10   کاتژمێر پێش ئێستا 153 جار خوێنراوەتەوە

پژاک داوای دروستکردنی کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی هەمەجۆر دەکات

ئیرادە میدیا

دوای گرژییەکانی نێوان وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل و هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی یەکتر، پژاک داوا لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە لەم دۆخەدا کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی لە هەموو بوارەکاندا دروست بکەن و داواش لە گەنجان دەکات بەشداریی لە ڕیزەکانی گەریلا بکەن.

(پژاک)، لەچوارچێوەی ڕاگەیەندراوێکدا بانگەوازییەکی بەپەلەی بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.

دەقی بانگەوازییەکە بەمشێوەیەیە:

“بانگەواز بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گەلی نیشتیمانپەروەری کورد و هەموو گەلانی زاگرۆس


ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە بە مەیدانی شەڕێکی دژوار کە  دەرەنجامی سیاسەتە چەوت و دزێوەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژێمە لە لایەکەوە، ماوەی 47 ساڵە مافی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی لە گەلانی نێوخۆی ئێران زەوت کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە سەرچاوەی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی جیهان. لە ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا، ئەمڕۆ شەڕێک بەرۆکی حکومەتی ئێرانی گرتووە، کە لەسەر ژیان و هەروەها چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان پێدەچێت کە ئەو شەڕە مەودایەکی درێژتر بخایەنێت هەربۆیەش نرخاندنی کاریگەرییەکانی شەڕ و بەپێی ئەوەش ئامادەکاری چڕوپڕ پێویستە. دۆخێک لە ئارادایە کە هەڵگری کۆمەڵێک هەڕەشەی جیدی و لە هەمان کاتیشدا، دەرفەتی مێژووییە. لەو باوەڕەداین بە خۆ بەرپرسیار دیتن و پێکهێنانی ئەرکەکانمان دەتوانین دەرفەتەکان بقۆزینەوە، هەڕشەکان پووچەڵ بکەینەوە و هەروەها کاریگەری شەڕ لە سەر ژیانی کۆمەلگەکەمان کەمتر بکەینەوە. بۆ ئەمەش ئەم خاڵانە دیار دەکەین:

یەکەم: داوا لە سەرجەم گەلی خۆڕاگرمان دەکەین، ڕۆحی یەکڕیزی و تەبایی بکەنە هەوێنی هێز بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و هەنگاونان بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی. پێویستە بە چاوێکی کراوە و هۆشیارییەکی سیاسیی قووڵەوە هەنگاو بنێین، تا بتوانین بە کەمترین تێچوو، گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەین. یەکگرتنی پتەوی کۆمەڵایەتی، بەهانای یەکترەوە چوون و ڕۆحی هەرەوەزی و دەستەوایی کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگی کۆمەڵگای ڕەسەن و ئەخلاقی کوردە ڕەمزی خۆپاراستن و سەرکەتنمان دەبێت لەو قۆناغەدا. لە هەموو گووند و گەڕەکەکانی شارەکان دا بە سازکردنی کۆمیتەکانی بەڕێوەبەری خۆجێی، دابەشکردنی ئەرک لەناو هاونیشتیمان دا و ڕێکخستنی کۆمیتەگەلێک بۆ بابەتەکانی پاراستن، تەندرووستی و خزمەتگوزاری و هەروەها لۆجیستیک کۆمەڵگەی خۆمان لە بەرانبەر هەڕەشەکان و هەروەها کاریگەری شەڕ بپارێزین. کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات لە هەندێک شوێن گەلەکەمان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەبوون بکات. ئەوە بەشێکە لە سیاستی قڕکردن و پێویستە بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەرەنگاری ئەو سیاسەتە ببینەوە و خۆڕاگری بکەین. بە نەمانی دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی پێویست دەکات ئەڵتەرناتیڤی ئەو دەزگایانە بە شێوازی هەرێمی لە لایەن گەلەوە ساز بکرێن. دەتوانین نیشان بدەین کە پێویستیمان بە هەبوونی دەوڵەت و دەزگاکانی نییە و کۆمەڵگەی ئێمە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە. لە بەرانبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کۆمەڵگەی ئێمە بە چەمکی پاراستنی ڕەوا مافی خۆپاراستنی هەیە و سازکردنی کۆمیتەکانی تایبەت بە پاراستن پێویستییەکی ژیانییە. هەروەها بە وریایی تەواوەوە ڕێگر بین لە دزەکردنی بەکرێگیراوانی ڕژیم بۆ ناو کۆمەڵگە و سازمانی کۆمەڵایەتیمان و ئەو بەکرێگیراوانەی کە ناسراون هانیان بدەین پشت لە ڕژێم بکەن و خۆیان بسپێرنە  دەست لێبوردەیی گەل. بێگومان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، گەورەترین وزەی ئێمە دەبێت بۆ سەرکەوتن و پێویستە لە جاران زیاتر هەوڵەکانمان لەم پێناوەدا چڕ بکەینەوە. دروشممان ئەوەیە: چەندە کۆمەڵگەی یەکگرتوو ئەوەندە بەرخۆدان، چەندە بەرخۆدان ئەوەندە ئازادی.

