەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی بەهای تێکڕای داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە کە لە راپۆرتە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێمى کوردستان هاتووە، لە کاتی کارابوونى یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە، پێویستە تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.
3- لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمى کوردستان پێکدەهێنرێت بۆ تەواوکردنی بەجێکردنى مووچە لە هەرێمى کوردستان بەپێی بڕیاری دادگەی باڵاى فیدراڵی، بە مەرجێک ئەرکەکەی لە ماوەیەکدا تەواو بکات کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت و لە کۆتایی ماوەی دیاریکراودا، پارەدارکردن تەنیا بۆ ئەو مووچانە دەبێت کە بەجێکراون.
4- تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوورى و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان پێکدەهێنرێت، بەمەبەستی دیاریکردنی بڕی تێپەڕاندن لە پشکی هەرێمى کوردستان لە خەرجیی کردەیی و چۆنێتیی چارەسەرکردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵانی (2023-2024-2025)، بە مەرجێک ئەو ماوەیە لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت و ئەو تیمە راپۆرتی خۆی پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات.
5- وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان بۆ مانگی ئایار دەکات وەک سەرەتایەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، دوای پشتراستکردنەوەى تەواوى نەوتى رادەستکراوى ئێستا کە لە بڕگەی یەکەمى رێککەوتنەکەدا هاتووە ( رۆژانە 230 هەزار بەرمیل) لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، بەوەى تەواوی بڕی نەوتی ئاماژەپێکراو لە بەندەری جەیهان بەپێی یاسا وەرگیراوە.
6- دەستپێکی ئەو ماوانەى کە لەم بڕیارانەدا ئاماژەیان پێکراوە لە رۆژى پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێدەکات.
-
دەقی ڕێکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا
|
-
نهوت و درۆن و موچه: سێكوچكهى قهيران له ههرێم
|
-
سوريا لهبهردهم گۆڕانكاريدايه؛سێ ههرێم و يهك وڵات
|
-
هەرێمی کوردستان لە نێوان رادەستکردن نەوت بە بەغداد و تەقینەوەی ناوخۆیی
|
-
بەشێک لە كۆمپانیاکان بهرههمهێنانی نهوتیان لەکێڵگە نەوتییەکانی ههرێم ڕاگرت
|
-
بەبێ باسکردنی مووچە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات
|
-
دروزهكان كێن و چييان له سورياي نوێ دهوێت؟
|
-
دادگای فیدراڵی فەرمانێكى سالاریى بۆ موچەى هەرێم دەردەكات
|
-
ئیسرائیل پلانى هێرشێکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ سەر ئێران هەیە
|
|
|