1 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون
ناوەندی هەواڵ
دەوترێت سەرمایە ترسنۆكە، ئەمە رێك پاش هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا دەركەوت، هەر لەگەڵ یەكەم درۆن و موشەكی ئێران بۆسەر ئیمارات و بە تایبەت دوبەی، خاوەنكارە دەوڵەمەندەكانی دوبەی پارەكانیان بۆ وڵاتانی دیكە گواستەوە و خۆشیان هەڵاتن، هەرزووش پشكی كۆمپانیاكان داڕمان.
دوو لە خاوەنكارە هیندییە دەوڵەمەندەكانی دوبەی، لەو رۆژەی جەنگەكە دەستیپێكرد، زیاتر لە 100 هەزار دۆلاریاندا بەس بۆئەوەی لە مەترسی رزگاریان بێت و بگەنە سەنگافورە، ئەوان بە رۆیتەرزیان وتووە دوای هەوڵێكی زۆریش پارەی هەژمارەكانیان گواستووەتەوە بۆ بانكێكی دیكە لە سەنگافورە.
بەوتەی راوێژكاران و پارێزەران، دەیان دەوڵەمەند و خاوەنكاری دیكە لە دوبەی ماڵ و سامانەكانیان گواستووەتەوە بۆ هۆنگ كۆنگ و سەنگافورە، ئەوەش لەكاتێكدایە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا سێبەرێكی ئارامی لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی نەهێشتووەتەوە و پێشبینی دەكرێت خاوەنكار و سەرمایەدارەكانی دیكەش هەمان هەنگاو بنێن.

جەنگ سەرنجڕاكێشیی وەبەرهێنان كەمدەكاتەوە
دوبەی ساڵانێكە بە یەكێك لە ناوەندە بازرگانیی و ئابوریەكانی جیهان ناودەبرێت، بەتایبەت بۆ خاوەنكار و خێزانە دەوڵەمەندەكانی ئاسیا، ئەویش بەهۆی سودوەرگرتن لە سیاسەتە گونجاوەكانی بۆ وەبەرهێنان و بازرگانیكردن.
جگە لەوەش لەگەڵ بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان و ژێرخانی خانوبەرە، دوبەی و ناوچەی كەنداو ببووە شوێنێكی سەرنجڕاكێش بۆ وەبەرهێنان و تەنانەت گەشتیاریش.
بەپێی راپۆرتێكی بانكی ناوەندی ئیمارات، كۆی گشتیی بەهای كەرتی دارایی و بانكی لە وڵاتەكە گەیشتووەتە زیاتر لە 5.42 ترلیۆن درهەم، كە دەكاتە زیاتر لە 1.48ترلیۆن دۆلار.
بەڵام ئێستا ئەو وەبەرهێنانە دارایی و سەرمایەیە داڕماوە، ئەویش بەهۆی هێرشەكان بۆسەر دوبەی بە تایبەت و بەشێوەیەكی گشتیش بۆسەر وڵاتانی كەنداو كە ئێران لە رێگەی درۆن و موشەكەوە ئەنجامی دەدات.

كەرتی خانوبەرە لە قەیراندایە
كەرتی خانوبەرە كە ساڵانێكە لە ئیمارات و وڵاتانی كەنداو گەشەیسەندووە، چووە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەوە، ئەمەش هەر لەگەڵ دەستپێكی كەوتنەخوارەوەی درۆن و موشەكەكانی ئێران كە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەنجامیاندەدات و كونسوڵخانە و شوێنی مانەوەی ئەمریكی و ئیسرائیلیەكان لەو وڵاتە دەكاتە ئامانج.
جاران كەنداو بۆ وەبەرهێن و خاوەنكارە بیانیەكان شوێنێكی ئارام بوو، بەڵام لەماوەیەكی كەمدا ئەو خەونەی وڵاتانی كەنداو كۆتایی پێهات و پێناچێت وازوو بیبیننەوە، بەتایبەتیش لە دوبەی و ئەبوزەبی كە دوو ناوەندی گرنگی ئابوری و بازرگانین لە كەنداو.
هێرشەكانی ئێران بۆسەر وڵاتانی كەنداو بەتایبەتیش دوبەی و ئەبوزەبی، بۆسەر فڕۆكەخانە و بەندەر و ناوچەكانی نیشتەجێبوون بوو، بەشێوەیەك زیانی بە ئابڕووی دارایی و ئابوری ئەو شوێنانە گەیاندووە و سەقامگیری تێكداون.
كڕیاری دەرەكیی بەشێكی سەرەكیی بوون لە مامەڵە دارایی و بازرگانیەكانی دوبەی، بەتایبەت لە كەرتی خانوبەرە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو ئەو یەكە نیشتەجێبوون و خانوبەرانەی هێشتا تەواویش نەببوون بە پارەیەكی خەیاڵی دەفرۆشران، بەڵام ئێستا ترسی سەرەكیی ئەوەیە هیچ خواستێكی لەسەر نەبێت وبەشێكی پرۆژەكانیش بە یەكجاری رابگیرێن.

پشكەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیون
لە رۆژی چوارشەممەی رابردوەوە كە هێرشەكان چڕبوونەتەوە، بەتایبەت لە دوبەی و ئەبوزەبی، گەورەترین كۆمپانیاكان وەبەرهێنان و خانوبەرە پشكەكانیان هاڕەی كردووە، تەنانەت ئەو كۆمپانیایەی بورجی خەلیفەی دروستكردووە پشكەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو بەهایان دابەزیوە.

-
ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون
|
-
سی پی تی ئەمریکی: تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم
|
-
حوسییەكان لە جەنگی ئێران تێوەگلاون؟
|
-
فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ملیارەها دۆلار خەرج كراوە درۆنێك نییە بەرگریی لەخۆمان پێبكەین
|
-
روسیا سودمەندی یەكەمی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل
|
-
پژاک داوای دروستکردنی کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی هەمەجۆر دەکات
|
-
ئایا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، هێزی زەمینی بەكاردهێنن لە ئێران؟
|
-
مووشەكێك پەیوەندیەكانی توركیا و ئێران بەرەو ئاڵۆزی دەبات
|
-
دەستێوەردانی ئەمریکا چارەنووسی حکومەت لە بەغدا دیاری دەکات
|
|
|
|