دووەم: داوا لە تەواوی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە بەڕێوەببەن و ببنە قەڵغانی پاراستنی گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە پاکتاوکردنی گەل و لەناوبردنی ئازادیی نەتەوەکەمان دەکەن بە ئامانج. جەوانانی نیشتیمانپەروەر بە کوڕ و کچەوە بەرپرسیارانی سەرەکی بەڕێکخستنکردن، بەرزڕاگرتنی ئاستی ورە، بە سیاسیکردن و پاراستنی کۆمەڵگەی ئێمەن. هەربۆیەش هەموو جەوانان لە ئاستی ئامادەکاری و خۆپەروەردەکردندا خاوەن بەرپرسیاریەتین. جەوانان دەتوانن لە گرووپی بچووکدا خۆیان ڕێکبخەن و پەروەدە بکەن. هەروەها ئەو جەوانانەی کە دەیانەوێت لە ئاستی پسپۆری (حیرفەیی)ـدا لە بوارەکانی پاراستن و سیاسیدا پەروەدەی پێشکەوتووانە ببینن و وەکوو شۆڕشگێڕی پسپۆڕ خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن با پەیوەست بن بە ڕێزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان. پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی گەریلا، بەرزترین ئاستی هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و نیشانەی ئەمەکناسییە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگە.

سێیەم: بەهۆی ئەوەی کە هەموو ناوەندەکانی نیزامی و ئەمنی و سیخووڕی ڕژێم لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێن بە ئامانجی بۆمباران، داوا لە گەلەکەمان دەکەین خۆیان و بنەماڵەکانیان لەو ناوەندانە بە دوور بگرن. هەروەها هێزەکانی ڕژێم لە ترسی هێرشی ئاسمانی خۆیان لە مزگەوتەکان و خوێدنگاکاندا حەشار داوە. بەکارهێنانی خوێندنگە و مزگەوت بۆ مەبەستی نیزامی تاوانی دژە مرۆڤایەتییە و پێویستە گەلەکەمان ناڕەزایەتی خۆی لە داگیرکردنی ئەو شوێنانە دەرببڕێت. هەروەها خۆبە دوورگرتن لە هەموو شوێنەکانی خۆحەشاردانی هێزەکانی ڕژێم بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتیمانان بە پێویست دەزانین.

چوارەم: بانگ لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن ڕەنج و ئەمەگن لە تێکۆشانی پارتیمان دا و بە هەر هۆکارێک، لە ڕیزەکانی تەڤگەرەکەمان دابڕاون، یان پەیوەندیی ڕێکخستنیان نەماوە؛ لەم دۆخە هەستیارەدا، بۆ دووبارە جێگرتنەوەیان لە کار و خەباتدا، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتییمانەوە بکەن. باوەشی پژاک وەک هەمیشە بە ڕووی هەموو تێکۆشەراندا کراوەیە.

لە کۆتاییدا، جەخت دەکەینەوە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بۆ کەنارەکانی ئارامی و ئازادی، لە گرەوی تەبایی و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدایە.”

 

  • پژاک داوای دروستکردنی کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی هەمەجۆر دەکات

  • ئایا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، هێزی زەمینی بەكاردهێنن لە ئێران؟

  • مووشەكێك پەیوەندیەكانی توركیا و ئێران بەرەو ئاڵۆزی دەبات

  • دەستێوەردانی ئەمریکا چارەنووسی حکومەت لە بەغدا دیاری دەکات

  • حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریكا لەسەر چی رێككەوتوون؟

  • ​ترەمپ بۆچی پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە کردووە؟

  • "ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن"

  • ئاماری سێ رۆژی جەنگ لە ئێران لەنێوان خەڵكی سڤیل و هێزەكانی حكومەت

  • عەلی ڕەزا ئەعرافی لە سێبەری خامنەییەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات و چارەنووسێکی نادیار

سەرەکی